1182 شیوازی ژیان

یەکەم خانمە راگەیاندنکاری شاری کەرکوک

08:30 - 28/11/2019

"زەمەن"
 
خانمێکی راگەیاندنکار لە شاری کەرکوک، وەک یەکەمین ژنە راگەیاندنکار لەسەر ئاستی شارەکەیدا کە کاری پەیامنێری مەیدانیی کردووە، گلەیی لە دۆخی میدیای کوردی هەیە و دەڵێت تا ئیستا چەندین جار سیڤیم بردووە بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن، هەستم کردووە مەبەستێکی تریان هەبووە لە پشت وەرگرتنمەوە.

 بەناز عەبدولوەهاب سەعید ناسراو بە نازە سەعید، خەڵکی شاری کەرکوکە و لە ساڵی 2006 دەستی کردووە بە کاری راگەیاندن و لە چەند روژنامەیەکدا کاری کردووە، ئەمە وای کردووە وەک رۆژنامەوانێکی چالاک بناسرێت. 


ئەم خانمە راگەیاندنکارە ساڵی ٢٠١٣ لە کەناڵی ئاسمانیی کەرکوک، وەك یەکەم ژنە پەیامنێری مەیدانی دەستبەکار دەبێت، ئیستاش لە کەناڵی پەروەردەی سلێمانی پێشکەشکاری بەرنامەی (کتێبخانەکەم)ەو لە روژنامەی (صباح کوردستان)یش کاری رۆژنامەوانی دەکات.


 بەناز سەبارەت بە هۆکاری ئاشنابوونی بە کاری میدیایی بۆ زەمەن وتی: هۆکارەکەی تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەمتوانی بەردەوام بم لە خوێندن، بەڵام دوای ئەوەی بە قووڵی چوومە ناو بوارەکەوە، بینیم لە کەرکوک پەیامنێری کچمان نییە، ئیتر لەوێوە بووم بە یەکەم کچە پەیامنێر. 


نازە سەعید پێی وایە ئیستا روژنامە خوێنەری کەمە، بەڵام نایشارێتەوە ئەو روژنامەی زور خۆش دەوێت، هۆکاری ئەم خۆشەویستییەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە روژنامە یەکەم کاری ئەو بوو کە دەستی پێکرد، هاوکات کاریگەریی رۆژنامەش لەوەدا دەبینێتەوە کە نووسەران بە خەڵکی دەناسێنێت، ئەمەش وای کردووە ئەم خانمە وەک بڕوانامەیەک تەماشای رۆژنامە بکات.


 بەنازی راگەیەنداکار ئەزموونێکی ناخۆشی خۆی لە بواری میدیادا بۆ زەمەن دەگێڕێتەوە و دەڵێت: تا ئیستا چەندین جار سیڤیم بردووە بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن، تووشی شۆک بووم چونکە بە چاوێکی کەم سەیری راگەیاندنکاری ژن دەرکرێت، قبووڵ کراوم بەڵام بینیومە مەبەستێکی دیاریکراو لە پشت وەرگرتنەکەمەوە هەبووە، سەرباری ئەوەی موچەکەشی زۆر بووە، بەڵام نەمکردووە، بەداخەوە بۆ هەندێک لە دەزگاکان بەو چاوە سەیری ژنانی راگەیاندنکار دەکەن.


 ئەم خانمە پێی وایە هەر روژنامەنووسێک بیەوێت بە دروستیی کار بکات و پەیامی راستیی بگەیەنێت بە خەڵک، دەبێت زۆر بە متمانەوە لەو بوارەدا کار بکات و کۆڵ نەدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن