نەوشیروان موستەفا سەرکردەی گۆڕانکارییەکان
5/18/2021 10:39:00 PM
د. ڕێزان ئەحمەد هەردی
١
مێژووی
ڕزگاری نیشتیمانی گەلانی دنیا، پڕە لەسەرکردەی بەهیمەت و ئازاو بەجەرگ و خوێندەوار
و سیاسی خاوەن فکرو قەڵەم. لەکاتێکدا لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، تەنیا
ناوی چەند سەرکردەیەک دیارن. ئێمەش مێژوو و کاروچالاکیەکانی ئەو سەرکردانە دەخوێنینەوە
تاکو سود لەتواناکانیان وەربگرین.
بەتایبەتی
لە مێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، وەکو گەلێکی ژێردەستەو زوڵملێکراو و نیشتیمانێکی
پارچەپارچەکراو، ئێمەش سەرکردەیەکمان (نەوشیروانێکمان)هەیە کەپێویستە هەڵوێستەی لەسەر
بکەین و دووبارە و چەندبارە، لەسەر ئەزموونەکانی بخوێنینەوە! هەڵوێستەی قووڵ لەسەرسیاسەتی ڕێکخراوەیی وگۆڕانکارییە فکریەکانی
بکەین، کە هەرگیز ژەنگ وقآڵببەندی ئایدۆلۆجیاکان، نەیتوانیوە لەیەکچوارچێوەی ووشکهەڵاتوودا، بیرو فکر و کاری ڕیکخراوەیی خەباتەکەی
بێکاریگەرو بێ گیان بکەن.
ڕەوانشاد
نەوشیروان موستەفا، لەسالی ١٩٧٦ وە تا کاتی چاولێکنانی و ماڵئاوایی لەگردی زەرەگەتە
،هەردەم کاری لەسەر گۆڕانکاریی دەکرد. ئەو هەڵوێست و توانای ڕێکخراوەیی و هزری حیزبی
خۆی، بەپێێ کات و سیاسەت و دەسەڵاتی دووژمنکارانەی داگیرکەران دەگۆڕیی .
لە
کاتێكدا سیاسەت و هاوسەنگی هێزە ئیقلیمی ونێودەوڵەتیەکان گۆڕانکاری بەسەرادەهات،
بە ووردەکاریەکی زۆرەوە کارە ڕێکخراوەیی
وسەربازی و فکریەکانی لە کۆڕی خەباتدا دەگۆڕیی، تاکو گەیاندی بەسەرکەوتنی ڕاپەڕین
و ڕاماڵینی دەسەڵاتی حزبی بەعسی داگیرکەرلە هەرێم.
دواتر
دوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاتێک حکومەتی هەرێـم لە دۆخێکی چەقبەستوودا
بوو، میللەتەکەمان لەناو بازنەی حوکمڕانە گەنەدەڵەکاندا دەخولایەوە، توانایەکی دیاری
هەبوو لەدەست نیشانکردنی ئاستەنگەکان وبەربەستەکان. لەهەمانکاتیشدا نەخشە و پلانی
گۆڕآنکاریی ئاشتیخوزانەی هەبوو، بۆ سیستمی حوکمڕانی و بۆ چارە سەرکردنی ئالیشە وئالەنگاریەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان
ودەرچوونی کورد لەو میحنەتەی تێی کەوتبوو.
ئەی
سەرکردە تاقانەکەم، لەژیانتدا خۆت تەسلیمی کۆنەپەرست و هەلپەرست و پەلەپەلکەرە
ناواقیعیەکانی سیاسەت نەکرد.
٢
ئەوان
دەیانوویست بیروکردەوەی سرک و بزێوتان لەقاڵبێکدا قەتیس بکەن، بەڵام درەختی میژووی
خەبات و تێکۆشانت هەمیشە بەجوانی مایەوە ، ڕووی لەئاسۆی گەش وگۆڕانکاری بوو.
هەربۆیە
ئەو رۆژەی هەواڵی کۆچی دواییت بڵاوبۆوە، فرمێسکی لە چاوی هەموو ئەو کەسانە هێنا کە
خەونیان بە ژیانێکی دادپەروەرانە و باشترە و دەبینی.
هەموان
وەک سیاسیەکی دڵشکاو تۆیان دەبینی کە ساڵانێکی زۆربوو هاوارت بۆ ئەوە دەکرد، حوکمڕانیەکی
رەشید و بەرپرس و دادپەروەرانە هەبێت، بەڵام نەک هەر گوێیان بۆت نەگرت، بەڵکو بۆ ئەوەی
ئامانجەکانت نەیەنە دی، دەیان تۆمەتیان بۆ دروستکردیت و پەلاماریان دایت. هەموو چین وتوێژێک
تۆی خۆش دەوویست.
-بێدەرەتانەکان خۆشیانوویستیت،
چونکە بە دەنگی ئەوان قسەتدەکرد.
-هەژاران خۆشیانوویستیت، لەبەرئەوەی
هەستیاندەکرد وەک ئەوان دەپۆشێ و دەژی. -خوێندەواران
خۆشیانوویستیت، هەستیاندەکرد بە چەندین فرسەخ و شاقاو لەو لێشاوە سیاسیە نەخوێندەوارانەی
بە پلەی بەرزگەیشتوون، دووریت و تۆ خوێندەوار و تێگەیشتوو و بیرکەرەوەبوویت.
-گەنجانێکی زۆر خۆشیانوویستیت و لە دوا ویستگەی ژیانتدا کە (بزووتنەوەی
گۆڕان) ت دروست کرد و تائێستاش بەحەماسەوە ئاڵا نیلی و مۆمەکەت بەرزدەکەنەوە، چونکە
هەستیاندەکرد و هەستدەکەن، تۆ بەو تەمەنەوە لەوان لەهەموو کەسێکیتر نزیکتریت.
تۆ
پیرێکی هاوڕێی گەنجان، سیاسیەکی هاوڕێی خوێندەواران، راستگۆیەکی نزیک لە جوتیاران
و هەژاران و کاسبکاران بوویت.
دەزانێت
ئەو رۆژەی کۆچی دوایت کرد و هەمووساڵ لەویادە بەئازارەدا، هەموو ئەو چاوانە دەگرین
کەبەردەوام تۆ وەک ئومێدێکی گەورە بۆ گۆرانکاری و باشترکردنی حوکمرانی دەبیین. تۆ
خۆشەویستیت چونکە هەرگیز لە ژیانتدا بۆ یەکجاریش ئەو هەموو ساڵانەی خەباتی پڕچەرمەسەریی
و ماندووبوونت بەکەس نەفرۆشتەوە و بۆ یەکجاریش بە هیچ ساتەوەختێکی ژیانتەوە نەنازیت!
٣
هەمیشە
هەستماندەکرد بیری تۆ لای ئایندەیە. بیرت لای ئەوەبوو سبەی چی بۆ خەلک بکەیت؟ لەبیرمانە
کە بەزمانی خۆت دەتگووت، بۆ نەوەی ئێستا چ گرنگە لە شاخ و شۆرش و ڕابردوودا چیمان
کردووە و نەکردووە؟ بۆ ئەوان ئەوە گرنگە ئێستا و سبەی چی دەکەین!
هەرگیز
ژیانی سیاسیت وەک هەموو سیاستەمەدارێکی مەزنی جیهان بێئاستەنگ و کۆسپ و مەترسی نەبووە، بەڵام ئێمە خۆشماندەوێیت، لەبەرئەوەی تا
دواساتی ژیانت هەوڵتدەدا شتەکان چاک بکەیتەوە و بیانخەیتەوە سەر ڕێگای ڕاستی خۆشگوزەرانی
میللەتەکەمان.....
سەرکردەکەم
تۆ ئومێدی بێ ئومێدەکانی و دەنگی بێدەنگ کراوەکانیت. تۆ خەڵکێکی زۆرت پەروەرەدەکرد
لەسەر ئەوەی قسە بکەن و بەدەنگی بەرز بۆچونەکانی خۆیان بڵێن.
لێڕەوە
پێت دەڵێن، وەک خۆت دەتگووت، ئەم ڕێبازە سەختە و هەمووکەس بەرگەی ناگرێت، بەڵام
تاکویەک کەس مابێت و ئاڵایەکی نیلی هەڵبگرێت، ئەوا ئەم خەباتە بەردەوام دەبێت و خەونەکانی
تۆ بۆباشترکردنی سیستمی حوکمڕانی و لەناوبردنی گەندەڵی و بەرەوپێشخستنی دامەزراوەیی
سەربەخۆیی حکومی و دامەزراندنی هێزی نیشتیمانی و نەهێشتنی دەستی حیزب لە ناوحکومەتدا
و ... دێنەدێ و ئێمە ڕێبازەکەت وون ناکەین. هەزران سڵاو لەگیانی پاکت و ڕۆحت ئارام
و ئاسودە بێت گەورەم. لەناو ئارامگەکەت ئارام بگرە، چونکە خەونی گۆڕانکاریی و دوا
پڕۆژەی ژیانت (بزووتنەوەی گۆڕان ) بەردەوامە و ئێوە سەرکردەیی گەورەیی گۆڕانکارییەکانن.