یەكێتی مامۆستایان لەناو قەیراندا
11/7/2019 4:49:00 PM
بەرهەم مستەفا
بەرهەم مستەفا
ڕێكخراوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وەك هەر دەزگایەكی تر، جا حكومی بێت یان ناحكومی كۆمەڵێ بەربەست و قەیران ڕووبەڕووی بوەوە، كە باس لە قەیران دەكرێت مەفهومێكە زیاتر لەبواری دارایی وەدەردەكەوێت، بەڵام دیوەكانی تری خۆی دەبینێتەوە لە قەیرانی ئاشتی كۆمەڵایەتییو سیاسیو ناوچەییو حیزبی ....هتد.
هەڵبەتە دەبوو هەڵبژاردنی ئەم ڕێكخراوە بەپێی یاساو دەستورەكەی چوارساڵ جارێك پرۆسەی دەنگدان جێبەجێ بكاتو دواتریش هەنگاو بەرەو كۆنگرە بنێت. ئەو پرسە دەبوو ساڵی ۲۰۱٦ ئەنجام بدرایە، بەڵام نەكرا، بەهۆی كۆمەڵێك كۆسپو رێگرییەوە.
۱ـ سەرهەڵدانی كێشەی داراییو سەپاندنی چارەكە مووچە بەسەر فەرمانبەرانو مامۆستایان بەناوی پاشەكەوتەوە كەخودی مامۆستاو ڕێكخراوەكە بێبەشنەبوون لەم قەیرانە. ئەوەی زیاتر ئەم دۆخەی قورستر کرد لەسەر ڕێكخراوەكە لە كۆنگرەی دوانزەهەمینی ساڵی ۲۰۱۱ بوو، كە بڕیاردرا ئەندامبوون بكرێتە ئارەزوومەندانە بەمەش جیاواز لەڕابردوو كەسەرجەم مامۆستایان ئەندامبونو بڕی ئابونەكەش ڕاستەوخۆ لە مووچەكەی دەبڕدراو دەچووە سەر حساب بانكیەك بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بێگومان بەمشێوەیە ڕێكخراوەكە ڕووبەڕوی قەیرانی دارایی نەدەبووەوە، بەڵام ئێستا سەرجەم مامۆستایان ئەندام نینو بڕی ئابوونەش دەبێت خودی مامۆستا لەڕێگەی لقەكانەوە بیدات، كەئەمەش كاریگەری نەرێنی دروستكردوە لە ڕووی بودجەی ڕێكخراوەكە.
۲ـ نەبونی ئاشتی كۆمەڵایەتییو سەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی بەسەر پەرلەمانو دەرئەنجام داخستنی پەرلەمان وەك دەسەڵاتێكی باڵای یاسادانان كە ڕێكخراوەكە پێویستی بەم دەزگایە هەبوو، بۆ پێداچونەوەی یاساییو بەڕێوەچوونی كارەكانی، ئەمە وێڕای تێكچونی ئاشتی كۆمەڵایەتیی بۆ ماوەی دووساڵ كە ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆی جومگەكانی هەرێم هەبوو. كاتێك دەڵێین ئاشتی كۆمەڵایەتی ڕەنگدانەوەی ململانێی سیاسییو تێكچوونی پەیوەندی لایەنەكان ئەوا كاریگەری نەرێنی لەسەر یەكێتی مامۆستایان جێدەهێشت بەو مانایەی كارەكان وەك پێویست نەدەڕۆیشتن بەنمونە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن.
۳ـ شەڕی داعشو بونی ئاوارەیەكی زۆر هۆكارێكی تری قەیرانەكانی ئەم ڕێكخراوەبون بەتایبەت لەلقەكانی موسڵو خانەقین .
كاتێك ئەم ڕێكخراوە بیویستایە هەڵوێستێكی لەمەڕ دۆخو ژیانی مامۆستایان هەبوایە ئەوا بەموزایەدەی نیشتیمانپەروەری پەكی داواكارییەكان دەخرا، كەگوایە دۆخەكە لەبارنیەو ناكرێ هیچ جوڵەیەكی مەدەنی بكرێت، لەكاتێك بە ڕوونی ئەمە دیاربوو لەسەروبەندی ناڕەزایەتیەكاندا، لەشوێنێ خۆپیشاندان بۆ دەستهێنانی مافەكان، لەشوێنێكی تر نەبونی خۆپیشاندان كەئەمەش جۆرێك لەبێمتمانەیی دروست كردبوو لەنێو كاری ڕێكخراوەییدا تا ڕادەی دوو خیتابی جیاواز.
٤ـ دەرئەنجامی ڕیفراندۆمو لێكەوتەكانی تادەگاتە ڕوداوی ۱٦ی ئۆكتۆبەر هۆكاربوون كە هەڵبژاردنەكان نەتوانرێت بەڕێوەببرێت.
گومان لەوەدا نەبوو دەرئەنجامی ڕیفراندۆم نەك كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسییو كۆمەڵایەتیی هەبوو، بەڵكو لەسەر كۆی جومگە ئیدارییو حكومییو ناحكومیەكانیش هەبوو، لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستانو ڕووداوی ۱٦ی ئۆكتۆبەرو هەڕەشە لۆكاڵیو ئیقلیمیەكان هێندەی تر دۆخی كاری ڕێكخراوەیی یەكێتی مامۆستایانی توشی چەق بەستویی كردو بیروهۆشەكان لەسەر نوێبونەوەی ڕێكخراوەكە نەما.
٥ـ لەساڵانی پێشوودا مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان مانگانەیەكی لەبودجە هەبوو، كەئەمەش بەهۆی قەیرانی داراییە نەدراو بڕیاڕیشدرا چیتر ئەم مانگانە نەدرێتە ڕێكخراوەكە.
٦ـ سەرچاوەی دارایی ئەم ڕێكخراوە تەنیا پشت دەبەستێ بەئابوونەی مامۆستایان، جگە لەم داهاتە ڕێكخراوەكە هیچ پرۆژەیەكی بازرگانی نیە كەوەك داهاتێك بۆخۆی دەستەبەری بكات، ئەمە لەكاتێكدا یەكێتی مامۆستایان خاوەنی چەندین زەوی بازرگانی گرنگە لەشوێنی گونجاودا كەدەكرا بكرێتە پرۆژەو سەرچاوەی داهاتی خۆی.
ئەمانە هۆكار گەلێكن كە ڕێگربون لەئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا، ئێستاش تێچووی هەڵبژاردنو كۆنگرە ۱۱۷ ملیۆن دیناری پێویستەو یەكێتیەكە خاوەنی ئەم بڕە پارەنیە، بۆ دابینكردنی ئەم پارە یەكێتی مامۆستایان ڕووی لەحكومەت كردوە كە تێچووی پرۆسەكە دابین بكات، هەربۆیە چەند جارێك هەڵبژاردن دواخراوە تا دواجار ۳۱/۱۰ ئەمساڵ دیاریكرا بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەكە، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێ ئیشی تەكنیكیو لەكۆبونەوەی تەنفیزی ۲٨ی مانگی رابردوو بڕیاڕدرا بۆجارێكی دیكە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕێكخراوەكە دوابخرێت كە پێدەچێت لەكۆتایی مانگی دوانزە یاخود لەساڵی نوێ ئەنجامبدرێت .
ئێستاش لەهەمووی گرنگتر متمانەیە كەلەنێوان بەشێك لەمامۆستایانو ڕێكخراوەكە نەماوە، ڕوویەكی پەیوەندی بەوابەستەبونی حیزبایەتیەوە هەیە كە كاریگەری نەرێنی كردوە لەبەڕێوەچونی كارەكان وەك پێویست، ڕووەكەی تریشی پەیوەندی بەهۆشیاری مامۆستایانەوە كە ئامادەنین جگە لەولایەنەی وەك بیروڕای حیزبی قەناعەتی پێیەتی دەنگ بداتە لیستێكی نوێو موعاناتی خۆی تێدا بەرجەستەبكات، ئەمەش وایكردوە ڕێكخراوەكان لەهەرێمی كوردستان تەسلیم بەئیرادەو ویستی حیزب بكرێت...دواتر پێویستە بەیاسا چارەسەری ئەم بابەتە بكرێتو ڕێگەبدرێت جگە لەبونی ڕێكخراواێك لەسەر ئاستی هەرێم چەندین ڕێكخراوی ترهەبن لەپێناو كێبڕكێیی زیاتر لەنێوانیان بۆ بەدیهێنانی مافەكان وەك هێزێكی فشار.