2451 ئابوری

بانکى ناوەندى لە بارەى ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە رونکردنەوە دەدات

06:46 - 08/11/2019

"زەمەن"

بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەنگۆى ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە لایەن بەغداوە بۆ ئەم مانگە دوورە لە راستییەوە.

عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان، بە دیجیتاڵ میدیاى"زەمەن"ى راگەیاند، بەغدا مانگانە لە دواى ١٥ى مانگەوە، بەشە بودجەى هەرێم بۆ موچەى فەرمانبەران رەوانە دەکات و ئەوانیش دەیخەنە سەر حسابى وەزارەتى دارایى و ئابورى.

وتیشى، ئەو دەنگۆیانەى کە باس لەوەدەکەن، بۆ ئەم مانگە بەغدا پێشتر موچەى فەرمانبەرانى ناردووە، دوورن لە راستییەوە و ئەم مانگە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نەنێردراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە بەغدا موچەى فەرمانەبەرانى هەرێمى بۆ ئەم مانگە ناردووە.

 

حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، مانگانە پێویستی بە 881 ملیار دینارە، لەو بڕە 453 ملیار دیناری حكومەتی عێراق دابینی دەكات و ئەوەی تریشی وەزارەتی سامانە سروشییەكانی هەرێمی كوردستان و لە داهاتی ناوخۆ خەرج دەكرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن