وتار

ناڕەزایەتی یەکەم لە دژی گەندەڵی لە (2018/5/12) بو

11/18/2019 10:59:00 PM 307 جار خوێندراوەتەوە
جەلال جەوهەر


ناڕەزایەتی بەرفراوانی یەکەم لە دژی گەندەڵی لە ئاستی عێراق و هەرێم لە(2018/5/12) بوو 
هەرلە دوای پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق و لە بەهاری (2003)، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کەم و زۆر هەبوو لە عێراق، بە تایبەتی لە ناوچەکانی سوننەنشین، بە شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لێکردووە، (رێپێوان، خۆپیشاندان، جوڵانەوەی چەکداری لە دژی ئەمەریکییەکان و سیستمی نوێی حوکمڕانی لە عێراق).

لەساڵی (2005)ەوە، لە ئاستی بەغدا و خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، ناوە ناوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەبووە، سەدریەکان لە ئاستی بەغدا و ناوچەکانی خواروی عێراق خۆپیشاندان و جموجۆڵی چەکداری سوپای مەهدیان هەبوو بۆ دژایەتی ئەمەریکییەکان.

لە هەرێمی کوردستانیش لە دوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە هەبو
لە هەرێمی کوردستانیش لە دوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە هەبو، بەڵام بەهێزترینیان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی (17ی شوباتی 2011)و رۆژانی دوای ئەوە، لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنوری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و سنوری هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و سنوری قەزای کۆیە لە پارێزگاکانی هەولێر بە تایبەت لە دژی گەندەڵی کە قوربانی زۆری لێکەوتەوە لە شەهید و برینداربون، بەڵام زۆرترین و گەورەترین ناڕەزایەتی لە بەرامبەر و لە دژی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی گەندەڵی، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بو لە (12/5/2018)، کە زانیاری و لێکدانەوەکان وابوو، کە زیاتر لە(70%)ى دەنگدەرانی عێراق و هەرێم بایکۆتی دەنگدانیان کرد.

ئەمەیان لە کاتی خۆیدا، هۆشداری یەکەم بوو لە دژی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، بەڵام وەک دەرکەوت نە دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق و نە دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێیان بەم ناڕەزایەتیە نەدا.

بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری یەکەم بو دژی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم
دیارە لە کوردستان ئەم هۆشدارییە دوجار درا بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، جارێکیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (12/5/2018)، جاری دوەمیشیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018)، کە رێژەی بەشداریکردن لەپرۆسەی دەنگدان نەگەیشتە (30%).

دیارە خۆپیشاندانەکانی (1/10/2019 – 25/10/2019) کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و درێژەی هەیە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی خواروی عێراق، زەنگی دوەم بو بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و، زەنگی سێیەم بو، بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم.

هیچ رێگا و بژاردە و دەرفەتێک لەبەردەم حکومەتی فیدراڵ و هەرێم نەماوە، جگە لە ملدان بە ویستێکی راستەقینە بۆ چاکسازی هەمەلایەنە
خۆپیشاندانەکانی شیعە لە بەغدا و خواروی عێراق، بە بەشداری سەدان هەزار گەنج لە ژن و پیاو،... و بە ئەوپەڕی ئازایەتی و فیداکاریەوە، لە دژی دەسەڵاتدارانی شیعە، ئاماژەیەکی نوێیە، بۆ قۆناغی نوێی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە، بۆیە هیچ رێگا و بژاردە و دەرفەتێک لەبەردەم حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم نەماوە، جگە لە ملدان و بە ویستێکی راستەقینە بۆ چاکسازی گشتگیر و هەمەلایەنە، دیارە ئەمەشیان دەبێت بەوە دەست پێبکات لە ئاستی عێراق و هەرێم، کە دامەزراوەکان بکرێن بە دامەزراوەی نیشتمانی راستەقینە، و کۆتایی بە دامەزراوەکانی ساختەو کارتۆنی بێت، و یاساکانیش بە جۆرێک دەربکرێن و هەمواربکرێنەوە، کە لە خزمەتی ئەو پرۆژەیەدا بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن