516وتار

وەزارەتی‌ پەروەردە لەنێوان نوێگەریی‌‌و قەیرانی‌ داراییدا

1/15/2019 11:58:00 AM
بەرهەم مستەفا

وەزارەتی‌ پەروەردە یەكێكە لە وەزارەتە هەستیارەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان و پەیوەندییەكی‌ كاریگەرو دانەبڕاوی هەیە لەگەڵ تاك بەتاكی‌ كۆمەڵگەدا، جا ئەم پەیوەندییە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، ئەمە وێڕای‌ ئەوەی‌ پێوانەیەكە بۆ ئاستی‌ گەشەی‌ هەر وڵاتێك‌و پێشكەوتنەكانی‌، لەبەرامبەریشدا ئاستی‌ زانست‌و پەروەردە‌و فێركردن هەمیشە پێویستی‌ بە نوێگەریی‌و هەنگاوی جدیی هەیە تا لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی‌ سەردەم بڕوات‌و دانەبڕێت لە ڕەوڕەوەی‌ بەردەوامی‌ داهێنانەكان‌و توانای‌ هەبێت كادری‌ سەركەوتوو بە گەل‌و وڵات ببەخشێت.


هەڵبەتە وێڕای‌ ئەوەی‌ كە دەبێت دەسەڵاتی‌ كوردی‌ گرنگی‌ تەواو بدات بەم كەرتە، لەبەرامبەریشدا دوو لایەنی‌ سەرەكی‌و گرنگ هۆكاری‌ پێشخستن‌و گەشەكردنی‌ كەرتی‌ پەروەردەن.
یەكەم: كەرتی‌ پەروەردە بەردەوام پێویستی‌ بە نوێبوونەوەو بە كەسانی‌ خاوەن ئەزموون‌و شارەزا هەیە، لەگەڵ كردنەوەی‌ دەرگا بەڕووی‌ گەنجاندا، نەك بە كەسانێك بە مێشكێكی‌ سواو و بیركردنەوەیەكی‌ قەتیسبووی‌ ساڵانێك كە تازەگەری‌ لەسەر دەستیان روونادات. واتە هەیكەلی‌ وەزارەتی‌ پەروەردە پێویستە سەرلەنوێ‌ دابڕێژرێتەوە، ئەمەش مانای‌ ئەوە نیە هەركارێك پێشووتر ئەنجامدرابێت كەڕەتی‌ سفر بكرێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەبێت كارەكانی‌ ئەو ستافەی‌ پێشوو بەرز رابگیرێت، چونكە ئەوەی‌ لە ساڵانی‌ رابردوو لەلایەن ستافی پێشوو كراوە باش یان خراپ ئەوەندە لەهەگبەكەیدا هەبووە، بەڵام لەئەگەری پێدانەچوونەوە بەم دامەزراوەدا، ئەوا بڕوای‌ تەواوم هەیە كە هیچ تازەگەرییەك روونادات، ئەوەشی‌ دەكرێت دووبارە جوانكارییەكی‌ كاتیە لە رێنماییەكان، ئەمە مانای‌ بێبایەخكردنی‌ هیلاكی‌و ماندوبونی‌ خەڵكانێك نیە، ئەوەندەی‌ مەبەستمە بڵێم دەبێت رێگە بەئەقڵێكی‌ كراوەو نوێ‌ بدەین، بۆ جێبەجێكردنی‌ ئەم خاڵەش ئەركی‌ وەزیری‌ داهاتووی پەروەردەیە بە وردی‌ لەم مەسەلە بڕوانێت‌و دور لە هەر موجامەلەیەكی‌ شەخصی‌و حیزبی‌ هەوڵبدات ئەو گۆڕانكارییە لەناو وەزارەتەكەی‌ ئەنجامبدات، كە زیاتر لەنێو دیوانی‌ وەزارەت‌و بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌و تا دەگاتە راوێژكارەكان پێویستە خەمی‌ سەرەكی‌ وەزارەت بێت‌و نەگەڕێتەوە بۆ راگرتنی‌ دڵی‌ ئەم‌و رازیكردنی‌ دڵی‌ ئەو.


دووەم: لایەنی داراییە، كە هۆكاری‌ سەرخستنی‌ ئەم كاروانەیە، لەكابینەی‌ پێشوودا، كە ئەم قەیرانە دەركەوت، هەمیشە وەزیری‌ پەروەردە‌و شارەزایان پێیانوابوو ئەو بودجەیەی‌ بۆ وەزارەتی‌ پەروەردە دانراوە كەمەو پێویستە پەرلەمان‌و حكومەت ئەمە لەبەرچاو بگرن‌و بودجە بەشێوەیەك زیاد بكرێت تا لەگەڵ خواستەكانی‌ پەروەردەو گرنگی‌‌و هەستیاری‌ ئەم كەرتەدا بگونجێت، لەگەڵ ئەو كەموكوڕییانەی‌ بوونیان هەیە چارەسەر بكرێن‌و چیتر هێندە ساڵانە دووبارە نەبنەوە. بەڵام بەداخەوە لەماوەی‌ ساڵانی‌ كابینەی‌ هەشتەم ئەم راستیە لەبەرچاو نەگیرا.


ئێستاش ئەركی‌ وەزیری‌ نوێ‌‌و كابینەی‌ داهاتووە لەگەڵ هەبوونی‌ قەیرانی‌ دارایی، بەوەی‌ ناتوانێت ئەو بەشەی‌ بە لایەنی‌ دارایی‌ چارەسەر دەبێت، هەر لە چاپكردنی‌ كتێب‌و كردنەوەی‌ قوتابخانەو باشتركردنی‌ ژیانی‌ كارمەندان‌و گۆڕینی‌ میتۆدو دابینكردنی‌ پێداویستیەكانی‌ تاقیگەو ئاسانكاری‌ بۆ ژیانی‌ خوێندكاران‌و قوتابیانی‌ گوندنشینان‌و جێبەجێكردنی‌ ناوەرۆكی‌ كۆنگرەی‌ پەروەردەیی‌ ئەگەر لەكاتێكدا بەسترا، تا دەگاتە دابینكردنی‌ خولی‌ بەهێزكردنی‌ ئاستی‌ زانستی‌ مامۆستایان‌و باشتركردنی‌ ژیانیان‌و كێشەی‌ هەمیشەیی‌ میلاك‌و دامەزراندن.


هەربۆیە دەبێت لایەنی دارایی خەمی‌ وەزارەت بێت‌و فشارەكانی بۆ سەر حكومەت‌و پەرلەمان  زیاتر بكات، تا پەروەردە بەشێوەیەكی‌ چەقبەستوو نەمێنێتەوەو ئەركی‌ تەنیا دەركردنی‌ رێنمایی‌ بێت‌و كاریگەری‌ نەبێت لەسەر پێشكەوتنی‌ پەروەردە! لێرەدا گرنگە ئەو كەسەی دەبێتە وەزیری پەروەردە، بۆئەوەی‌ وەزارەتەكەی‌ سەركەوتنی‌ بەرچاوی‌ پێوە دیار بێت، ئەوا  هەقە ئەم دوو لایەنە لەبەرچاوبگرێت، هیچ یەك لەو دوو لایەنەی‌ ئاماژەم پێداوە پێشكەوتن لەكەرتی‌ پەروەردەدا بەدی‌ ناهێنێت، ئەگەر لایەنێكیان فەرامۆش بكرێت، بۆ ئەمەش بڕیارو پێداچوونەوەیەكی‌ بوێرانەی‌ گەرەكە تا وەزارەتێكی‌ نمونەیی‌ بەدیبێت، دەنا وەزارەتی پەروەردە بەپشت كردنە ئەو دوو بوارە، ئەوا دەچێتە سوڕی‌ متبوونەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن