گوتاری مام جه‌لال و پارتی
7/27/2020 4:39:00 PM
عەدالەت عەبدوڵا
حوكمدان له‌سه‌ر گوتاری هه‌ر كاراكته‌رێكی سیاسی له‌ناو مێژوودا، پرۆسه‌یه‌كی وا ئاسان نییه و یاريی منداڵانیش نییه!. گوتار Discourse خۆی، به مانایه‌ك له ماناكان، لێكدراوی كۆمه‌ڵێك وتراو(منطوقات)و نه‌وتراو، بیروباوه‌ڕو هه‌ڵوێست، ستراتیژ‌و ته‌كتیك، تێگه‌یشتن و زانیاری، ئاگایی و نائاگایی، زمان و زاراوه، ژیربێژی و ئاوه‌ز، زاره‌كی و نووسراو، چه‌مكسازی و چه‌مكاندن، ياساو سيستم، نه‌ریت و مۆراڵ، ته‌نانه‌ت حه‌زو ویست و هیواشه. ده‌رهێنانی هه‌ریه‌كێك له‌م ره‌گه‌زانه له ته‌ونی گوتاردا، رێك وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌تی. كورد ده‌ڵێت: «ریسه‌كه ده‌كاته‌وه به خوری».
له‌لایه‌كی تر، گوتار، له‌ناو یه‌ك بڕگه‌ی مێژوویی دیاریكراودا نزیككاریی بۆ ناكرێت، به‌ڵكو چینی جیاجیای هه‌یه و پێویستییان به هه‌ڵكۆڵینه!. ئه‌وه‌ی له‌تێك له مێژوویه‌كی دیاریكراو داده‌ڕێ و ده‌یكاته پێوه‌ر بۆ پێوانه‌كردنی كۆی مێژووی هه‌ر بكه‌ر و دیارده و بابه‌تێكی سیاسی، ئه‌وا ئه‌گه‌ر نه‌خوێنده‌واریش نه‌بێ، ئایدیۆلۆژیسته و ئیشی پێیه‌تی!، ده‌نا ده‌بێت شتێك ئاگاداری ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته زۆر ساده‌یه بێت كه ته‌نانه‌ت هه‌موو قۆناغێكی مێژووییش له روانگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی زانستییه‌وه، زاده‌ی زنجیره‌یه‌ك هۆكار و فاكته‌رن كه به‌شێكیان درێژكراوەی قۆناغی پێشترن، وه‌ك چۆن به‌شێكیشیان به خه‌یاڵ و خه‌ونی قۆناغێكی مێژوویی دیكه‌ن بۆ داهاتوو.
واته ته‌نانه‌ت یه‌ك بڕگه له مێژووی هیچ كاراكته‌رێكدا نییه هه‌م گرێدراوی قۆناغی پێش خۆی نه‌بێت و هه‌م داهاتوو بزووێنه‌ری نه‌بێت له ئاراسته‌كردن و جڵه‌وكردندا، بۆیه گوتار چوارپه‌لی له‌ناو هه‌موو مێژوودایه.
ئه‌و پێشه‌كییه‌م بۆ ئه‌وه‌یه كه بڵێم: هه‌ر جارێك كه باس دێته سه‌ر باسی مام جه‌لال (1933-2017ز) و هه‌ڵوێست و بیروباوه‌ڕی له‌باره‌ی زۆر دیارده‌ی سیاسییه‌وه، له‌ناویشیاندا، هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به هێزێكی وه‌ك پارتی، حوكمدانی سه‌یر و سه‌مه‌ره و ساویلكانه و هه‌ندێجاریش دژبه‌یه‌ك، ده‌بینین!. له‌و نێوانه‌دا، سه‌رنج ده‌ده‌ین كه وێنه‌ی مام جه‌لال، له كۆتاییدا، ده‌كرێته تابلۆیه‌كی شكاو و پارچه‌كراو و هه‌ر پارچه‌یه‌ك ده‌كرێته نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ته‌واوی تابلۆكه و هه‌ر پارچه‌یه‌كی تابلۆكه‌ش وه‌ك وێنه‌ی راسته‌قینه و كۆتا وێنه‌ی مام جه‌لال وێنا ده‌كرێت!، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر گه‌مژه‌ییه، به‌ڵكو غه‌دریشه، غه‌در له زانست و زانین پێش ئه‌وه‌ی غه‌در بێت به‌رامبه‌ر به كاراكته‌رێكی دیاریكراو.
پێش هه‌ر شتێک، پێموایه مام جه‌لال خاوه‌ن گوتار بووه به‌رامبه‌ر به زۆر دیارده‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی. 65 ساڵ ئه‌زموون له‌ناو سیاسه‌ت و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی و ره‌وته ئایدیۆلۆژییه‌كاندا، كه‌م نه‌بوون بۆئه‌وه‌ی ببنه هۆكاری به‌رهه‌مهێنانی گوتار لای مام جه‌لال، به‌ڵام راستیی ئه‌وه‌یه ئه‌م گوتاره، به گشتی و له دواجاردا، تا چه‌ند بۆته رێبازی سیاسی و تا چه‌ندیش كۆمه‌ڵێك نه‌ریتی سیاسیی له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كورددا و به تایبه‌تی له باشووردا به جێهێشتووه؟
ئەوە بابه‌تێكه بۆ لێكۆڵینه‌وه، ساده‌ترین پره‌نسیپی زانستییش ئه‌وه‌یه كه پێشوه‌خت، نه لایه‌نگری هیچ به‌شێكی ئه‌م گوتاره بین و نه له‌دژیشی بووه‌ستینه‌وه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا، تائێستا ئه‌م گوتاره ئاشكرا نه‌كراوه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین شێوێندراوه!. له‌باشترین حاڵیش‌دا گوڵبژێرانه Selective و به‌پێی گوتارێكی سیاسی، یان ئایدیۆلۆژی، یان سایكۆلۆژیی دیاریكراو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له سیاقی مێژوویی خۆشی‌دا، چینه جیاجیاكانی ئاشكرا بكرێت، له‌بری ئه‌وه‌ی رایه‌ڵ و په‌یوه‌ندییه‌كانی به هێز و مه‌عریفه و به ده‌سه‌ڵات و مێژووه‌وه بزانرێت. حوكمی له‌قوتوونراو ئایدیۆلۆژییانه‌ی به‌سه‌ردا دراوه!.
بۆ زانینی گوتاری مام جه‌لال، چ جای به‌رامبه‌ر به پارتی كه هه‌م بكه‌ری گه‌وره‌ی ناوی و هه‌م به‌رهه‌ڵستكاری گه‌وره‌ی مێژووییشی بووه!، هه‌م سه‌رخه‌ر و هه‌م لێده‌ری بووه، هه‌م تیایدا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌م له‌ده‌سه‌ڵاتخراوی ناوی بووه، هه‌م ستایشكراو و هه‌م نه‌فره‌تلێكراوی بووه و ..هتد، پێویستیمان به لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه. گرفته‌كه له باشووری كوردستاندا ئه‌وه‌یه كه ململانێ سیاسییه‌كانی ناو مێژووی 70 ساڵی رابردوومان، كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر چه‌ندین نه‌وه، به خوێنده‌واره‌كانیشمانه‌وه، دروست كردووه و رێ‌یان پێ نادات كه به‌سه‌ر خودێتیی خۆیاندا زاڵ ببن و بابه‌تییانه له‌م جۆره پرسانه بكۆڵنه‌وه.
لێكۆڵه‌ری زانستی له باشوور، له‌م بواره‌دا ده‌بنه سێ تایپ، ستایشكار، زه‌مكار، گوڵبژێركار(إنتقائی) كه هه‌رسێكیان هه‌رچییه‌ك بن، زانستی نین، له بنه‌ڕه‌تیشدا، پێشوه‌خت گومان له توانای هه‌موو توێژه‌رێك ده‌كرێت كه هێزی رووماڵكردنی كاروانێكی 65 ساڵه‌ی له مێژووی سیاسیی كاره‌كته‌رێكدا هه‌بێت و هێزی شیكردنه‌وه‌ی گوتاری هه‌بێ، چ جای بێت و بیه‌وێت له رێی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ندێک ئه‌ده‌بیات، یان سه‌ربورده و گێڕانه‌وه‌ی دۆست و نه‌یار، یان وتاری كاڵوكرچی(نووسه‌ر)ان، یان هه‌ندێک یاداشت نووسینی كه‌سانێكی مێژوونووس، یان كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتن، یان له ئه‌رشیفی ته‌له‌فزیۆنییه‌وه، یان له چه‌له‌حانێی سه‌روه‌ختی ململانێی نێوان هێزه سیاسییه‌كانمانه‌وه، ئه‌م كاره بكرێت!، من پێموایه بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و گوتاره، ته‌نانه‌ت خودی یاداشته‌كانی مام جه‌لال-یش، كه ئه‌گه‌ر خۆیشی بینووسیبایه، هێشتا نه‌ده‌بوونه پێوه‌ری ته‌واو بۆ ناسینی گوتاری ئه‌م سه‌ركرده‌یه.
ئه‌وانه، هه‌موو كۆمه‌ڵێك زانیاریی و داتای پچڕ پچڕن، هیچ هێزێكی شیتاڵكردن و شیكارییان تیادا نییه، بگره هیچ نین جگه له هه‌ڵدانه‌وه‌ی دێڕه‌كان، یان بڕ‌گه‌كان، یان چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له په‌رتوكێكدا كه ته‌نها به لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی زانستیی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن كۆده‌كرێته‌وه‌و ده‌خوێنرێته‌وه، ته‌نانه‌ت له ئایدیاڵترین پڕۆژه‌ی زانستیشدا هێشتا زانینی گوتاری مام جه‌لال ده‌بێته پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز، چونكه ئه‌م سه‌ركرده‌یه ده‌قێكی سیاسیی كراوه‌شه له‌به‌رده‌م راڤه‌كردن و لێكدانه‌وه‌ی جیاجیادا.
بێبەهاترین و گه‌مژانه‌ترین تێگه‌یشتنیش ئه‌وه‌یه كه ره‌هه‌ندی سیاسیی گوتاری مام جه‌لال لە دژایەتیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی، یان سازشكردن و گه‌وره‌كردنی ئه‌و بنه‌ماڵه و حزبه‌دا، ببینیت!.
به مانایه‌كی تر، ئه‌گه‌ر زانستیترین تێكستی مێژوویی له‌باره‌ی مام جه‌لال و گوتاری مام جه‌لاله‌وه به‌رهه‌م بهێنرێت، ئه‌وا هێشتا كێشه‌ی رێكه‌وتن له‌سه‌ر هه‌قیقه‌تی گوتاری مام جه‌لال كۆتایی نایه‌ت، چونكه ئه‌و گوتاره زاده‌ی ده‌ركه‌وتن و خۆ ونكردن، وتراو و شاردراو، نووسراو و نه نووسراو، جاڕدراو و چه‌پێنراو و، كۆی ئه‌و میكانیزمانه‌یه كه هه‌رجاره و له مێژووییه‌كی دیاریكراودا رێی به‌رهه‌مهاتن و شوناسسازییه‌كی پێده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی له‌و قۆناغه جیاجیانه‌دا كه درێژكراوه‌ی مێژووی 70 ساڵی رابردوون!.