1535 شیوازی ژیان

چۆپی عەزیز: هونەرمەند مامۆستا نییە و کەسانی تر گوێگر بن

09:56 - 03/11/2019

"زەمەن"
 
ئەکتەری بواری دراما کوردییەکان چۆپی عەزیز لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ “زەمەن” باس لە ئەزموونی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت هەوڵدان و ركابەری  مرۆڤ بەرەو ئامانج و پێشكەوتن دەبات.

ئەم خانمە هونەرمەندە حەز و خولیای مرۆڤ بە یەکەم رێگە و یەکەم هەنگاو ی گەیشتن بە خەون و ئامانجەکان دەزانێت و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات هەوڵی خۆی و هاوکاریی خێزانەکەی ئەویان بەرەو دنیای هونەر ئاراستە کردووە و باس لەیەکەم کاری هونەریی خۆیشی دەکات کە شانۆگەریی (گۆڕستانێکی نوێ) بووە لەگەڵ تیپی نواندنی سلێمانیدا لە لایەن هونەرمەندی کۆچکردوو حسێن میسرییەوە کاری دەرهێنانی بۆ کرابوو.


چۆپی لە هەردوو بواری شانۆ و درامادا بەشداری کردووە، بۆیە وای بۆ دەچێت شانۆو دراما دوو هونەرى جياوازن و هەر یەکەیان ياساو رێسا و سەختی تایبەت بە خۆی هەیەو وتی: هونەرە بە هەموو جۆرەکانیەوە سەختە بەتایبەت شانۆ، چونکە بۆ گەیشتن بە کارەکتەرو  تێگەیشتن لە دەقەکە خوێندنەوەیەکی تایبەت وردبینیی دەوێت، شانۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی جەستەیی و رۆحییە لەگەڵ بینەردا، بەلام دراما رووبەرووبوونەوەیە لەگەڵ ئامێرێک کە پێی دەڵێن کامێرا، کەواتە دەتوانین یاری بە هەستەکانمان بکەین و چەندئین جار هەڵەی بەردەم کامێرا راست بکەینەوە تا دەگەین بە باشترین.


سەبارەت بەو گوتەیەی گوایە خانمە هونەرمەندەکان حەز بە سەرکەوتنی یەکتر ناکەن، چۆپی پێی وایە لە رواڵەتی هەموو مرۆڤێکدا وا بووە کە مرۆڤ سەرکەوتنەکانی پێش هەر کەسێک بۆ خۆی دەوێت، باس لەوەش دەکات هەوڵدان و رکابەری مرۆڤ بەرەو ئامانج و پێشکەوتن دەبات، ئەوەش رەت دەکاتەوە کە حەز بە سەرکەوتنی هاوڕکەی نەکات و دڵخۆش بێت بە شکستەکانی و باوەڕیش ناکات ئەو گوتەیە راست بێت کە خانمان حەز بە سەرکەوتنی یەکترنەکەن.  


بەلای ئەم خانمەوە هونەر دابڕاو نییە لە یەکەکانی تری کۆمەڵگە و دەڵێت: ناتوانرێت هونەر داببڕێنرێت لە واقیعی ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین، تەماشا بکە وێڕای هەموو ئەم قەیران و ماڵوێرانیانە کەچی هێشتا هونەر لە پێشکەوتندایە، بەتایبەت لە لایەن گەنجەکانمانەوە کە جالاکانە کار دەکەن.


نموونەی فێستیڤاڵی ساڵانەی شانۆ و سینەما دەهێنێتەوە کە چەندین بەرهەمی نوێیان تێدا پێشکەش دەکرێن و دەشڵێت: دەتوانین بڵێین سەرباری ئەم هەموو ئاستەنگیانەی لەبەردەم هونەردا دروست بووە دەتونرێت بشکێنرێت.


سەبارەت بە گرنگی خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردنی هونەرمەندان، چۆپی عەزیز وای بۆ دەچێت مەسەلەی خوێندەوە پەیوەندی بە هونەرمەند و دکتۆر و هەر تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگاوە نییە، چونکە بەلای ئەمەوە هونەرمەند مامۆستا نییە و کەسانی تر گوێگر، چۆپی وای بۆ دەچێت خوێندنەوە بۆ کۆی گشتی کۆمەڵگا پێویستە و بۆ رۆیشتنە لەگەڵ رۆژگار و دانەبڕانە لە دەوروبەر، بۆیە بۆ گشت تاکێ گرنگە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن