419وتار

دوانزە سوارەکەی پەرلەمان مونافق دەرچون

11/6/2022 5:27:00 PM
هێمن شێخانی

دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕلەمانی کوردستان تەنها دوو ڕێگە هەبووە لەبەر دەم پەڕلەمانتاران بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە، ڕێگەی یەکەم دەنگدانە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕلەمانی کوردستان کە ئەوانەی دەنگیان داوە پێیان وایە کە لەبەر کۆمەڵێ هۆکار لەئێستادا زەمینە لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستاندا، ئەم پەڕلەمانتارانەی کە دەنگیان بە درێژکردنەوە داوە ئەوا زۆرینەی پەڕلەمان پێک ئەهێنن، ڕای پێچەوانە دەنگ نەدانە بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەڕلەمانی کوردستان، دەتوانم بڵێم بەتەنها یەک بەڕلەمانتار لەگەڵ خودی ڕاکەی خۆی ڕاستگۆ بووە، چونکە بۆ بەرگری کردن لە ڕاکەی خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان کردووەو پەیامی کردارییشی داوەتە دەنگدەرانی خۆی، ئەم پەڕلەمانتارە دکتۆرە شایانە.

 

دکتۆرە شایان دوو پەیامی نارد هەم بۆ بزوتنەوەکەی هەم بۆ دەنگدەرەکانی، بە بزوتنەوەی گۆڕانی وت ئەم پێگەیە موڵکی ئێوەیەو تا ئێرە ئەمانەت بووە لای من و بفەرموون پێشکێشی خۆتان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە دەنگدەرانی وت ئەم هەڵوێستەم لەپێناو بەرژەوەندی ئێوەیەو منیش لەمەودوا وەکو ئێوە شەق ئەدەم لەپەڕلەمانێک کە بەرگری لەمافەکانی ئێوە ناکات و وتی منیش وەکو ئێوە ئەبێت بێ موچە بژیم، بەڵام دوانزە سوارەکەی پەڕلەمان سەلماندیان کە ئەو کەسانەن هەمیشە ترسنۆکانە ئەجەنگن و هەمیشە لەدوورەوە سەیری کۆتایی شەڕەکە ئەکەن و ئەگەر براوەبوون ئەوا ئەچن بۆ کۆکردنەوەی دەستکەوتەکان و ئەگەڕ لەشکر توشی شکست بوو ئەوا ئەم دوانزە سوارە مونافقە قاچەکانیان لەدوانەوە ئەبێت بەچوار بۆ ڕاکردن.

بەکورتی دەڵێم ئەرێ کەسێ هەیە پێمان بڵێت سودی ئەم دوانزە سوارە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردودا چی بووە، ئەرێ کەسێ هەیە پێم بڵێت ئەم دوانزە سوارە لەماوەی ڕابردودا پڕۆژەیان چی بووە، ئەی کام پڕۆژەیان هاتۆتە بواری جێبەجێ کردن کە سودی هەبووبێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ئەرێ کەسێ نییە ئیتر پێیان بڵێ ئەو هەموو چەواشەکاری و درۆیە تاکەی، ئەرێ کەسێ نییە پێیان بڵێت جیاوازی ئێوەو دەسەڵاتداران چییە، دەسەڵاتداران زۆر بە ئاشکرا سامانی ئەم وڵاتە ئەدزن و ئەم دوانزە سوارەش زۆر نامەردانە دەنگی خەڵکی بەشمەینەت بەکار دەهێنن بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان، هەرکەسێ لەسەر هەموو بوارێ قسە بکات ئەبێ هیچ گومانمان نەبێت کە ئەم کەسە درۆزانێکی زۆر کارامەیە، ئەم دوانزە سوارە مونافقە زۆرینەیان پێش بونیان بە پەڕلەمانتاری خاوەنی هیچ شتێ نەبوون، ئەرێ کەسێ نییە لێیان بپرسێ ئەو هەموو سەرمایەو موڵک و ماڵ و خانوی بەرزو سەیاری ئاخیر مۆدێلتان لەکوێ بوو، ئەبێ لەمەودوا خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارتر بێت و نابێت جارێکی تر ڕێگە بدرێت وەک خۆیان دەڵێن بە فۆڕمێکی تر ئەم دوانزە سوارە بۆگەخۆرە یاری بە عەقڵی ئەم میلەتە بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن