سێ یاسای لێبوردنی گشتی لە ماوەی 10 ساڵ دا !
5/25/2022 8:57:00 PM
شاڵاو ئەبوبەکر عەلی
چاکسازبوونی تاوانباران بوو یان تێکدانی کۆمەڵگا ؟
لێبوردنی گشتی بەیاسایەک دەگوترێت کە لەلایەن دەسەڵاتی
یاسادانان دەردەکرێت بەگوێرەی یاساکە حوکم دراوان و دۆسیەکانی لێکۆڵینەوە پێش بەرواری
دەرچوونی یاساکە لەسەر تاوانە جیاجیاکان لێخۆشبونیان بۆ دەردەکرێت و ئازاد دەکرێن
و کەیسەکان دادەخرێن جگە لەو تاوانانەی کە بەپێی یاساکە بەدەر دەکرێن .
ئامانج لە دەرچوونی لێبوردنی گشتی چی یە ؟
وەک لە ئامانجی یاساکانی لێبوردنی گشتی دا
هاتووە بەمەبەستی شیاندنەوەی سزادراوان و دووبارە پێدانەوەی هەلێک بۆ چاکبوون ڕێگای
چونە ناوکۆمەڵگە چونکە ئامانج لە سزا چاکسازییە ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەک یان لە
چاکسازی بەسەربردووە ئەمە لە هەرسێ یاسای لێبوردنی گشتی سالەکانی 2007 و 2012 و
2017 دا هاتووە
ئایا لێبوردنی گشتی هەموو تاوانێک دەگرێتەوە ؟
ڕاستە ناوی یاسای لێبوردنی گشتی یە بەڵام لەهەموو
یاساکان دا کۆمەڵێک تاوان و ماددەی یاسایی “ إستثناء " دەکرێت بەهۆی قورسی و
ترسناکی یان بۆ کۆمەڵگا وەک نموونە “ تاوانی دژی بیانییەکان ، زینای محرم ، بەرتیل
و دزینی سامانی گشتی ، بازرگانی دەرمان و خۆراکی بەسەرچوو ، دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەدانی
منداڵ ،بازرگانی بە مرۆڤ …. هتد “ کە لە ماددەی “ 9 “ لە یاسای ژمارە “ 4 ساڵی
2017 دا هاتوون “
چارەنوسی حوکم دراوان بەسزای لەسێدارەدان چۆنە
؟
بەپێی هەردوو یاسای ساڵی “ 2007 و ساڵی 2012 “
ئەو کەسانەی سزای لە سێدارەدانیان هەبوو گەر لێخۆشبون و ئاشتەوایی هەبوو بۆی لە لایەن
کەس و کاری کوژراوەکە “ سکالاکاران بە مافی مدنی “ سزاکەی لە سێدارەدان کەمدەکرێتەوە
بۆ زیندانی هەتا هەتایی کە سزاکە بەوجۆرەش گونجاو بوو لە چاو ترسناکی تاوانی کوشتن
دا
بەڵام لە یاسای ساڵی 2017 ماددەی / یەکەم دا گەر
ئاشتەوایی هەبوو سزاکە لە سێدارەدان کەمدەکرێتەوە بۆ بەندکردنی کاتی بە “ 15 “ساڵ
کە ئەم کەمکردنەوەیە یەکجار زۆرە لە چاو هەردوو یاسای پێش خۆی .
▫️ یاسای لێبوردنی گشتی و ماددە هۆشبەرەکان
سەبارەت بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر “ کێشان “
لێبوردنی گشتی دەیگرتنەوە لە هەر سێ یاسای باسمان کرد بەڵام بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر
لە هەردوو یاسای “ 2007 و 2012 " دا لێبوردنی گشتی نەیدەگرتنەوە
بەڵام دیسان لە یاسای ساڵی 2017 دا بازرگانی
ماددەی هۆشبەر یاساکە گرتیەوە بەڵام بە ڕێژەی % 20 لە سزاکەیان خۆش بوون بەپێی
ماددە هەشتەمی یاساکە “
دەبێت بپرسین ئایا لێبوردنی گشتی ئامانجەکانی بەدیهات
لە چاکسازبوونی تاوانباران لە گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا ؟
بە داخەوە نەخێر ئەوەی جێگای سەرنجە لە هەر پێنج
ساڵ جارێک دا لێبوردنێکی گشتی دەرکراوە و وەک عورفێکی لێ هاتووە وئەنجامەکانیشی دەرکەوتووە
کە نەبۆتە چارەسەر بۆ تاوانباران و چاکسازی یان بەڵکو بگرە بۆتە نەمانی “ردع “ کۆمەڵگا
بۆ یاساکان و تێکچوونی ئارامی کۆمەڵایەتی و زۆربوونی ڕێژەی تاوان چونکە ئەو مبدئە
چەسپاوە کە “ تاوان بکە و سوڵح بکە لێبوردنی گشتی دەردەچێت و ئازاد ببە “
لە ئێستاش دا دەنگی ئەوە هەیە لێبوردنێکی تر لەم
خولەی پەرلەمانەوە دەربکرێت لەهەمووی ترسناک تر ئەوەیە بەشێک سزادراوانی لە سێدارەدان
بگرێتەوە بێ ئەوەی ئاشتەوایی یان هەبێت کەئەمە زەنگێکی مەترسی دارە و ئەوەندەی تر
کۆمەڵگا بەرەو پشێوی و نا هەمواری دەبات و یاساکان بێ ئەمەک دەکات و مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان و کەس و کاریان دروست دەکات
لە کۆتایی دا
ئەوەی بەراوردمان کرد لە نێوان هەرسێ یاساکە دا
دەرکەوت ئەو هەموو لێبوردنە و فراوان کردنی مەودای گرتنەوەی تاوانەکان بە لێبوردنی
گشتی لە یاسای 2017 داو لەگەڵ فراوان کردنەکەدا حاڵی کۆمەلگا دەبینین رادەی زیادبوونی
کوشتن و مخدرات و تاوانە اخلاقیەکان دەبینین بۆیە لێبوردنێکی دیکە هیچ بە پێویست
نازانم و پێم وایە لەبری چارەسەر خوێ دەکات بە برینەکانی کۆمەلگا و کەس و کاری
تاوان لێکراوان دا