510وتار

هەڕەشەی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ سەر هەرێم، سوریا وەک نمونە

10/10/2020 12:46:00 PM
جەلال جەوهەر



ململانێى زلهێزەکان و مەترسییەکانى لەسەر کوردستانى عێراق
بەشی پێنجەم :
هەڕەشەی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ سەر هەرێم، سوریا وەک نمونە


بەشێوەیەکی گشتی بیروباوەڕی نەتەوە پەرستی لەناو عەرەبەکاندا بەهێزە، و لەناو دەسەڵاتدارانیشدا هەمیشە زەق بوە، گەر بۆ رازیکردنی شەقامیش بێت، چونکە سروشتی قەبیلە، عەشیرەت، خێڵ لەناو عەرەبدا وا دەخوازێت.

گەر سەرنج لە مێژوی سەد ساڵی دەوڵەتی عێراق بدەین، دەسەڵاتدارانی عەرەب لەبەشی هەرەزۆری دەوڵەتانی عەرەبی، بەرێژەی جۆراوجۆر و جیاواز کۆمەک و پشتگیری مادی، مەعنەوی، سیاسی و ئیعلامی و سەربازی عێراقیان کردوە، بۆ سەرکوتکردنی کورد و جوڵانەوەکەی، لە شەڕوململانێی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق.

لە شەست و حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردودا، سوریا، ئوردن، جەزائر،... کۆمەکی مادی و مەعنەوی و سیاسی عێراقیان کرد، بۆ تێکشکاندنی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد و هەرەس پێهێنانی جوڵانەوەکە.

هەمو دەوڵەتانی عەرەبی، و هێزو لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانیان، بێدەنگییان هەڵبژارد لە بەرامبەر رژێمەکانی عێراق لە سیاسەتی پاکتاو و قڕکردنی کورد و تەعریبکردنی کوردستان، و پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایولۆجی، و جێبەجێکردنی پرۆسەکانی ئەنفال لە ساڵانى شەست و حەفتا وھەشتاکانی سەدەی رابوردو، لەدژی ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی لە کوردستانی عێراق.

لەدوای داگیرکردنی کوێت و پەلاماردانی عەرەبستانی سعودیە لەساڵی (1990)، لەلایەن رژێمی بەعس- عێراق، گۆڕانکاری لە سیاسەتی بەشێک لە دەوڵەتانی عەرەبی رویدا، بەڵام دەمارگیری نەتەوە پەرستی لەناو عەرەبدا گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە. لە پرسی ریفراندۆمیشدا لە (25/9/2017)، هەمو دەوڵەتانی عەرەبی و هێزە سیاسی و مەدەنیەکان لەدژی ئەنجامدانی و ئەنجامەکەشی بون.

دەوڵەتی سوریا وەک نمونە*
پێویستە سوریا وەک خۆی بناسین، چونکە :
سوریا هاوسنورە و نزیکی (200کم) درێژی سنوری هەیە لەگەڵ کوردستانی عێراق، هەروەها بەشی روژئاوای کوردستانی پێوە لکێندراوە بەپێی رێککەوتنی (فرانکلین- بویت) نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا لە ئەیلولی (1921ز) (یەک ساڵ دوای دروست بونی دەوڵەتی سوریا)، و هەم لەبەرئەوەی سوریا هاوسنوری تورکیا (814کم) و عێراقە (605کم)، کە بەشی باکور و باشوری کوردستانیان پێوەلکێندراوە، هەرسێ لاشیان(+ئێران) لە رابوردو و لە ئێستاشدا یەک سیاسەتی هاوبەشیان هەیە لەسەر کورد، ئەویش لە قاڵبدانی کوردە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتی نەتەوەیی و مەزھەبی خۆیان.

لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتی سوریا لە سایەی ئینتیدابی فەرەنسا لە ساڵی (1920ز). بیری نەتەوە پەرستیش لەناو عەرەبدا زیندو بوە و پەرەی سەند، لە دوای ئەو کپکردن و سەرکوتکردنە زۆرەوە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە.

لە دوای کشانەوەی فەرەنسا لە سوریا لە ساڵی (1946ز)، سوریا سەربەخۆی خۆیان راگەیاند، و دواتریش ناوی دەوڵەتەکە دەگۆرن بۆ (کۆماری عەرەبی سوری). هاوکات کەوتنە دژایەتی کەسایەتی و بنەماڵە دیارەکانی کورد، وەک بنەماڵەی ئەیوبییەکان، و دورخستنەوەیان لە دامودەزگاکانی سەربازی و مەدەنی لە سوریا.

ساڵی (1952ز)، بە بڕیارێکی حکومەت، کوردیان بێبەش کرد لە مافی خاوەندارێتی گشتی، وزەوی و زار بە تایبەت، بەپێی ئەو بڕیارە دەستیان بەسەر زەوی کوردەکاندا گرت، و دابەشیان کرد بەسەر عەرەبی هاوردە.

بەعسیەکان لە کۆنگرەی (3)ی خۆیان لە ساڵی (1966ز)، حکومەتیان راسپارد، چاو بە موڵکایەتی ئەو زەویانەدا بخشێنێتەوە کە دەکەوێتە سەر سنوری نێوان سوریا و تورکیا، بە درێژایی (350کم)و قولایی (10-15کم)، و بکرێت بە موڵکی دەوڵەت، کە هەرهەموی موڵکی کورد وکلد وئاشوری وئەرمەنی بو.

بەعسییەکان جارێکی تریش لە کۆنگرەی قوتری خۆیاندا لە ئایاری ساڵی (1971ز)، جەختیان لەسەر جیبەجێکردنی تەهجیر و تەعریبی ئەو ناوچانە کردەوە.

پرۆژەی (الحزام العربی، الحزام الاخضر) بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەهجیرو تەعریب، لە لایەن سەرۆک کۆماری سوریا (حافظ الأسد) دەرکرا، و بەپێی ئەو پرۆژەیە بەسەدان هەزار عەرەبیان نیشتەجێ کرد لە سەدان گوندو ئۆردوگادا، لە بەرامبەریشدا سەدان هەزار کوردیان بێکارو بێ زەوی و برسی کرد، و بەناچاری ناوچەکەیان پێ چۆڵکردن. تەعریب لە ڕۆژئاوا هەمو جومگەکانی ژیانی گرتەوە، لە زمان، کەلتور، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری... هەڵوێستی حکومەتی سوریا لە ناڕەزایەتی و شەڕەکانی دوای ساڵی (2011)ەوە تائەمڕۆ ، لە مەسەلەی کورد زۆر دوژمنکارانە بو**.

سوریا و جوڵانەوەی چەکداری لە کوردستانی عێراق
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب و تەهجیر لە ساڵی (1975) لە حەسەکە، قامیشلۆ، سەریکانی و ناوچەکانی تری رۆژئاوا، حکومەتی بەعس لە سوریا کۆمەک و پشتگیری هەستانەوەی جوڵانەوەی چەکداری کوردی کرد لە کوردستانی عێراق، لە دژی رژێمی بەعس لە عێراق، نەک لەبەر خۆشەویستی کورد، بەڵکو بۆ ئامانجی حیزبی خۆیان بو، هاوکاری بەعسیەکانی سوریا، بۆ جوڵانەوەی چەکداری لە باشور و باکور بۆ مەرامی سیاسی و تەکتیکی خۆیان بو، بەڵام هەر ئەو حکومەت و حیزبە بو لە دژی فیدراڵیەت لە کوردستانی عێراق وەستانەوە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردو.

تەعریب و تەهجیری کورد لە رۆژئاوا ستراتیج و ئامانجی هەرە سەرەکی دەوڵەت و بەعسیەکانە لە سوریا، کۆمەک و یارمەتیشیان بۆ جوڵانەوەی چەکداریش لە پارچەکانی تری کوردستان تاکتیک و کاتیە، و بۆ ئامانجی سیاسی و حیزبی خۆیان بو.

ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، تا ئەو شوێنە یارمەتی و هاوکاری کوردی پارچەکانی تر دەکەن (گەر بەرژەوەندیان بخوازێت)، کە مەترسی بۆ سەر ئەمنی قەومیات دروست نەکات.

تێبینی* :٠
ا- بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودی زۆرمان وەرگرت لە "کورد و کوردستان، لە بەڵگەنامە نهێنیەکانی حکومەتی بەریتانیادا، بەرگی یەکەم/ کەمال مەزهەر" .
ب ـ ھەروەھا لە بابەتەکانی
١ـ کرد سوریا لەhttps://ar.wikipedia.org/
٢ـ الحزام العربی فی الجزیرە السوریە، د.ئازاد احمد علی لە www.rudaw.net

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن