کێ سەردانی مۆزەخانەکان دەکات؟
08:52 - 08/08/2019
ڕزگار ئەمین-هۆڵەندا
ئەم پرسیارە، ڕەنگە بۆ خوێنەر جۆرێک لە گومان و وەڵامی سەیر جێبێڵێ، چونکە پۆلێن‌کردنی ئەوانەی کە دەچن بۆ مۆزەخانەکان نادیار‌و نەناسراون. هەندێ لەوانە بۆ چێژ دەچن، هەندێ بۆ فێربوون و هەندێ بۆ زانیاریی و هەندێکیش کولتوورە لایان. ئەمانە بۆ هاوڵاتی وڵاتانی خاوەن سیستەم و پێشکەوتوو، ئەی بۆ هاوڵاتی ئێمە؟! من ناتوانم لەبری خوێنەر وەڵام بدەمەوە...
ئه‌و تابلۆ هونه‌رییانه‌ی له مۆزه‌خانه‌کاندا به‌دڵی دیواره‌کاندا هه‌ڵواسراون به‌رزڕاگرتنی شارستانییه‌ت و پێشکەوتنی ژیاری مرۆڤایەتییە، له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌یەکی هۆشیارو ڕێژه‌یه‌کی زۆری دەستەبژێری خوێنده‌وارو ئەهلی هونەرو جوانیی. گەر بە نموونە هۆڵەندا سەیر بکەین، ئەم وڵاتە یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی له ئەورووپادا پشکی پرشنگداری له‌و بواره‌دا به‌رده‌که‌وێت، بەتایبەتیش لە مێژووی گەلەریی و مۆزەخانەکاندا.
له چه‌رخی حەڤدەهەمەوە، واتە نزیکەی ٤٠٠ ساڵ، لەمەوبەرەوە له “ئه‌مستردام” مۆزه‌خانه‌ی “ڕایکس مۆسیم” دروستکراوەو پاشتریش به‌ڕووی بینه‌ره‌کانیدا کراوەتەوە. لەم مۆزەخانەیەدا، چه‌ندین شاکار له تابلۆکانی “ڕێمبراندو فێرمێرو یه‌ن ستاین” و زۆرێکی تری تێدایە، هه‌روه‌کو هۆڵەندییه‌کان ده‌ڵێن “تۆ یه‌کجار ده‌ژیت، ده‌بێت ئه‌و جاره له ژیانتا تابلۆی پاسه‌وانی شه‌وی ڕامبراند ببینیت.!” زۆرێک له به‌ته‌مه‌نه‌کانی ئەم وڵاتە، کارتی تایبەتیی مۆزه‌خانه‌کانیان پێیه، ئه‌وه‌ش بووەتە کولتووری تایبەتیی خۆیان، بەڵام لای ئێمە لە کوردستان، نەک کارتی مۆزەخانە، بەڵکو جارێ مۆزەخانە خۆی ناوێکی نامۆ‌و غەریبە بە هاوڵاتیان.!
بەپێی ئامارێکی نافەرمیی، نزیکەی 60 هه‌زار هاوڵاتیی کورد، له هۆڵەندا هه‌یه، به بۆچوونی من، بەپێی ئەزموونی ئەو چارەکە سەدەیەی لێرە دەژیم، له‌و 60 هه‌زار کەسە، یەک لەسەر چواریان سەردانی مۆزه‌خانه‌کان ناکەن. هۆکار زۆرە، گرنگترینی بەلای منەوە نەبووەتە کو‌لتوور. هاوڵاتی ئێمە هەر لەسەرەتاوە هونەر نەبووەتە بەشێک لە کولتووری ژیانیی، بۆیەو لە ئەوروپا بێ یان لە کوردستان، ئەم کولتووریە خۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێ و بە ئەستەم گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت.!
تاکی ئێمە هەڵگری ئەم کولتوورەیە، خۆ ئەگەر پرسیاری ئه‌وه‌ش بکرێت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێکی کورد لە ئەوروپا بە گشتی و لە هۆڵەندا بە تایبەتیی چالاکییه‌کی هونه‌ری هه‌بێت، چۆن دەبێ و هاوڵاتیی کورد چۆن پێشوازیی لێدەکات؟ له‌وه‌ڵامدا دەڵێین گه‌ر له‌شارێک لە شارەکانی ئەوروپا کوردێک چالاکییه‌کی هونه‌ریی هه‌بێت، ئه‌وا کورده‌کان هه‌ندێکیان هه‌روه‌ک که‌سێکیان مردبێت به‌هه‌مان شێوه، سه‌ردانی چالاکییە هونەرییەکە ده‌که‌ن، بێ هیچ وزەو جۆش‌و خرۆشێک، ئەوانەش سەردانی چالاکییە هونەرییەکە دەکەن، ژمارەیەکی ئێجگار کەمن، پرسیار ناکەین بۆچی و لەبەرچی؟ وەڵامەکەی ڕوونە.!