تێبینیەکی کورت لەسەر چاوپێکەتنەکەی مەلا بەختیار
8/30/2023 5:11:00 PM
سەڵاح ڕەشید
کاک مەلا بەختیار لە بەرنامەی (بێستون تۆک) ی تەلەفزیۆنی
روداو لە رۆژی ٢١/٨/٢٠٢٣ دەربارەی پرسیارێک
لە ئامادەبوانەوە کە ئاراستەی کرابو، دەربارەی (تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندخان و
ناوهێنانی ن.م) دەڵێ: سەبارەت بە بەنداوی دەربەندیخان، کاک صلاح رەشید کتێبێکی دەرکردوە
لەسەر بروسکەکان، هەر بەناوی بروسکە نامەکان، لەو کتێبەدا کە دوای کتێبەکەی من بە
دومانگ هاتۆتە دەرەوە، باسی ئەکات بەڵێ بەرەی کوردستانی بریاری تەقاندنەوەی بەنداوی
دەربەندخان و دوکانی داوە، باقیەکەی خۆت وردی کەورەوە! ساڵێ ١٩٩١.
لە پرسیاری کاک بێستون دەربارەی ئەوەی (ن.م) کێیە،
کاک مەلا بەختیار دەڵێ: کێ سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی دەکرد؟ هەمو سەرکردەکانی بەرەی
کوردستانی ئەو کاتە بێ ئیستیسنا بەرپرسن لەو بریارە، کە من ئەو قسەیەم نوسی، جارێ
نەمزانیبو بەرەی کوردستانی بە جەماعی ئەو بریارەیان داوە، دوای مانگ و نیوێک،
دومانگ ئەو بروسکە نامانەی کاک نەوشیروان لەو کتێبە کە صلاح رەشید بڵاوی کردەوە، هەموی
تێدایە بە وازحی.
لە وەڵامی پرسیاری کاک بێستون، کە ئایە داوای لێبوردن
لە کاک نەوشیروان دەکات کە زانیاری تەواوت نەبوە، بەڵام ئەوت تۆمەتبار کردوە؟
کاک مەلا بەختیار سورە لەسەر بۆچونەکەی خۆی وەڵامی
ئەداتەوە: کە زانیارەکەی من راست دەرچو، کاک بێستون هەمان پرسیار دەکاتەوە و دەڵێ:
(ن.م) ئەو بریارەی دەرکردوە، بەڵام ئێستا دەڵێی لە بروسکەکاندا هەیە کە ئەوە بریاری
هەمو بەرەی کوردستانی بوە، کاک بەختیار هەمان بۆچونی پیشو دوبارە دەکاتەوە و دەڵی:
ئەو کاتە کاک نەوشیروان و برادەرانی تری مەکتەبی سیاسی لە بەرەی کوردستانی، نوێنەر
و سەرکردەی یەکێتی نیشتیمانی بون)
چەند تێبینیەک و راست کردنەوەیەک بۆ کاک مەلا بەختیار،
بۆ ئەوەی روداوەکانی دوێنێ وەک خۆیان باس بکرێن، خۆشەویستی یان رق و کینە بۆ لایەک
زاڵ نەبێت بەسەر راستیەکان دا:
1. ئەو کتێبەی بەندە دەریکردوە ناوی بروسکە
نامەیە (نامە و بروسکەی نێوان مام جەلال، مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا ١٩٩٠
-٢٠٠٩) ئەمە بروسکە نامەی کاک نەوشیروان مستەفا نیە، ئەو کتێبە هەندێ بروسکە و نامەی
ئەوی لە خۆ گرتوە.
2. لەو کتێبەدا، بە هیچ جۆرێک ناوی تەقاندنەوەی
بەنداوی دەربەندخان و دوکان و پەیوەندی کاک نەوشیروان مستەفا بەو کارەوە نەهاتوە،
نازانین بوچی کاک بەختیار ئەم زانیاریە هەڵەیەی بڵاوکردۆتەوە و سوربوە لەسەر بۆچونەکەی؟
3. ئەگەر کاک بەختیار وردبوایە و نەیویستایە
تشهیر بە کەس بکات، ئەبو چاوێک بە ئارشیفی بەرەی کوردستانیدا بخشاندایە، ئەو کاتە
راستیەکانی بۆ دەردەکەوت، کە بەرەی کوردستانی ( "بریاری" تەقاندنەوەی بەنداوی
دوکان و دەربەندیخانی نەداوە، بەڵکو "پلانی" دانابو) ، جیاوازی لە نێوان
بڕیار و پلان دا زۆرە! ئەمە بۆچونی بەرەی کوردستانی بوە، نەک بریاری کاک نەوشیروان.
( ئەم زانیارانە لە کتێبی (بروسکەنامە) دا باس
نەکراوە.