هەواڵ

شەڕ لــــە هەموو شوێنێ

10:27 - 29/10/2019 172 جار خوێندراوەتەوە

نوسینی: فاروق هۆمەر

 

لەگەڵ باوکم دەڕۆینە دەرەوە. من لەبەرخۆمەوە دەڵێم، تۆزێکی تر لەگەڵ باوکم دەرۆینە دەرەوە

دایکم وای پێگوتم، ئەو گوتی ئەم پاشنیوەڕۆیە باوکت لەگەڵ خۆیت دەباتە دەرەوە 

‘’بۆ کوێم دەبات دایکە’’

‘’ لە خۆی بپرسە پێت دەڵێ’’ باوکم وەک رۆژانی دی دڵی خۆش نییە، ئەوەتا لێی دەڕوانم و دەیبینم خەمگینییەکی زۆر قووڵ رووخساری داپۆشیوە. لەسەر کورسییەک دانیشتووە و هەردوو دەستی شۆڕکردوونەتەوە خوارێ و تەماشای ئاسمانی ژوورەکە دەکات، هەر بەوەش دەچێ لێرە نەبێ. بە شتێکەوە سەرقاڵە و خراپ رۆیوە، بۆچی وا وەڕس و تاڵ دەنوێنێ، نازانم. هەر کاتێک باوکم دڵی خۆش بێ ئەویش وەک من شوێن بە خۆی ناگرێ و هەر وەکو منداڵ بەناو ماڵەکەدا یاری دەکات، لەگەڵ من یاری دەکات، لەگەڵ دایکم قسەی خۆش دەکات و هەموو کاتەکانمان دەکات بە ئاسوودەییەکی نەبڕاوە. باوکم تەواو بەدبەختە، پەلوپۆ شکاو بۆ خۆی دانیشتووە و گەلێک خەمگینە، هیچ نایبینم لەبەر ئاوێنەکە لە خۆی بڕوانێ و بە شانە درێژەکەی دایکم، یان بە شانەکەی خۆی قژی دابێنێ. باوکم تۆزکاڵێک قژی بەسەرەوەیە و وەکو دایکم قژی زۆر نییە. من بۆ خۆم هەست دەکەم بێ قژیی ئەوی زۆر دەردار کردبێ، بەردەوام باسی قژی دەکات، بەردەوام دەستی پیادێنێ و لە ئاوێنەش لێی دەڕوانێ و هەمیشە خەون بە قژێکی زۆرەوە دەبینێ. ئەو کاتانەی دەست دەخاتە ناو قژی منەوە و بە هێواشی یاری پێ دەکات، پێموابێت ئیرەیی بە زۆری قژی من بەرێ. من پڕ بە دڵ حەزدەکەم تۆزێک لە قژی خۆمی بدەمێ و چاویشم لێی نییە و لای کەسیش باسی ناکەم، تەنانەت لای دایکیشم. من دەمێکە جلە کوردییە خورماییەکانم لەبەر کردووە و ئامادەم و لە داڵانەکە دەسوڕێمەوە. پێڵاوەکانیشم لەپێ کردووە و بەو ناوە دا راکە راکمە و خەریکی بزێویم. هەر لە خۆمەوە دەترسم باوکم پەشیمان بێتەوە و لەگەڵ خۆیم نەبات. پێمخۆش نییە باوکم پەشیمان بێتەوە و ئەمڕۆشم هەر لە ماڵەوە بەرمە سەر و بە شلۆقییەوە کاتەکانی خۆم تێپەڕێنم. باوکم هەر لە شوێنی خۆی دانیشتووە و خەیاڵی بۆ شوێنێکی دوور رۆیشتووە، هەر وەکو ئەوەی لێرەش نەبێ. زوو زوو دەچمە لایەوە و خۆمی نیشان دەدەم، دەمەوێ بزانێ من چاوەڕوانی ئەوم. کەچی ئاگای لێم نییە و منی بیرناکەوێتەوە. لەوە دەکات هەست بەبێ ئۆقرەیی و بێ ئارامیی من نەکات. دەچمە ژوورسەریەوە و دەکۆکم، قوڕگم پاک دەکەمەوە، هیچ تەواو بۆ شوێنێکی دی رۆیشتووە. نازانم چی بکەم بۆ ئەوەی بیگەڕێنمەوە بۆ ژوورێک کە ئەوی لێ دانیشتووە. نەک لەوە دەکات باوکم دەردەداربێ‌و بە شتێکەوە بناڵێ، سەد دەر سەد ئەو دەردەدارەو شتێک هەموو ئەندێشەی بەگیر هێناوەو نازانێ چۆن دەریبڕێ. دیارە هەست بە بوونی من ناکات. بۆ ئەوەی ئاوڕێک لە من بداتەوە، جارێکی دی دەکۆکم تا دڵنیا بێ من ئامادەم و خۆشم بە باشی گۆڕیوە و هیچم نەماوە تەنیا ئەو لە شوێنی خۆی بەرز بێتەوە و دەستم بگرێ و بمباتە دەرێ. کەمێک لە تەنیشتی دادەنیشم و ئیتر ددان بە خۆما ناگرم. جارێکی دی لە تەنیشتییەوە هەڵدەستم و دەچمە باوەشی دادەنیشم. ئەویش بە زۆر لەخۆکردنێکەوە دەستێکی دەهاوێژێتە سەر سەرم‌و یاری بە قژم دەکات. خەریکە پێی بڵێم، ئێ دە بەس دەست لە قژمەوە بە. نەخێر ناوێرم شتێکی وای پێ بڵێم و ددان بە خۆما دەگرم و قسەکانم لە ناو سنگما رادەگرم و بە خێرایی دەیگەڕێنمەوە شوێنی خۆی. من پڕ بە دڵ حەز دەکەم لە جێی ئەوەی یاری بە قژم بکات، لە شوێنی خۆی بەرزبێتەوە و جلەکانی بگۆڕێت و بچینە دەرەوە. لە باوەشی فرتە دەکەمە دەرەوە و دەستی لەسەر سەرم دەترازێ و دەکەوێتە خوارەوە. منیش جارێکی دی رادەکەمە داڵانەکە و دەرگاکە دەکەمەوە و دایدەخەمەوە. بەرەو دیوارەکە رادەکەم و قاچێکم بە هەموو هێزی خۆم دەکێشم بە دیوارەکەدا. تەماشایێکی دیوارەکە دەکەم و پێموایە لە دووی ئەو لەقە بەهێز و گوڕەی منەوە دیوار بڕمێ و بێتە خوارەوە، نەخێر هەر چاوەڕوانم و دیوار لە شوێنی خۆیەتی و ناڕمێ. ئاوڕێک دەدەمەوەو لەو شوێنە دەڕوانم کە باوکم لێی دانیشتووە، ئەو هەر لە شوێنی خۆیەتی. دیارە هیچ پەلەی نییە و هێشتاش هەستی پێ دەکەم خەیاڵی هەر لای خۆی نییە و بۆ شوێنێکی دی فڕیوە. حەجمینم لەبەر بڕاوە و نازانم چیبکەم. خۆم بەرز دەکەمەوە و هەردوو قاچم و هەردوو دەستم لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ ئاسمان و خۆم شل دەکەم جارێکی دی بکەونەوە خوارەوە. من لە جێی هەردوو قاچم، هەردوو دەستم دەخەمەوە سەر ئەرزەکە و ئەوجا قاچەکانم کەمێک لە ئاسمان رادەگرم و پاش تۆزێکی دی دەیهێنمەوە خوارێ. ئەو قسەیەی دایکم بەبیر خۆم دەهێنمەوە کەمێک لەمەوبەر بە گوێچکەی راستمیا چرپاند، تۆزێکی دی باوکت لەگەڵ خۆیت دەباتە دەرەوە. هەر ئەوەندەی گوت و هیچی دی، ئیتر نەیگوت بۆ کوێت دەبات و ئەو تۆزەش چەند دەخایەنێت. ئێ دەی بابزانم کەی ئەو بردنە دەرەوەیە دەست پێدەکات. ئێ خۆ من گاڵتەچی ئێوە نیم، کەڵکەڵەی شتێک دەخەنە سەرمەوە و دواتریش وام لێدەکەن کەڵکەڵە بە ئارەزووی خۆی بمخوات و وردورد بمخاتە سەرە خولێ. خەریکە هاوار بکەم و باوکم بانگ بکەم، دەی بابڕۆین من خەریکە بەدەست خاو و خلیچکی تۆوە دڵم بێتە دەرەوە. باوکم دەستی جووڵاند و کەمێک لە شوێنی خۆی جووڵایەوە. لەبەرخۆمەوە دەڵێم دەی لە شوێنی خۆشت بەرزبەرەوە. ئۆخەی بەرزبۆوە، ئەوەتا بیجامەکانی دادەکەنێت. هاهاها، دەرپێ کوڵە سپییەکەی دەرکەوت. قاچێکی هاویشتە ناو دەرلنگی پانتۆڵەکەی و هێند بە خێرایی رەتێکی برد خەریکبوو بکەوێ. من لای خۆمەوە بە باوکم پێدەکەنم، ئەویش وەکو من پانتۆڵ لەپێ دەکات. باوکم ورد ورد رازاوو منیش بە پەلە پێڵاوەکانی بۆ دەبەم و لەبەر دەرگای ژورەکەی بۆ دادەنێم. لە دڵی خۆما دەڵێم، فەرموو میری گەورەم، زۆر باش بوو وا خێرا رازای. ئەوەندە خێرا رازای هێندەی نەمابوو دیوارێک بڕمێنم و هەر چوار پەلی خۆشم وردوخاش بکەم. لەگەڵ باوکم دەچینە دەرێ. من زۆر دەمێکە چاوەڕوانی ئەو چوونە دەرەوەیەم، لە پێشی دەرگا رادەوەستم، لە پێشا ئەو بڕواتە دەرێ و من لە دوویەوە بڕۆم. ئەو سەر دەباتە دەرێ و سەیرێکی ئەملاولای کۆڵان دەکات، ئەوجا کە دڵنیا دەبێ بەتەواوی چۆڵە و کەسی لێ دیار نییە، دەڕواتە دەرەوە. من لە پشتییەوە راوەستاوم. دەزانم دەبێ ئێستا دەستێک بێنێ بە قژیا و سەری رێکبخاتەوە، کتومت وا دەکات‌و دەستێک بە قژیا دێنێ و ئەوجا دەڕوات. کەمێک دەڕوات و لە گۆشەی کۆڵان، لەبەردەم دارتێلێکەوە بە دەستی راستا پێچ دەکاتەوە. بەناو کۆڵانێکی پانوپۆڕا بەرەو چوارڕێیانی بەردەم قوتابخانەی کچانی ئامادەیی کوردستان دەچێتە سەرەوە. لەوێدا فولکەیێکی گەورە هەیە و هەمووی گوڵی لێ رواوە و چەند درەختێکی گەورەش سەریان لە بەرزایی ناوە. من دەستم دەخەمە ناو دەستی باوکمەوە و ئەویش دەستم دەگرێ. بەو شەقامەدا دەمبات بەرەو سەرەوە. لەبەردەممانەوە شاخێکی بەرز دەبینم، یەکپارچە شین دەکاتەوە. لە شوێنێک بە دەستی راستا پێچ دەکاتەوەو بەرەو گۆڕستان دەڕوات. هێند نابات دەستی من بەرەڵا دەکات و لەسەر گۆڕێک رادەوەستێت. من لێیدەڕوانم باوکم لەبەر خۆیەوە شتێک دەڵێ و ئەوجا دەستێک بە چەناگەیدا دەهێنێت و دەست دەکات بە گریان. جارێکی دی باوکم دەگری. من دەڵێم’’باوکە ئێرە کوێیە؟ بۆچی لێرەدا ئاوا بە کوڵ دەگریت؟’’ 
ئەو بەبێ ئەوەی لە من بڕوانێ دەڵێ’’ ئێرە سەر گۆڕی داپیرەتە’’ 

‘’داپیرەم چی دەکات لێرە؟’’ 
‘’داپیرەت لێرە مردووە’’ 
 “ئیتر جارێکی تر هەڵناسێتەوە؟” 

باوکم وەڵامم ناداتەوە. ئیتر تێدەگەم باوکم منی بۆ گۆڕستان هێناوە. دیارە هەموو ئەوانەی دەمرن دەیانهێنن بۆ ئێرە. لە شوێنێک لە پایین یان لە سەرینی داپیرەمەوە دادەنیشم و دەست دەخەمە ناو خۆڵەکەوە. سەرێک هەڵدەبڕم و هەمان خەمگینی دەبینم گەڕاوەتەوە بۆ سەر رووخساری باوکم. ئەوجا دەزانم ئەمڕۆ بە درێژایی رۆژەکە باوکم خەمگینی داپیرە بووە و بیری لەو کردۆتەوە. بە ئەندێشە داپیرەی هێناوەتەوە ناو ماڵەکە و لەگەڵی ژیاوە. من ناهەقی ناگرم، ئەو چی دی بێ دایک و باوکە و من هەردووکیانم هەیە. ئەو دایکی لێرە لە گۆڕستان راکشاوە و دایکی منیش لە ماڵەوەیە. من بۆ دایکم خەمگین نابم، چونکە دەتوانم هەمیشە بیبینم.

‘’باوکە، داپیرە بۆ لێرەیە’’
‘’ئەو مردووە’’
‘’مردن چییە؟’’ 
‘’مردن کۆتایی ژیانە’’ 

من تێناگەم، لە هیج شتێکیان تێناگەم. نە لە ژیان خۆی، نە لەمردنیش کە لە دوای ژیانەوە دێ، بەڵام دەزانم ژیان لەمردن خۆشترە. هەر هیچ نەبێ لەناو ژیاندا دەتوانین بجووڵێین و یاری بکەین و بەئارەزووی خۆشم لەقە لە دیوارەکان بدەم. باوکم دەڵێ’’هەستە با بڕۆین’’ 
‘’بۆ کوێ بچین، باوکە’’
‘’دەچینەوە ماڵێ’’

لەبەرخۆمەوە دەڵێم، هەر ئەوەندە. ئەوە هەموو هاتنە دەرەوەکەمان بوو لە ماڵەوە بۆ گۆڕستان و دواتر لە گۆڕستان بۆ ماڵەوە. باوکم هەموو ژیانی هەر ئەوەندەیە، ماڵ و کار و کار و ماڵ. ئیدی مل دەدەم بە ئارەزووی باوکم و دەڕۆین. لە گۆڕستان دێینە خوارێ، بەناو گۆڕەکانا هێواش هێواش دەڕۆین. باوکم زوو زوو دەڵێ، وریابە پێیەکانت نەنێی بەسەر مردووەکاندا. منیش تەماشای بەرپێی خۆم دەکەم و هەوڵ دەدەم قاچەکانم لەو شوێنانە دانێم کە مردووەکانی لێ نییە. لە خوارەوە ئاوڕێک لە گۆڕستان دەدەمەوە و تەماشای ئەو هەموو مردووە دەکەم کە لەوێ بە ئارامییەوە راکشاون. بیر لەوە دەکەمەوە رۆژێک ئەم گردە ئەوەندە فراوان دەبێت، ببێ بە شارێک. گۆڕستانەکە باوەش بە سلێمانیا دەکات و لەناو خۆیا دەیشارێتەوە. هەر کاتێک مردن لە دووی ژیانەوە بێت، ئیدی مردن شوێنێکی فراوانی دەوێ. شوێنێک کە جێی هەموانی لێ بێتەوە. من لە دووی باوکمەوە دەڕۆم و لە هەموو شتێکی دونیا ورد دەبمەوە. لە کۆڵان و درەخت و خانووەکان، لە ئاسمان و ئەو شیناییە جوانەی کە خەریکە تاریک بکات و بە هێواشی نەمێنێت. لە هەموو شتێک دەڕوانم، تەنانەت لەو مریشک و قاز و مراوییانەش، کە وەکو ئێمە ئەوانیش نزیکی ماڵەکان پیاسە دەکەن و دەنووک لە ئەرزەکە دەدەن. لەپڕ شڵەژانێک دروست دەبێ، باوکم بە خێرایی رادەکات و من دەکاتە باوەش. دەرگاکان بە پەلە دادەخرێنەوە. هەرچی ئەو خەڵکەی لێرەو لەوێ بوون لەبەرچاوم دیار نامێنن. ئیدی دەزانم شتێکی خراپ روودەدات. باوکم من دەبات و لە تەنیشتی ماڵێک دامدەنێت و دەستی دەبات دەسڕێک لە گیرفانی دەردەهێنێ و دەمووچاوی پێ وشک دەکاتەوە. هەردوکمان پاڵمان بە دیوارێکەوە داوەتەوە. گوێ رادەگرم و بە روونی گوێم لە دەنگی گووللەیە. باوکم لەسەری کۆڵانێکەوە سەرەتارکێیەک دەکات و بە خێرایی بەرەو کۆڵانێکی دیم دەبات و جارێکی دیش لەوێدا هەردووکمان خۆمان دەشارینەوە. دەنگی گوللە دێت و بۆ تاوێک بەردەوام دەبێت. من سەرم لە هیچ دەرناچێت و نازانم ئەو گوللانە بۆ دەتەقێنرێن. باوکم خراپ شڵەژاوە و رەنگی تاریک هەڵگەڕاوە. زوو زوو بە دەسڕەکەی دەستی ئارەقەی ناوچەوان و لاملی وشک دەکاتەوە. لە کۆڵانێک بۆ کۆڵانێکی دی بە راکردن هەڵدێین و لەژێر گوێسوانەو دەمی قاپی و دیوارەکان خۆمان دەشارینەوە. لەسەرێکیشەوە حەزم لەو راکەڕاک و خۆشاردنەوەیەش هەیە، هەر دەڵێی لەگەڵ باوکم یاریی خۆشاردنەوە و هەڵاتن دەکەین. زیاتر هەست بە گەرمیی و نەرمیی باوکم دەکەم، تووند دەستی گرتووم و لەگەڵ خۆیم دەبات و دەیەوێت لە گوللەکان رزگارم بکات. گوللە دەنگی هەر دێت و شریقەی رەق و تیژ و ناخۆش گوێچکە و گیانم لەگەڵ خۆی رادەچڵەکێنێ. 

‘’باوکە ئەوە چی بووە؟’’ 
‘’شەڕە’’ 
‘’شەڕی چی؟’’ 

“جەلالی و مەلایی، هەمدیسان پەلاماری یەک دەدەن” باوکم بۆینباخەکەی شل دەکاتەوە و قۆپچەی سەرەوەی کراسەکەی دەکاتەوە. باوکم زۆر بە خراپی شڵەژاوە و ئارەقەی لێدەچۆڕێت. دەسڕەکەشی تەواو تەڕ بووە و ئاوی لێ دەتکێتەوە. من زۆر بەزەییم بە باوکما دێتەوە. هەستدەکەم ئەو پێی خۆش نییە لەم شارە بێت و پڕ بە دڵ حەز دەکات من و دایکیشم و خۆشی بۆ دونیایێک بەرێ، کە پڕی بێ لە ئارامی.

‘’باوکە جەلالی و مەلایی کێن؟’’
“ئەو سەگ و گورگانەن، لەسەر پارچە ئێسقانێک شەڕ دەکەن” 
‘’ناکرێ شەڕ نەکەن’’ 

گووللە دەنگی نابڕێتەوە، دەنگی پڕ لە رەقی و تیژی هەر دێت و تا دێش زیاد دەکات، ئێمەش کۆڵانەو کۆڵان بەرەو ماڵەوە دەگەڕێینەوە. هەستم نەکرد ئەو هەموو کۆڵان و رێگە دوورەمان بڕیبێت. زۆر زوو گەیشتینە گۆڕستان و کەچی رێی ماڵەوەمان لێ بوو بە رێی هاتونەهات. هەست بە باوکم دەکەم دەیەوێت بگری و خۆی، راگرتووە. باوکم ناترسێ بەڵام لە هەموو شتێک بێزارە. لەو شەڕەی (جەلالی و مەلایی) کە لە شوێنێکەوە دەستی پێکردووە و بڕانەوەی نییە. باوکم دەڵێ “پێش ئەوەی تۆ لە دایک بیت، جەلالی و مەلایی شەڕ دەکەن و کەسیش نازانێ کۆتایی ئەو شەڕە بەرەو کوێ دەڕوات”. من خەریکە ئیدی لە منداڵی خۆم وەڕس دەبم، لە منداڵییەک لەناو شەڕا درێژ دەبێتەوە، شەڕێک لەسەر پارچە ئێسقانێک. من بە دەستی باوکمەوە لە پەناو پەسێو و ژێر گوێسوانەی دیوارەکان هەر رادەکێشرێم و خۆشم نازانم بۆچی ئەو هەموو هەرایە روودەدات. دەگەینەوە بەر دەرگای ماڵەوە. من بە خۆم دەڵێم، بریا هەر نەهاتینایەتە دەرێ. من لەتاو شەڕی ماڵەوە دەمویست بێمە دەرێ و ئیستا شەڕ لە دەرەوەشە. باوکم دەرگای ماڵەوە دەکاتەوە و دەمباتە ژورێ. بە خێرایی دەرگاکە دادەخاتەوە. دەنگی داخستنی دەرگاکە خۆشییەک دەخاتە دڵی باوکمەوە. هەناسەبڕکێ خەریکە هەردووکمان دادەڕزێنێ. دایکم بە پەلە لە ژوورەوە دێتە دەرێ و لە هەردووکمان دەڕوانێ. دیارە پێیخۆشە بە سەلامەتی گەڕاوینەتەوە ماڵێ. باوکم چاکەتەی دادەکەنێ و بە تووڕەییەوە فڕێی دەدات بۆ ناو ژورەکە. من لە داڵانەکەوە دەڕوانمە دەرگا داخراوەکە. لە دەرەوە دەنگی گووللە دێت و شەڕ بەردەوامە. من بە خۆم دەڵێم حەز ناکەم لەم شارە بژیم. شارێک کە پڕی گووللەیە و جەلالی و مەلاییەکان، لە دەرەوە لەسەر پارچە ئیسقانێک شەڕیانە و وەک سەگ بە یەکا هەڵدەشاخێن. تەماشای دەرگاکە دەکەمەوە و لەناو ئەو شەڕە نەبڕاوەیەدا جارێکی دی بە هەموو هێزی خۆمەوە، لەقەیێک دەکێشم بە دیوارەکەدا و لێی دەڕوانم بزانم دیوار دێتە خوارێ یان نا. دیوار هەر لە شوێنی خۆیەتی. بیر لە گۆڕستانەکە دەکەمەوە و بە خۆم دەڵێم “گۆڕستان تا دێ هەر فراوان دەبێ و دێتە خوارێ و بە هێواشی باوەش بە سلێمانیدا دەکات و تووند دەیگرێ بە سنگییەوە”. گۆڕستان باوەش بە جەلالی و مەلاییەکاندا دەکات و تووند لە باوەشیان دەنێ و لەناو خۆیدا دەیانشارێتەوە. جارێکی دی تەماشای دەرگای داخراو دەکەمەوە و شارێکی چۆڵوهۆڵ دەهێنمە ناو ئەندێشەی خۆمەوە و گوێم لێیە شەڕ لە دەرەوە هەر بەردەوامە.

ئەم بابەتە لە ژمارە ١٩ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن