فریشتە مستەفا خەریکى چییە؟
09:23 - 28/09/2019
زەمەن: مەزهەر كەریم
ڕۆژگارێک بوو، هەموو ئێوارانێک فریشتە مستەفا لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەوە دەردەکەوت، بەڵام چەند ساڵێکە کەمترین دەرکەوتنی هەیە. وەک خۆی دەڵێت: ئەوە ماوەیەکی دیاریکراو بوو کە لەسەر شاشە بووم، ئێستا هیچ هۆکار نییە بۆ جارێکی تر دەرکەوتنەوەم وەکو پێشکەشکار.
فریشتە هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی نییە بۆ وازهێنان لە کاری میدیاو پێشکەشکاریی، تەنیا ئەوە دەڵێت: ئەو ڕۆژگارە تێپەڕی و جارێکی تر ناگەڕێمەوە سەر شاشە.
فریشتە بۆ “زەمەن” دەڵێت: زۆر داوام لێدەکرێت وەک پێشکەشکار لەسەر شاشە دەربکەومەوە، بەڵام لەم سەردەمەدا بەشێک لە میدیاکان و لە پاڵیدا سۆشیال میدیا، وەک دیوارێکی ناشرینی لێهاتووە. بۆیە زۆر بە وریاییەوە ئەو وشانە هەڵدەبژێرم کە بۆ میدیاکان دەیانڵێم.
فریشتە ئێستا فەرمانبەرە لە بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی و لە زۆر بۆنەو رێوڕەسم و فێستیڤاڵدا لەناوشاری سلێمانی، وەکو کۆڕگێڕو پێشکەشکار دەردەکەوێ.