وتار

ھەڕەشە و مەترسیەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان

9/7/2020 12:18:00 PM 207 جار خوێندراوەتەوە
جەلال جەوهەر

به‌شی دووه‌م
٢-١:  ململانێ وشەڕی نێوان هێزولایەنە چەکدارەکانی ھەرێمی كوردستان
چاكتر وایە لێرەدا بەم پرسیارە دەست پێبكەین : كەی وچۆن ھێز و لایەنەكانی كوردستان دەبن بە ھەڕەشە بۆ سەر میللەت و خاكی كوردستان ؟
وڵامی ئەم پرسیارە لە چەند نیشانەیەكی ئەو ھەڕەشە ومەترسیانە كورت دەكەمەوە :

١- كاتێك ھێز و لایەنەكان سەرقاڵ وسەرگەرمی ململانێ و شەڕی یەكتربن، وبە لاوازی بكەونە بەر دەستی نەیار و دوژمن، وبەناچاری سازشیان لەگەڵدا بكەن، لە پێناو مانەوە و پاراستنی خۆیان، ئەنجام دەبن بەبەشێك لە ئەجندا وھاوكاری نەیار ودوژمنانی گەلی كوردستان.

٢- كاتێك بەرژەوەندی حیزب ودەسەڵاتداران دەكەوێتە سەرووی بەرژەوەندی گەل ونیشتیمان، دەسەڵاتداران داھات وسەروەت وسامانی میللەت پاوان دەكەن و بەتاڵانی دەبەن، وگەندەڵیش دەگاتە ھەموو جومگەكانی دەوڵەت، ئەنجام میللەت ودەسەڵاتداران دەكەونە دوو بەرەی جیاواز ودژ بەیەك تاڕادەیەك.

٣- كاتێك ھێزولایەنەكانی كوردستان سەركەتوو نابن لە ھەڵسەنگاندن و ناسینی خۆیان وتوانای دوژمنەكانیان، وبەھەڵەدا دەچن ودەكەونە ململانێ وشەڕی نابەرامبەر لەگەڵ ھێزی دوژمن، ئەنجام لە دۆخی وادا میللەتەكە وجولانەوەكەشی تێكدەشكێ، بە ھۆی خوێندنەوەی نادروستی دۆخ و واقعی كوردستان ودۆست ودوژمنەكان.

میژوی سەد ساڵی ڕابردووی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق، پڕە لە شەڕو توندوتیژی و ململانێی حیزبی و ناوچەیی، لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و خێزان و بنەماڵەو حیزب، بەجۆرێ كەساڵانی ململانێی حیزبی وشەڕی نارەوا و نانیشتیمانیانە بەراورد ناکرێ لەگەڵ ساڵانی ئاشتەوایی و تەبایی و پێکەوەیی.

لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ئازارو بەهاری ساڵی (1991) ، وپێكھێنانی پەرلەمان و حکومەت و ئەم قەوارە سیاسیە، ناکۆکی و شەڕ لە نێوان هێزو لایەنە چەکدارەکانی کوردستان ھەڵگیرسا (شەڕی پارتی وسوشیالیست لە 12-11-1993) و (شەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی ویەكێتی لە ١٩٩٣/١٢/٢٠) و (شەڕی پارتی و یەکێتی لە ١٩٩٤/٥/١)} ، وزۆر پەرەی سەند ودرێژە كێشا، بەجۆرێک دەوڵەتانی هەرێمایەتی ڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لەو شەڕو ململانێیانە، و بەرژەوەندییەکانیشیان بەشێوەیەک گرێدرا بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری دەوڵەتانی ناوچەکە... بەرژەوەندی حیزبی بە تەواوی جێگای بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی و نەتەوەیی گرتەوە، دواجار ئەم شەڕە بەفشار ونێوەندگیری ئەمریكا كۆتایی ھات، بەڵام شوێنەوارەكانی تا ئەمڕۆ زۆر بەزەقی دیارە.

لەماوەی سەرەتای مانگی ئابی ساڵی (2014) ەوە، تا ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ساڵی (2017) ، دەسەڵاتدارانی کورد(پارتی و یەكێتی) زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانیان (شەنگال، رەبیعە، زممار، مەخمور، دوبز، کەرکوک، داقوق، دوزخورماتوو، جەلەولا و خانەقین) لە دەستدا، وناوچەكە بەتەواوی کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ، وئێستا لە سایە ولە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵدا شێوازێكی نوێ لە پاكتاوكردنی كورد لەو ناوچانە جێبەجێ دەكرێ.
ئەمڕۆش ئەم ناکۆکی و ململانێیە لەنێوان هەردوولادا، ھەمیشە لە ھەڵچون وداچون وتوندبون وخابونەوەدایە، وبەجۆرێکە هیچ ئومێدی ئەوەی لێناکرێت بتوانن لە ئاستی ڕووداو و گۆڕانکاری وھەل و ھەڕەشە و ئاڵنگاریەکانی داهاتوو بن.
لە داهاتووشدا مەترسی ئەوە هەیە، ئەو هێزو لایەنانە بەپێی جوغرافیا وبەرژەوەندی سیاسی ئابوری وئەمنی دابەشبن بە سەر دوو بەرەی جیاواز، ودوو دەوڵەتی جیاوازدا، وئەگەر ئەوە ڕوو بدات، بێگومان ئەگەری دابەشبوونی تری خاک و میللەتەکەشمان لە کوردستانی عێراق لە ئارادا دەبێت.
بەم پێیە؛ لانیكەم سێ لە نیشانەكانی ئەو ھەڕەشە ومەترسیانە دەركەوتووە، وبەزه‌قی لە ئارادایە، لەبەر ئەوە ململانێ وشەڕی لایەنە چەكدارەكانی ھەرێم ھەمیشە لە سەرپێیە.
چی بکەین بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی لایەنە چەکدارەکان لەسەر هەرێم و ڕەواندنەوەی مەترسی دابڕانی جەماوەر لە لایەنە سیاسیەکان!؟
بە خوێندنەوەی سادەی من دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم دوو موساڵەحە و ڕێکەوتنی ڕاستگۆیانە بکەن، گەر سەقامگیری تەواوی ئەم هەرێمەیان دەوێت.

یەکەم : سوڵح و ڕێکەوتن لە نێوان لایەنەكانی كوردستان :
ا/ رێكەوتن لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر بنچینەی :

1- پاراستنی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی ودەستوری و سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، و دروستکردنی هەرێمێکی یەکگرتوو، حکومەتێکی نیشتمانی یەکگرتوو، هێزی چەکداری نیشتمانی یەکگرتوو، ئابورێکی نیشتمانی یەکگرتوو و پەیوەندی سیاسی و دبلوماسی یەکگرتوو....

2- دانانی بنەمای دروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە، و بە کردەوە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببنەوە، و کار بکەن بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی هەرێم و میللەت بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبی.

3- پەیوەندی هەرێم و عێراق، و پەیوەندی هەرێم و دەوڵەتان لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق ڕێکبخرێتەوە بە مەرجی پابەندبوونی هەردوولا.

ب/ پارتی و یەکێتی ڕێکەوتنی سیاسی بکەن لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان لەسەر بنەمای:

1- پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە دیموکراسیەت و بنەماکانی دیموکراسیەت، و کۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنی ساختە و پەرلەمان و حکومەتی یەک حیزب و ئیفلیج،....
2- دانانی ڕێوشوێنی تەندروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە لە هەموو بوارەکان
.
ئاراستەیەکیش هەیە باسی بژاردەی گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان دەکات بە حكومەتی ناوەندەوە، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی گەندەڵی و دیموکراسی، وەك ئەوەی لە حكومەتی ناوەند كێشەی گەندەڵی ودیموكراسی نەبێ،...!؟
من لەگەڵ گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان نیم بە بەغداوە، بۆ چارەسەركردنی کێشەکان، لانیكەم لەبەر ئەم دوو ھۆیە:
یەکەم : زیاتر لە دە ساڵە دەوڵەتی عێراق یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە فاسد(گەندەڵ) و فاشییلەکانی دونیا (دەوڵەتی دووفا) ،بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەڵەتی.
دووەم : دەولەت وحکومەتی عێراقیش )هی پێش بەڕێز مستەفا کازمی( فاشیل نەبوایە لە ئیدارەدان، دانیشتوانی دە پارێزگا )بەغداد + نۆ پارێزگای خوارووی عێراق( نە دەهاتە مەیدان و سەرشەقامەکان لە دژی حکومەتی عێراق بۆماوەی نزیكی دە مانگی . گەر حکومەتی عێراق بڕوای تەواوی بە دیموکراسیەت هەبوایە، بەو توندوتیژییە ڕوبەڕووی خۆپیشاندەران نەدەبووەوە، و ئەو هەموو قوربانییەیش نەدەبوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement