هەڵبژاردنی پێشوەخت لەڕوانگەی (سەدر) و (چواچێوە)وە
8/16/2022 2:24:00 PM
کاوە محەمەد
ئێستا پرسیاری گرنگ لەبارەی دۆخی عیراق ئەوەیە
کە؛ بۆچی سەدر و رەوتەکەی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن، چواچێوەی هاوئاهەنگی-ش
داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئینجا هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن؟..
چونکە (سەدر) دەیەوێت بە هەمان یاسای ئێستای هەڵبژاردن
و هەمان ستافی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لەسایەی حکومەتەکەی (مستەفا کازمی) هەڵبژاردنی
پێشوەخت بکرێت، بەڵام (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بە ئاڕاستەیەکی تر کاردەکات و مەنەستیەتی
پەرلەمان کارابکرێتەوە تا بە سوودوەرگرتن لەزۆرینە پەرلەمانیەکەی یاسای هەڵبژاردن
لەبەرژەوەندیی خۆی هەموار بکاتەوە و ستافی کۆمسیۆن و حکومەتەکەی کازمی-ش بگۆڕێت و
لەسایەی حکومەتێکی تر، کە لانیکەم وەک (کازمی) لایەنگیری سەدر نەبێت، هەڵبژاردنەکە
بەڕێوەبچێت.
بەڵام سەدر بەهیچ شێوەیەک نایەوێت ئەو دەرفەتە بۆ نەیارەکانی بڕەخسێت،
بۆیە پێداگریی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بێ چەندوچوونی پەرلەمان دەکات و دەیەوێت لەرێگەی
بەرفراوانکردنی خۆپیشاندانەکان و تۆمارکردنی سکاڵا لەدادگا، بەو ئامانجە بگات و بەڕەکە
لەژێر پێی چوارچێوە دەربهێنێت، لەکاتێکدا بەپێی (مادەی ٦٤ی دەستور) هیج لایەن و دەسەڵاتێک،
جگە لەپەرلەمان خۆی، ناتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە..
پێموایە سەرەنجام دەبێت هەردوولا
لەسەر میکانیزم و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن رێکبکەون کە هەر دەبێت بە پەرلەمان خۆی
دا رەتببێت، ئینجا هەڵبژاردنێکی تری پێشوەختە بکرێتەوە کە رەنگە بکەوێتە پایزی ساڵی
داهاتوو..