522وتار

پرسی کورد بۆتە پرسێکی جیهان-لۆکاڵی

7/3/2022 9:21:00 PM
لوقمان قه‌نبه‌ری

دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان
وا دیارە لە سەردەمی ئێستادا پرسی کورد بۆتە پرسێکی جیهانی-لۆکاڵی، واتە ئەگەر شتێک بەسەر کورد لە تورکیادا بێت، کۆمەڵگەی کوردی دوور لە نیشتمان /دیاسپورا  (سوید و فینلاند) بێدەنگ نابێت. لە زۆر حاڵەتدا کوردەکانی ترانسناسیۆنالیزم لە پێوەندی لەگەڵ هاوڵاتیانی کورد لەناو تورکیادا یارمەتیدەر بوون بۆ هاوکاری و باشترکردنی گوتاری کوردی.

لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی ئەو کوردانەی لە ئەڵمانیا دەژین دەگاتە یەک ملیۆن کەس. ژمارەی دانیشتوانی کوردی فەرەنسا سەد و پەنجا هەزار کەسە و ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرێک لەو کوردانە بەشداری چالاکی سیاسی دەکەن. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٦دا کوردانی دیاسپورا توانیان شەش کورسی پەرلەمانی سوید بەدەست بهێنن و بێ گومان ئەم سەرکەوتنە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر ناساندن و لۆبی کردنیان لە پەرلەمانەکانی ئەوروپا.

کوردانی دوور لە نیشتمان بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای جیهانی بەشداری لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەکەن و ئەم بەشدارییە لە ڕێگای ئینتەرنێت و ئامرازەکانی وەک ئیمەیڵ، ماڵپەڕ، فەزای مەجازی ئەنجام دەدرێت.

کاتێک ئەردۆغان داوای ڕادەستکردنەوەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە سوید و فینلاند یان وڵاتانی ئسکاندەناڤیا دەکات، لە لایەکەوە دان بە گرنگی و پێگەی کوردانی دوور لە نیشتماندا دەنێت لە بوژاندنەوەی ناسنامەی کورددا، وە لە لایەکی دیکەوە نیشان دەدات کە بۆ ئەوەی لە کورد تێبگەین، میتۆدۆلۆژیای جیهانی-لۆکاڵی دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی باشتر لە پێگەی کورد لە سەردەمی جیهانگیریدا تێبگەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن