وەزیری دادی عێراق لە کوێی ئەو نادادیە، کە لە کەرکوک بەرپاکراوە؟
12/27/2023 11:18:00 AM
ئهحمهد عهزیز
بە درێژایی مێژوی دەوڵەتی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵانی بیستەکانەوە، ستەم لە کورد دەکرێت بە گشتی وبە تایبەتی لە کەرکوک و ناوچەکوردستانیە هاوسنورەکانی دەوڵەتی عێراق، بە ئامانجی دەرپەڕاندانی کوردستانیان لە سەر خاکی خۆیان و باوپاپیرانیان ولاسەنگکردنی باری دیمۆگرافیای کەرکوک وپاکتاوکردنی کورد لەو ناوچانە، ئەوە جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لە سەرکردنە لە پاش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە، شاڵاوێک بەرپاکراوە و ماوەی چەند مانگێکە فراوان و چڕترکراوەتەوە لە ناوچەکانی سەرگەڕان و تۆپزاوا و گوندی تاڵەبانی و کاکەیەکان لە سنوری داقوق، سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی ئەنجام دەدرێت دژی هاونیشتمانیان وکوردستانیانی ڕەسەنی کەرکوک، پێچەوانەی بنەماکانی دەستوری عێراق ومادەی ١٤٠و یاساکارپێکروەکانی خودی دەوڵەتی عێراقە، لە ڕاستیدا خەڵکی کەرکوک بە تەنیا وبێ پشت وپەنایە لە بەرانبەر هەمو ئەو نەیار و ناحەقیەی بەرپاکراوە بە جێهێڵدراوە، سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر لەم ناوچانە، لە سایەی لاوازی دەسەڵاتی کورد وحکومەتی هەرێم و سەرۆک کۆمار وبێدەنگی نوێنەرایەتی کوردە لە بەغداد وپارلەمانی عێراق، تا ئێستا هیچ کردار وهەڵوێستێکیان نەنواندوە، کە ببێتە مایەی چارەسەر و ڕاگرتنی ئەو هێرش ودەست درێژیانەی دەرحەق بە هاوڵاتیانی کوردی سیڤیل وبێدیفاع گیراونەتەبەر، سەرەڕای بێبەشکردنی کورد لە بەشدارکردن، لە زۆربەی دەزگا ئیداری وئەمنی وسەربازییەکان وتەنانەت دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک، کە پشک وبەرکەوتەی کورد بوە.
لێرەدا دو نمونە دەخەینە ڕو:-
یەکەم :- دیارە خۆپشاندان مافێکی سەرەتایی وسەلمێندراوە، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، کە بانگەشەی دیمۆراسی ومافی هاوڵاتی بون دەکات، وەک لە دەستوریشدا هاتوە، لە ڕوانگەی ئەو بنەمایانەی ئاماژەمان پێکرد، لە ڕۆژی ٢-٩-٢٠٢٣ ژمارەیەکی بەرچاو، لە کوردستانیانی کەرکوک، خۆپشاندانێکیان ئەنجامدا لە گەڕەکی ڕەحیمئاوا، لە پێناو کردنەوەی ڕێگای سەرەکی کەرکوک - هەولێر وگەڕەکی شۆراو، چونکە ڕێگای هاتوچۆ وباری ژیان وکەسابەتیان لێگیرابو، بۆ بڵاوەپێکردن وسەرکوت کردنی خۆپشاندەرانی کورد، نەیاران کورد وتەنی بە ڕۆژی ڕوناک وبە بەرچاوی کامێراکانەوە، کەوتنە گولەباران و قەست گوژکردنی خۆپشاندەران و، لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی سیڤیل، بەچکەی هەژار وزەحمەتکێشی کوردی کەرکوک، شەهید کران بەم ناوانە (هاوکار شوانی – هەڤاڵ ستار- حسێن سابر- سەمەد محەمەد )، تا نوسینی ئەم بابەتە تەقەکەران وتاوانباران ئازادن ودەستگیرنەکراون، تا ڕو بە ڕوی دادگا بکرێنەوە، خوێنی ئەو چوار هاوڵاتیەی شەهید کران پشت گوێ خراوە و دەسەڵات ونوێنەرایەتی کورد خۆی بە خاوەنیان نەکردوە وهیچ فشارێکیان نەنواندوە، کە ببێتە ماویەی دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان و تاوانباران.
دوهەم:- لە پای چۆڵنەکردن وبەرگری کردن لە ماف ومانەوە لە سەر خاک وزەویەکانیان لە گوندی تۆپزاوا، ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەم هاوڵاتیە کوردانە خراونەتە زیندانەوە، لە سەر سکاڵای سوپای عێراق (ساتع ناسح ئەسعەد – سۆران نازم مەحمود – نازم مەحمود ئەحمەد ).
-ئەپرسین وەزیری دادی عێراق، بەڕێز د.خالد شوانی لە کوێی ئەو نادادیەدایە، کە لە کەرکوک بەرپاکراوە، دیارە وەزیری داد، بەرپرسە لە مسۆگەرکردن وپەیڕوکردنی یاسا ودادپەروەری لە تەوای عێراق، بە کەرکوک و ناوچەکێشە لە سەرەکانیشەوە، کە زێدی خویەتی.