1298وتار

مەلا بەختیار، وەهمی خۆ بەزل زانی، یان خۆ ونکردن؟

9/19/2020 2:06:00 PM
سەمەد بێتواتەیی

ئەو پیاوە، هەر رۆژەو لە ئاوازێک دەخوێنێ و دوا ئاوازیشی ئەو کتێبەیە ناوی ناوە، لە بری بیرەوەری.

 کرۆک و ئامانجی کتیبەکەش زیاتر بۆ پەلامار دانی نەوشیروان مستەفا تەرخان کراوەو بابەتەکانی تری لاوەکین! سەبارەت بە ناوی کتێبەکەو خاوەنی کتێبەکەش، چەند قسەیەک دەکەم. 

  1- هەندێک کەسی نزیک لە خۆی دەیانوت، کاتێک لەکەناڵێکی تەلەفزیۆنی قسەی دەکرد تەلەفۆنی دەکردو دەیپرسی : ئەرێ قسەکانم بە قوەت بون؟ ئێمەش پیامانا هەڵدەداو دەمانوت : بەڵێ زۆر باش قسەت کرد، ئەویش شاگەشکە دەبوو یەکسەر گوژمەیەکی باش دۆلاری بۆمان خەرج دەکرد!!  شاراوە نیە ئەمەش نیشانەی باوەر بەخۆ نەبون و هەوڵی خۆ دۆزینەوەیە لەلایەن کەسێکەوە کە خۆی ونکردوەو لەتواناکانی خۆی دڵنیا نیە.
 2-  من پێموایە لەناونانی کتێبەکەیدا لەگەڵ خۆی و خەڵکیش راستگۆ بووە، چونکە دەریخستووە ئەوە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەیەکی درەنگ وەختە، بەڵام شکستخواردوە، یان هەوڵێکە بەڵکو لەگۆریشدا بێ، بتوانێ لە ئاستی نەوشیروان مستەفا دابەزێنێ بەو هیوایەی بتوانێ وا وێنای خۆی بکات کە لە ئاستی ئەو بوە، بەڵام، هەیهوو هەیهوو، تازە گوزەشت!  دور نیە بشیەوێ بەم کارەی نامەیەک ئاراستەی کاربەدەستە تازەکانی یەکێتی بکات و بڵێ: ئەها، دەبینن چەند دژە گۆران و دژە نەوشیروان مستەفام، چاوێکتان لێم بێت و کش مەلیکم لێ مەکەن! بەڵام لەم بوارەشدا، ئاماژەکان بۆ ئەو ئومێد بەخش نین.  
 3- کورد وتوویەتی: ئەگەر زمانلێگەرێ، سەر رحەتە. مەلا بەختیاریش ئەگەر دیسان پەلاماری نەوشیروان مستەفای نەدایاتەوە، ماهیەتی ئەو پیاوە ئاوا دەرنەدەکەوت، بەڵام کە پێی خستە سەر مینەکە، پیایا تەقیەوەو ئەو نامەیەی مام جەلال بۆدکتۆرکەمالی ناردوەو باسو وەسفی مەلا بەختیار دەکات، ئەوە بوو ساچمەی پێناسەو هەڵسەنگاندنی ئەوی بەر کەوت و مام جەلال باشی بە خەڵکی ناساندووە! 
4- با ئەوەش  پرسین : ئایا مەلا بەختیار وەڵامێکی بۆ ئەو پێناسەیە پێیە کەمام جەلال کردویەتی و ئایا دەتوانێ وەڵامی مام جەلالیش بداتەوە؟ یان بانێکەو دوو هەوا؟! 
 5- هەندێ لە کۆنە برادەرانی مەلابەختیار، کەلەگەڵ ئەو یان بەبێ ئەو خەریک بوون لە ئاڵای شۆرش و پەیرەوی یەکگرتنەکەی ئەو بگەرێنەوە ناو یەکێتی، مەلاوتبوی : بچمەوە ناو یەکێتی......... کوردستان، ناچمەوە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان! دواتر کە بوەوە یەکێتی، وتبویان ئەی تۆ قسەیەکی وات نەکردو جنێوێکی وات بەدەمدا نەهات، ئێستا چۆن هاتیەوە ناو یەکێتی ؟ لەوەڵامدا وتبوی: برۆن  غەشیمینە ئەوە سیاسەتە سیاسەت!  
6- پێشمەرگەیەکی دێرینیش وتی: کاتێک خەریک بوو مەلا بەختیار لە زیندانی یەکێتی دەردەچو، لێیم پرسی : دوای زیندان بەچیەوە  خەریک دەبی؟ لەوەڵامدا وتی: دراسات عليا دەخوێنم، وتی منیش لێیم پرسی ئاخر تۆ کەسەرەتایت تەواو نەکردوە چۆن چۆنی دراسات عليا دەخوێنی؟!! برادەرەکە وتی ئێستاش وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدامەوە!!

 7- ئەو پیاوە کەلە کۆرو کۆبونەوەکان باسی چەپ ومارکسیزم دەکات خەڵک وادەزانن ئەوە میراتگری راستەقینەی مارکس و ئەنگلس و هیگل و لینینە و کەس لەخۆی بە چەپو مارکسی ترنازانێ، کە باسی دیموکراسی و ئازادی تاکە کەس و بازاری ئازادیشت بۆ دەکات، بینەران و بەتایبەت گەنجە هێشتا کەم ئەزمونەکان، وا هەست دەکەن کەس لەو دیموکراسیتر نیەو وا خۆی وێنا دەکات هەر خۆی میراتگرو جێگرەوەی جان جاک رۆسۆو جۆن لۆکە!  کەچی کتوپر لە شاشەیەکی تر سەر دەردێنێ و دەڵێ:  ئێمە یەک تاکە کورسیش بێنین لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هێزی پئشمەرگە تەسلیمی وەزارەتی پێشمەرگە ناکەین!! 
ئەمەش نمونەی دیموکراس بوونەکەی! بەڵام ئەم قسانەی هی سەردەمانێک بون، کە هێشتا پێیوابو لە نێو پەنجەکان هەڵناوەرێت!


 8- دوای دوەمین کۆنگرەی گشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، زنجیرە کۆنفرەنسێک کران، لە کۆنفرەنسی رێکخستن، کەلە قەلاچوالان بەرێوەچوو مام جەلالیش بەشدار بوو، علي قادر بەردی سپی و من نوێنەری مەڵبەندی هەولێری ئەوسا بوین و کارگێری مەڵبەند بووین، مام جەلال دەستی کرد بەرونکردنەوەی گۆرینی پێناسەی یەکێتی لە سۆشیال دیموکراتەوە بۆ سۆشیالیست و دیموکرات، دوای ئەوە  (ع. ر) لەسەر هەمان بابەت قسەی کرد و قسەکانیشی پێچەوانەی ئاراستەی مام جەلال بوون، ئەوەبوو مام جەلال  (ع. ر) بێدەنگکردو بەرەقی شکاندی و داینیشاندەوە، ئنجا مەلابەختیار دەستی کرد بە وتاردان و ئەویش زیاتر ( لەروی تیۆری) بەرپەرچی ( ع. ر) ی دایەوەو پشتیوانی رای مامی کرد! لەکاتی پشودا(هەرچەندە پێم وانەبوو بمناسێ) چوم پێیم وت: کاک بەختیار، ئەرێ راکانی (ع. ر) لەروی تیۆریوە راست نەبوون؟ وتی : با. منیش وتم : ئەی بۆچی وتارێکت لە دژی بۆچونەکانی ئەو پێشکەشکرد؟!

وتی : برۆ مردوو مرێ، وانەکەی مام جەلال تورە ئەبێ!!! جا ئا ئەوە شێوازی دوفاقی سیاسەتکردنی مەلا بەختیار بووە! ئەمەش لەلایەک ستەمێک بوو لە (ع. ر) ی کردو لەلایەکی تریشەوە مەرایی و لێدانێکی ناراستەوخۆش بوو لە مام جەلال! 9

-  کەمێک بەر لە چوارەمین(کۆنگرە) ی یەکێتی و لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی، دەربارەی بەرنامەی مەلا بەختیار بۆ کۆنگرە، پرسیاریان لێیکرد، لەوەڵامدا وتی :   ((بەنیاز نیم لە گۆردا مام جەلال ئەزیەت بدەم))، منیش دەڵێم چاک دەکات، نایەوێ لەگۆریشدا مام جەلال ئەزیەت بدات. بەڵام خۆ ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوەو دەڵێ :  ئەی تۆبڵێی بۆچی لە گۆریشدا بەرۆکی نەوشیروان مستەفا بەرنادات و وازی لێناهێنێ؟!! یان مەرجی ئەو بۆ (لەگۆردا ئەزیەت نەدان) هەر مام جەلال دەگرێتەوە؟!
 ئەگەر واشبێ ئەمەش هەر بانێک و دوو هەواو دووفاقی بوونە لە هەڵوێست و کارکردندا! لەوا نەشە لەبەر ئەوەش نەیەوێ مام جەلال، لە گۆردا ئەزیەت بدات، (کەناشتوانێ بیکات)، چونکە دەزانێ وەڵامێکی نەختێك جیاوازتر وەردەگرێتەوە! لێرەش پرسیارێک هەیەو دەڵێ: ئایا مەلا بەختیار، ئەو بەڵێنە دەباتە سەرو مام جالال لە گۆردا ئەزیەت نادات،؟ یان مەسەلەکە پەیوەندی بەکات بارودۆخەکەوە هەیەو وەک شتەکانی تری لەمەش پەشیمان دەبێتەوە؟!

 10- ئەم جۆرەش لە وتارو ئاخاوتن، پەیامیکی شەرمنانەو شاراوەیەو بەکاربەدەستە تازەکانی یەکێتی دەڵێ : من کوژاومەتەوە ئەزانێ کش مەلیکی لێکراوە، بەڵام پارانەوەیەکی لاوازانەشە، بەڵکو چاوێکیان هەر لێی بێت! لەلایەکی تریشەوە، پاشەکشەو پەشیمان بوونەوە شە لەو هەموو کتێب و وتارانەی دەربارەی دیموکراسی دەینوسین و  لێمان بوبووە تیۆرسێنی ( منظر) ی دیموکراسی! لەکۆتایدا دەڵێم : ئاخر تۆ بەزیندوویی و بەدەست و خەت و واژۆی خۆت، کارەکانی خۆت بەخیانەت و تێکدان ناو ناون و خۆت خۆتت پرۆتستۆ کردوە، کەمن بەش بەحاڵی خۆم نەبۆتۆو نە بۆ کەسی تر  ئەوەم پێ خۆش نییە،  نەوشیروان مستەفاش لەجیاتی وەرگرتنی دەمانچەی زیو، داوای گۆری ئەنفالکراوەکان لە سەدام حسێن دەکات و نەک هەر بە زیندوویی، لەناو گۆریشدا سەدان هەزار کەس خۆی بەخاوەنی ئەوو، ئەویش بەخاوەنی خۆیان دەزانن.  ئەها!! ئێستا بینیت جیاوازی نێوان ئەو و تۆ چییە و چەندە؟!! ئیتر ئێستاش  وەکو جاران بە ئەو ناگەی!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن