'لەبری بیرەوەری'م خوێندەوە
9/17/2020 12:58:00 PM
د.محەمەد عەلی
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش
کتێبی "لەبری بیرەوەری"، نوسینی: کاک مەلا بەختیار، بە پی دی ئێف
بەدەست گەیشت وخوێندمەوە.
یەک: بەپێچەوانەی
ئیدیعاکانی سەرەتای کتێبەکەوە، کە باس لە گێڕانەوەی ڕوداوەکان دەکات بە شێوەیەکی
بێلایەنانە، ئەم کتێبە تا بینەقاقای نوقمی بەشەخسیکردن و نابابەتی بوونە.
دوو: کاتێک مرۆڤ کتێبی
"لەبری بیرەوەری" دەخوێنێتەوە، هەستناکات سیاسییەک نووسیویەتی کە
کارەکتەرێکی بەشداری ئەو قۆناغەو هەمو ڕوداوەکانێتی و پشکی شێری خراپەکاریەکانی ئەوکات
و ئێستاشی لەئەستۆیە.
سەراپای ئەم کتێبە ریکلامێکی بێتام و بێمانایە، ئارایشتێکی
ڕەق و تەق و پیشاندانی نوسەرەکەیەتی وەک پیاو چاکێک لەناو دونیایەکی پڕ لەتاوان و
توندوتیژی.
هەمو ئەمەش لەسەر حسابی
بەشەیتانکردن و بەدڕندە پیشاندانی نەیارەکانی.
سێ: نوسەر بەدورودرێژی
باس لە کاریگەری باری سایکۆلۆژیی کەس و ڕقی شەخسی دەکات لەسەر ڕوداوەکان و ڕەفتاری
فیگەرە دیارەکانی خەباتی شاخ و بە دیاردەیەکی ناتەندروستی دەزانێت.
بەڵام تەوای کتێبەکە ئەو
ڕاستییە نیشاندەدەن: مەلا بەختیار خۆی دێڕێکی لە دەرەوەی ئەم سایکۆلۆژیا
ناتەندروستەی تێدانیە و لەپاڵ نارسیزمدا، ڕق لەوانیتر و بە ناپاک ناوبردنیان،
پرنسیپێکی تری زاڵی ناو کتێبەکەیە.
چوار: ئایا ڕەوایە
زۆربەی زۆری یان ھەمو تاوانەکان و ھەڵەکان و شکستەکانی چەندین ساڵی شۆڕش بخەیتە
ئەستۆی یەک کەس و کەمترین لۆمەی کەسی یەکەم و سەرکردایەتی حیزب بکەیت؟ باشە ئەەوانەی
لە شاخبوون ھەموویان کۆیلەی ئەو تاکەکەسە بوون؟ فیگەری بێ ئیرادە و نەفام بوون؟
یان کەسانێکن بەرپرسن لەوەی لەو مێژووەدا چی ڕوویداوە.
پێنج: بەکام پێوەر و
میتۆدی مێژویی و زانستی، نوسەری ئەم کتێبە، ھیچ ھەڵەو کەموکوڕیەکی نەبوە لە نزیکەی
٤٠ ساڵی ژیانی سیاسیدا؟ بەواتایەکی تر، نوسەر بۆیەکجاریش، ڕەخنەی لەخۆی نەگرتوەو
باسی لەکەموکورتیەکانی خۆی نەکردوە. ي
ئەم ھەڵە زەقە و
ھەمەلایەنە، تەنھا یەکشت تەفسیریی دەکات: نارسیزمێکی ناتەدروست.
شەش: دوای ڕاپەڕین و
یەکگرتنەوەی ئاڵای شۆڕش و یەکێتی نیشتمانی، نوسەر چەندین بەرپرسیاریەتی باڵای
ھەبوە لەناو یەکێتی و زۆرجاریش (ئەم نەوەیە شاھیدن)، مەلا بەختیار یەکێک بوە لە
داڕێژەرانی سیاسەتە ھەڵەکانی یەکێتی.
بەڵام بەیەک وشەش ناڵێت:
بەشێکبوم لەکێشە نەوەک چارەسەرو لەخراپی دۆخی یەکێتی و دۆخی حکومڕانی ئەم ھەرێمە،
پشکم بەردەکەوێت.
ھەموومان مژدە و وادە
سەیرەکانی مەلا بەختیارمان بیرماوە، کە ھیچیان نەک نەھاتنە دی، بەڵکو
پێچەوانەکانیان ڕاستدەرچون. لە هیچ شوێنێکدا باس لە بەرپرسیارێتی خۆی لەخراپی دۆخی
حیزبەکەی ناکات و هیچ پشکێکیشی لە وێرانەیی حکومڕانی ئەم ھەرێمە بەرناکەوێت.
حەوت: کۆتایی کتێبەکەی
تەرخانە بۆ باسکردن لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان. لەمەشدا کەمترین یاخود ھیچ
لۆمەی یەکێتی و خودی خۆی ناکات کە چ ڕۆڵێکی خراپ و نامەدەنیان بینی لەململانێی
گۆڕان. (نانبڕاوکردن، تەزویری ھەڵبژارن، دەمانچە تەوزیعکردن، گرتن و لێدان و ھەوڵی
تیرۆرکردن و ھەڕەشەکردن، ڕاپۆرتی پلینیۆمی یەکێتی ٢٠١٣، دەستێوەردانی حیزب لە
خوێندنگاو زانکۆو دامەزراوەکانی حکومەت و وەرزش لەڕێگای مەکتەبی ڕێکخراوە
دیموکراتیەکان........ھتد).
لە ھەمووشی خۆشتر، مەلا
بەختیار و ھاوڕاکانی ڕایان وابوو بزوتنەوەی گۆڕان لە ٣ کورسی زیاتر ناھێنێت، کەچی
بوو بەو بزوتنەوە گەورەیە لە ساڵی ٢٠٠٩داو ٢٥ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا.
ھەشت: بەدڵنیاییەوە
سیاسەتی کاردانەوەو ڕقی شەخسی، نابەتی بون، خۆ بەفریشتە زان و ڕاکردن
لەتەحەمولکردنی بەشێک لە بەرپرسیاریەتی کێشەکانی شاخ و شار و ھەڵواسینی ھەموو
کێشەکان بە تاکە کەسێکدا، زیاتر بەرەو کەش و ھەوای کتێبێکی وەک ئەلف لەیلە وە
لەیلەمان دەبات، نەک کتێبێک ڕێزی لانی ھەرە کەمی بابەتیبوونی تێدابێت.
. نۆ: وەک ھەمیشە کاک بەختیار لەو کتێبەدا باسی
کۆمەڵێک فەیلەسوف و نووسەری جیھانی دەکات، کە تەنھا بێ ئاگایی لە نووسینەکانی ئەو
نووسەرانە و سایکۆلۆژیای خۆ بە ڕۆشنبیر و تیوریستزان، دەیانھێنێتە ناو کتێبێکی
یاداوەرییەوە کە گوایە باس لە ڕووداوەکانی سەردەمی خەباتی چەکداریی دەکات.
دە: کتێبی "لەبری
بیرەوەری" ناتوانێت ببێت بە سەرچاوەیەک بۆ خوێندنەوەیەکی بابەتیی بۆ ئاڵۆزترین
قۆناغی مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەڵکو گەواهی خودئەڤینییەکی مەترسییداری
سیاسەتمەدارێکە کە لەناو ئەو هەموو شکست و توندوتیژییەی ناو جەنگەڵستانی سیاسەتی
کوردیی، بەتاق و تەنها وەک فریشتەو شۆڕەسواری ڕوداوەکان بە پاکیی ماوەتەوە.