بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان لە کەرکوک یان قەبوڵکردنی رەزیلی و زەلیلی؟
12/15/2023 6:45:00 PM
جەلال جەوهەر
پرسی هەڵبژاردنەکان
و پرۆسەی دەنگدان لە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، وەک هەر پارێزگایەک و ناوچەیەکی
تری عێراق و کوردستانی عێراق نیە، لەبەرئەوە دەبێ زۆر بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا
بکرێ، بڕیاردان لەسەر چارەنوسی کەرکوک و ناوچەکانی تر، دەبێ لەسەر بنەمای بیری نیشتیمانی
و نەتەوەیی و مرۆیی و راستی و زانیاری دروستبێ.
لە عێراق و کەرکوک
و ناوچە کێشەلەسەرەکان بیری نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی لە برەو وهەڵکشاندایە،
هەتا بیری نەتەوەو مەزهەب پەرستی لە زیادبووندا بێ هەرەشەی پاکتاوکردن و داگیرکردن
لەسەر کورد و کوردستان و پێکهاتەکانی تری ناوچەکە زۆر دەبێ، بۆیە تەنیا بەربەست لەبەردەم
ئەم هەرەشە و ئاڵنگاریانە، بەرگریکردنە، بەرگریش تەنیا بە یەک ڕیزی میللەت دەبێ،
چونکە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان پرسەکەی ئاڵۆز و ناسک و هەستیارە، بۆیە یەک دەنگی
و یەک ڕێزی کورد پێویستە و بەشداریکردن بەشێوەیەکی
کارا لە پرۆسەی سیاسی و بە تایبەتی لە هەڵبژاردنەکان
وپرۆسەی دەنگدان ئەرکێکی پیرۆزە لەم قۆناغە.
لە ئەزموونی خەباتی
سیاسی و شارستانی گەلاندا، دەنگدەر و جەماوەر بە یەکگرتووی زۆربەی کات لایەنێکی هەرە
سەرەکی و یەکلاکەرەوە بووە لە پرسە چارەنوسسازەکان و کارە سیاسیەکاندا.
لە هەرجێگایەکیش
دەنگدەر و جەماوەر خۆی بە دوور گرتبێ لە پرۆسە و پرسە سیاسیەکان، و باوەری بەخۆی نەبوبێ
خاوەنداریەتی پرسە سیاسیەکانی خۆی بکات، چارەنوسی جەماوەری لەم جۆرە ناڕۆشن و نادیارو هەمیشە لەژێر
هەرەشە و مەترسیدا دەبێ.
لەهەر پرۆسەیەکی
سیاسیدا دەنگدەر و جەماوەر رۆڵی خۆیان نەگێڕا و کەوتنە دەرەوەی کایە سیاسیەکان و
هاوبەشی تەواویان نەکرد لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکان، جەماوەر گیانی بەرپرسیاریەتی
تێدا لاواز دەبێ و نامێنێ، سەرئەنجام جەماوەر دڵسۆزی و خۆشەویستی و پاپەندبوونی
نامێنێ بۆ میللەت و نیشتیمان، کە ئەمیش کارەسات و مەترسیە هەرە گەورەکەیە لە
ئەمرۆ و داهاتووی
کوردستانی عێراق.
ئەو ناڕازیانەی
کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە نا ئومێدی و لە بێ بڕوایی و بەشێکی زۆری هێز و
لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق، و لە بێ هیوا بوون لە گۆرانکاری بۆ باشکردنی
دۆخی هەرێم و عێراق... دیارە بێ هیوایی و نا ئومێدی بژاردە و ئاماژەیەکی تەندروست
نیە بۆ توانا و ئیرادە و ویستی مرۆڤ، مرۆڤی بێ ئومێد و بێ بڕوا دەچێتە خانەی نەبوو،
چونکە نا ئومێدی و بێ هیوایی سەرەتایەکە بۆ خۆ بەدەستەوەدان و تەسلیم بوون، و قبوڵکردنی
زوڵم و زەلیلی و ڕەزیلی،...، ئەمە جگە لەوەی بایکۆتی لەم جۆرەش هەر خزمەتی راستەوخۆی
ڕکابەر و نەیاران دەکات.
لە رووی سیاسیشەوە،
بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان بە بەردەوامی، بە بێ هۆکارێکی مەنتقی
و بڕواپێکراو، و بەبێ ئامادەکردنی بەدیلێکی باش بۆ ئەم قۆناغە، هەڵوێستی دەنگدەران
لاواز دەکات،...، بەم شێوەیە دەنگدەران دوا ئەکەون لە جێبەجێکردنی بەشێک لە ئەرکەکانی
خۆیان، و بێبەش دەبن لە
بەدەستهێنانی بەشێک لە مافەکانیان، چونکە دەنگدان وەک پڕۆسەیەکی شارستانی هەم مافێکی
دەستوریە، و هەم ئەرکێکی سەرەکی قۆناغەکەیە، بەهۆی دۆخی قەیراناوی و ئاڵۆز و هەستیاری
عێراق و کوردستانی عێراق
و کەرکوک و ناوچەکێشە لەسەرەکان بە تایبەت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا
تا ئەمرۆ لە کوردستانی عێراق بژاردەیەکی باشترمان نیە لە خەباتی شارستانی و هەڵبژاردنەکان
و بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان و بەشەکانی تری خەباتی شارستانی بۆ بەدەستهێنانی
ئامانج و داواکاریەکانی جەماوەر.
لەگەڵ هەموو لایەنە
خراپەکانی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا لەهەرێمی
کوردستان و عێراق، هەڵبژاردنەکان لایەنی باشی هەبووە تا ڕادەیەک و گۆرانکاریشی بەدوای
خۆیدا هێناوە.
بەشێوەیەکی گشتی
هەرکاتێک دەنگدەران بە گشتی بەشداریان کردبێت لە پرۆسەی دەنگدان، رووداو گۆرانکاری
نوێ و گرنگی بەدواوەبووە، و هەر کاتێکیش جەماوەر و دەنگدەران بایکۆتی پرۆسەی سیاسی
و دەنگدانیان کردبێت بە شێوەیەکی عەفەوی، بێگومان نائومێدی و کێشە و قەیرانی جۆراوجۆری
بەدوای خۆیدا هێناوە، و لە هەر قەیرانێکی سیاسی و ئابوریشدا، جەماوەر و دەنگدەران
هەمیشە قوربانی و زەرەرمەندی یەکەم بوون.
لەبەرئەوە بەشداریکردن
لە پرۆسەی دەنگدان لە دۆخی ناسک و ناسەقامگیر و ئاڵۆزی ئەمرۆی عێراق و کوردستانی عێراق
و کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەت، ئەرک و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیە، خۆدزینەوە
و بەشدارینەکردن لە پرۆسەی دەنگدان لەم دۆخەی ئەمرۆدا، جگە لەوەی زیانی زۆری دەبێت
بۆ دەنگدەر خۆی، زیانی گەورە و قورسیشی دەبێ بۆ پرۆسەی سیاسی و پرسی کورد لە کەرکوک
و ناوچە کێشەلەسەرەکان و کوردستانی عێراق بە گشتی.
لێرەدا بە پێویستی
دەزانم ئەوە بڵێم بە جەماوەر و دەنگدەرانی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، کە پرسی
هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان و خەباتی شارستانی بەگشتی تەنیا
بژاردەیە لە بەردەم جەماوەری کوردستانی عێراق لەم قۆناغەدا، و ئەرکی جەماوەر و هەموو
هێز و لایەنەکانە ئەوە بکەن بە کەلتوری خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان بۆ ناوخۆی
کوردستانی عێراق بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.