ووشکە ساڵی و کاریگەرەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراک
5/7/2021 3:20:00 PM
شەیما جەمال کوێخا
وشکە ساڵی دیاردەیەکی سروشتی وئاڵۆزە، لەزۆر بەشی گۆیە زەوی روو دەدات، کاریگەری خراپ و نەرێنی دەکاتە سەر ژینگەی ئەو ناوچەیە کە تیایدا ئەم دیاردەیە رویداوە. بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر سێکتەری کشتوکاڵ، ئەمەش دەبێتە هۆکاری خراپی دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان و ژیان و گوزەرانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
وشکەساڵی پەیوەندی هاوتایی هەیە بە وزەو ئاو و ژینگەی ئەو هەرێمە کە تیایدا ئەم دیاردە سروشتیە روی داوەو دەدات و جۆر و ڕێژەی جیاوازە لە ناوچەیەکەو بۆ ناوچەیەکی تر .
وشکەساڵی پێناسەی زۆرە ئیمە لێرەدا دەتوانین پێناسەیەکی سادەی وشکەساڵی بکەین و بڵێین (( وشکە ساڵی دیاردەیەکی سروشتیە کە بە هۆی کەمی دابارین " بەفرو باران " لە ناوچەکە روو دەدات و بە جۆریک، ئەو رێژەیە کەمترە لە رێژەی سروشتی و پێویست بە گەشەی کشتوکاڵی ناوچەکەو ژینگەکەی کە دەبێتە کەم بوونی یان نەمانی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاو، لەناوچونی ئاژەڵداری و تێک چونی دۆخی ئابوری و خراپ بونی باری کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان بەتایبەت گوندنیشینان، بەرز بونەوەی پلەی گەرمی و زیاد بونی بەهەڵەم بون لە ناوچەکە )).
تەنها رێژەی کەمی باران هۆکاری وشکە ساڵی نیە بەڵکو نا هاوسەنگی لە وەرزی باران بارینش دەبێتە هۆی وشکە ساڵی .
هەرێمی کوردستان و لەگەڵیدا عێڕاقیش بەو پێیەێ کەش و هەوایەکی مام ناوەندی بۆ گەرمی هەیە و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییەدا بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوای گۆی زەوی چەندین جار توشی وشکەساڵی بوون، ئەگەری هەیە ئەم دیاردە سروشتیە بەردەوامی هەبێت، بۆ نمونە بە پێی لێدوان و لێکۆڵینەوەی بەشێک لە شارەزایان لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوو تا ئیستا 10 جار وشکە ساڵی لە گەرمیان رویداوە بەشێکی هەستی پێ نەکراوە، بەڵام بە وشکەساڵی زانستی ناسراوە، دەیان ساڵی دەوێت تا کاریگەریەکانی چارەسەر بکرێت بەشێکیشی هەستی پێ کراوە، بۆ ئەمساڵ دیسان وشکە ساڵی تەواو لە ناوچەی گەرمیان روویداوە، لە ناوچەکانی تری هەرێم وشکە ساڵی رێژەیی رویداوە، ئەمەش کارەساتی ژینگەی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کاریگەریە خراپەکانی لێرە بەدوا باشتر دیار دەکەوێت .
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە جۆرەکانی وشکەساڵی بدەم کە چەند جۆرێکن و هەریەکەیان کاریگەری خۆی هەیە لەوانە :
یەکەم: وشکەساڵی ژینگەیی (بە هۆی کەم دابارین "بەفروباران وسەرما" روو دەدات).
دووەم: وشکەساڵی کشتوکاڵی ( لە ئەنجامی کەمی رێژەی شێ لە خاکدا روو دەدات و دەبێتە هۆی کەم بونەوەی رێژەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، لە بەر دوو هۆکار روو دەدات هۆکاری یەکەم پەیوەستە بەخاکەوەو هۆکاری دوهەم بەکار نەهێنانی رێگای ئاودێری نوێ و گونجاو بۆ کشتوکاڵ ).
سێیەم جۆری وشکەساڵی هێدرۆلۆجیە ( ئەم جۆرە بە هۆی کەمی رێژەیی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی روو دەدات و کەم بونەوی ئاو هۆکارەکەی کەم دابارینە).
چوارەم و کۆتا جۆری وشکەساڵی پێی دەوترێت وشکەساڵی ئابوری ( لە ئەنجامی رودانی ئەو سێ جۆرەکەی تری وشکەساڵی روو دەدات، کاریگەری تایبەت لەسەر گوندنشینان دروست دەکات ).
ئەگەر بمانەوێت باسی کاریگەریەکانی وشکەساڵی بکەم ئەوە بە سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی و وتار تەواو نابێت ، لەبەر ئەوە لێرەدا تەنها باسی کاریگەری وشکە دەکەین لە سەر ((ئاسایشی خۆراک )) وەک لە سەرەتادا باسم کرد وشکە ساڵی کاریگەری راستەوخو دەکاتە سەر سێکتەری کشتوکاڵ و ئاو ئەو دوو سێکتەرەش راستەوخۆ پەیوەستن بە ئاسایشی خۆراکەوە، خراپ بوونی کەرتی کشتوکاڵ واتا خراپ بوونی ئاسایشی خۆراکی وڵات و خێزان و تاک، کەمی بەرهەمە کشتوکاڵیە زستانەو هاوینەکان وەک ( دانەوێڵەو سەوزەو میوە )و ئاژەڵداری و بەرهەمە ئاژەڵیەکان و دۆخی ئاژەڵە کێویەکانیش ئاسایشی خۆراکیان لە مەترسیدا دەبێت، هەروەها کاریگەری دەکاتە سەر ئیکۆلۆجی خاک و ئاو کە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەستە بە گەشەی رووەکیەوە.
کەمی خۆراک دەبێتە هۆی کۆچی ناوخۆی و دەرەکی و دروست بوونی شەڕو زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بە هۆی خراپی دۆخی ئابوری خێزانەکان و کۆمەڵگا ، ژیانی گوندنشینان وێران دەبێت و بە ئاسانی چارەسەر نابێت.
هەر گۆڕانکاریەکی ژینگەیی راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر ئاسایشی خۆراک هەر بۆیە پێویست هەوڵ بدرێت بە زوترین کات کاریگەرێکانی وشکە ساڵی لەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی کەم بکرێتەوە بەهەموو رێگایەک و هەر جۆرێک دەبێت چونکە بەهۆی وشکە ساڵیەوە دیاردەی بە بیابان بوون زیاد دەکات بەو پێەی نزیکەی 80٪ ی زەوی گەرمیان پشت ئاوە (دیمیە) واتا پشت بە باران دەبەستێت.
ئەگەر لە ئیستادا چارەسەری وشکەساڵی بەشێوەی زانستی و خێرا نەکرێت ئەوە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و دەیان ساڵمان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی کاریگەریەکانی کەم بکەینەوە ، لە ئیستادا پێویستە بۆ ناوچەی گەرمیان بەزوترین کات سەرچاوە ئاویەکان زیاد بکرێت لەوانە هەردوو بەنداوی باوەنور و بەردەسور کاریان لەسەر بکرێت و هەروها بەنداو و پۆنتی بچوک لەناوچەکانی گەرمیان دروست بکرێت بۆ گلدانەوەی ئاو لە وەرزی دابارین، هەروها هانی جوتیاران بدرێت کە رێگای نوێ بۆ ئاودانی بەکار بێنن، هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی سامانی ئاژەڵی لە فەوتان بپارێزرێت، ئالیک و خۆراکی ئاژەڵی بەسەر خاوەن ئاژەڵەکان دابەش بکرێت و ئاو خۆراک بۆ ئاژەڵە کێوێکان دابین بکرێت، ئەم رێگایە بۆ ناوچەکانی تری کوردستان جێ بەجێ بکرێت و بەنداوی بێخمە تەواو بکرت، خۆ ئەگەر پێشتر بەنداوی بێخمە تەواو بکرایە ئەوە کوردستان کەمتر توشی وشکە ساڵی دەبوو.
هەوڵ بدرێت سەوزای لە دەوروپشتی بەنداوەکان دروست بکرێت، بەو ڕێگایانە دەتوانرێت کاریگەری وشکەساڵی لەسەر کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکی وڵات و خێزان و تاک کەم بکرێتەوە.