دادگای باڵای فیدڕاڵی لە ژێر ڕۆشنای دەستوردا
1/28/2023 3:22:00 PM
300 جار خوێندراوەتەوە
بڕیار موحسین
بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریە لە عێڕاقدا، سەربەخۆیە
لەڕووی دارای و اداریەوە، تایبەتمەندە بە چاودێری دەستوری بوونی یاسا و ڕێسا بەرکارەکان
" الانظمة النافذة" و تەفسیرکردنی دەقە دەستوریەکان و یەکلایکردنەوەی ئەو
کێشانەی پەیدادەبن لە بەرەنجامی جێبەجێکردنی یاسا فیدڕاڵیەکان و بڕیار و ڕێنمایەکان
و ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی فیدڕاڵیەوە دەردەچن، هەروەها یاسا دەستەبەری
هەریەک لە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنی پەیوەندیدار لە تاکەکان و کەسانی دیکە دەکات
کە مافی تانەدانی ڕاستەوخۆیان هەبێت لە دادگاکە،
وە هەموو تایبەتمەندیەکانی تر کە مادەی (۹۳) ی دەستوری عێڕاقی
ئاماژەی پێکردووە.
هەر بۆیە هەموو ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان
و دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە دەردەچێت لە یاسا و ڕێسا و ڕێنمایەکان وەکو ئەوەی دەستور
دەقی لەسەر داوە ملکەچ دەبن بۆ چاودێری دادگای باڵای فیدڕاڵی.
وە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەکلاکەرەوە و بنبڕە" باتة و ملزمة
" بۆ هەموو دەسەڵاتەکان ئەوەش بە پێی مادەی( ۹٤ )دەستور.
شایەنی باسه دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆڵێکی گەورەی
هەیە لە بەدیهێنانی پرەنسیپی باڵایی دەستور " مبدء سمو الدستور" بە ڕەچاوکردنی ئەوەی ئەو دادگایە
ئامرازێک و جهەتێکی دادوەری کارایە بۆ پارێزگاریکردن لە دەستور و ئەوەش لە ڕێگەی ڕێکخستنی چاودێریکردنی دەستوریەتی
یاساکان و ئەو ئەرکانەی تری کە دەستور دەقی لەسەر داوە،
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەو یاسایەی
دادگای باڵای فیدڕاڵی پێ دامەزراوە بۆ خۆی
نادەستوریە! چونکە، پێکهاتەکەی بەپێی مادە ( ۹۲ بڕگەی دووەم) ی
دەستور نیە، کە ئاماژەی بەوە داوە لە ژمارەیەک دادوەر و شارەزای فقهی ئیسلامی و فەقیهەکانی
یاسا پێکدێت.
لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی ئەو دادگایە بتوانێت بەو
ئەرکە گەورەیەی خۆی هەڵبستێت دەبێت سەربەخۆ بێت و ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا
پاڵنەری سیاسی بە چەند بڕیارێکی دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە دیار بووە، سەرەتای خزانی
ئەم دادگایەش وەک گەورەترین دامەزراوەی دادوەری بۆ نێو ململانێ سیاسیەکان دەگەڕێتەوە
بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی۱۰ ی۱۰ ی ساڵی ۲۰۲۱ و ململانێکانی پێکهێنانی حوکمەت، لەنێوان هاوپەیمانی سێ قۆڵی ( سەدر
و بارزانی و حەلبوسی ) و (چوارچێوەی هەماهەنگی ) نزیک لە ئێران، کاتێک جیاوازی هەبوو
لەسەر نسابی یاسای بۆ پێکهێنانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق بۆ هەڵبژاردنی
سەرۆک کۆمار، دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر داوای سەرۆک کۆمار لە ۳ی ۲ی ۲۰۲۲ هەڵسا بە تەفسیری
مادەی (۷۰ بڕگەی یەکەم ) لە دەستوردا دەربارەی چۆنیەتی پێکهێنانی کۆبونەوەی پەرلەمان
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، و بڕیاریدا بە دیاریکردنی نسابی یاسای بە( دوو لەسەر سێ)
لە مەڕ ئەو بابەتە، بەبێ دیاریکردنی سەنەدێکی دەستوری و لۆژیکی بۆ تەفسیرەکەی! ، ئەو
بڕیارەی دادگا بوە هۆی دروستبوونی ( سێیەکی پەکخەر ) لە بەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی
و لە زیانی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی.