وتار

کێن ئەوانەی خزمەتی گەندەڵکاران دەکەن؟ ئێمە یان ئەوان

1/22/2021 10:26:00 AM 105 جار خوێندراوەتەوە
هێمن شێخانی

هەمو ئەو گروپ و حیزب و رێکخراو و دەزگای بەناو سەربەخۆ و میدیا و پەیج و ئەکاونتانەی کە بەناوی دژە پارتیەوە دەرکەوتون و خەریکی عەرزی عەزەڵاتن، لە بنەڕەتدا هەمویان پارتین، بەشێکیان بە ئاگا و بە ئامانج و بەشەکەی تریش رەدو کەوتون و هەنگاوەکانیان بەشێوەیەک خزمەت بە پارتی دەکات کە هیچ بەرپرس و کادیرێکی دڵسۆزی پارتی، نەیتوانیوە بەم شێوەیە خزمەت بە پارتی بکات.

هەندێکیان رۆژانە پەلاماری حکومەت ئەدەن، کەچی خۆیان شەریکی خوڵقێندراوی ئەم دۆخەن، یاخود باسی بونی گەندەڵی دەکەن کەچی رۆژانە بە ملیۆنان دۆلاری گەندەڵی دەچێتە سەر گیرفانی تاقمێکی باڵادەستیان، بەشێکی تریان تازە بە تازە لۆبی بۆ سەرۆکێک دەکەن و ئەیانەوێت وەکو فریادڕەسێک نیشانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی بدەن.

مرۆڤی گەوج رەنگە بتوانێت گروپێک یان دو گروپ بۆ رۆژێک یان مانگ و چەند مانگێک بگەوجێنێت، بەڵام دواجار بە روڕەشی لێی دێتەدەر، دیارە بیرمان چوەتەوە د. بەرهەم خەونی نزیکەی (120) هەزار خەڵکی رۆشنبیری نایەگۆڕ؟، دیارە بیرمان دەچێت کە خەونی دکتۆر جگە لەگۆڕانکاری بۆ خودی ژیانی خۆی و زیادکردنی سەرمایەکەی و تەئمین حەیاتی نەوەکانی خۆی، هیچ فێنکاییەکی بەدڵی دەنگدەرانیدا نەهێنا! جگە لە نەهامەتی و پەرتەوازەکردنی زیاتری شەقام خزمەتکردنێکی ناڕاستەوخۆی بە پارتی و یەکێتی گەیاند.

ئێستاش باش ئەزانێت کە نابێتەوە بە سەرۆک کۆمار بۆیە هەر رۆژەو گروپ و تاقمێک بەلارێدا دەبات و دواجار بەرهەمەکەشی وەک هەمیشە "بێ حورمەت" دەکات و ئەیخاتەوە سەر مێزی هەمان مەبەستی پێشو.

هەندێک گروپیش بانگەشەی دروستکردنی بەرەیەکی فراوان دەکەن، کەچی وا ئەزانن بۆری نەوتی هەرێم لە حەوشەی ماڵەکەی مندایە یان لە گردی زەرگەتە هەڵدەقوڵێت، رۆژانە ئەگەر جارێک یان چەند جارێک پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان نەدەن ئەوا دڵنیام شەو بەزگ ئەدەن، ئەوەی زەرورە بیری هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە بەدبەختەی بهێنمەوە ئەوەیە کە پێویسته بگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2018).

پرسیار ئەوەیە ئایا دروستبونی هەردو هێزی هاوپەیمانی و نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەی کە من رێزی ئێجگار زۆرم بۆ دەنگدەرانی هەردو رەوت هەیە، ئایا توانی گۆڕانکاری لە کایەی سیاسی و هاوکێشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بکات، ئایا توانی ببێت بە بەرەیەکی فراوان و چۆک بە گەندەڵکاران دابدات؟

بەدڵنیاییەوە وەک بینیمان بەرەی بەناو گەل و شەقامی پەرتەوازەتر کردو بەرەی گەندەڵکارانیشی بەهێزترکرد، بۆ ناپرسین رێژەی بایکۆت بۆچی ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد، بەدڵنیاییەوە هەرکاتێک کە چەند لایەنێک دەبن بە خاوەنی یەک شیعار و لەهەمان کاتیشدا نەیاریان لێ ون دەبێت و پەلاماری یەکتر ئەدەن، ئەوا نەتیجەکەی هەر ئەوە دەبێت کە دەنگدەر یان دەنگ نادات یان بگەڕێتەوە بۆ لای دێوەزمە و دەسەڵاتدارانی پێشوی ئەم هەرێمە، کە ئەمەش ئامانجی پارتی و یەکێتیە و ئەو گروپ و دەزگاو ئەو ناوانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان جێبەجێکاری ئەم ئەجێندایەن.

لەکۆتایدا ئەوەی گرنگە بیڵێم و وەک هەمیشە دەیڵێمەوە ئەوا دەبێت هەمو لایەک بیزانێت بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیە نەک حیزب و بەرژەوەندی بنەماڵەیی، ئەم پڕۆژەیەی کە ئێمە هەڵمانگرتوە باجی زۆرمان لەپێناوی داوەو دەستیشی لێ هەڵناگرین، ئێمە ئەزانین گۆڕانبون سەختە هەمو کەس بەرگەی ئەو سەختیە ناگرێت، دەشزانین هەر لەسەرەتاوە هەندێک گروپی بچوک بۆ خۆدەرخستن و خۆ پڕکردن بون بە گۆڕان، ئەوەش ئەزانین هەندێک لە هاوڕێکانیشمان ماندوبون و دانیشتن و ئێمەش رێزیان دەگرین، بەکورتی هەندێکیان برسیەتی لەئێمەی کردن و بەڵام بەشکۆوە لەماڵەوە دانیشتون، هەندێکیشیان پارەو پۆست لە ئێمەی کرد و حەواڵەی گەلیان دەکەین، بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی (12) ساڵی رابردودا کارو هەڵوێست و هەنگاوەکان و قوربانیەکانیشى بە رونی دیارە.

هاوڵاتیان و هاونیشتمانیانی ئازیزم لە بیرتان نەچێت تین و هێزی (24) زۆر زیاترە لە (12) کورسی، کێ موسەبیبی ئەم دۆخەبو، ئێستاش ئەو بەردە بەرز دەکەینەوە کە توانامان بەسەریدا هەیە، هەر هێزو لایەنێک لەپاڵ ئێمە یان لەدوای ئێمە دەبێت بە بەشێک لە هەڵگری پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری ئەگەر گۆڕانیش نەبێت ئێمە رێزی دەگرین و خزمەتی دەکەین، بەڵام هێزێک بێت و خۆی بکات بە خاوەنی گۆڕانکاری و چاکسازی و پێشینەیەکی رەشی هەبێت و لەجێی پارتی یەکێتی خەریکی پەلاماردانی گۆڕان بێت و لەجێگەی دەستبردن بۆ هەزارەها مەلەفی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی لەهەرێمەدا، هاتوە کردویەتی بە جەژن و هەرا چییە؟ ئەوا ئەندامێکی خانە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، ئەم نەفەس و شێوازە ئیشکردنە دەریدەخات کە لە کوێوە راسپێردراون، ئەوا دڵنیابن دروستکراوی دەستی دەسەڵاتن و ئامانجیان بێ هیواکردن و پەرتەوازەکردنی زیاتری شەقامە، ئەمەش راستەوخۆ بەدیهێنانی خەونی گەندەڵکارانی هەرێمی کوردستانە.

دێری کۆتاییم بۆ هەمو ئەو کوڕو کچە جوامێرانەیە کە خاوەنی رەخنەی بونیاتنەرن و ئێستا لێمان نیگەرانن، منیش لێرەوە تکایان لێ دەکەم و دەڵێم فەرمون ئێوە برا گەورەبن و منیش خزمەتکاری ئێوەم فەرمون با ئەمجارەش رێگە نەدەین خەونی نەزۆکی نەیارەکانمان لەدایک بێت، با دەست لەناو دەست بین و بە گەڕانەوەتان پۆستی خۆم کە باژێڕوانی و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیە ئەیکەم بە قوربانی بۆ ئێوەی سەربەرز.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement