قوباد تاڵەبانی: هێرش بۆ سەر رۆژئاڤا هێرشە بۆ سەر شکۆی کوردکوردستان
12:53 - 21/01/2026
زەمەن - هەواڵ
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی
کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێمە لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن،
بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن
و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە، دووپاتیشی دەکاتەوە
ئەمە هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد،کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا،
شەڕی تیرۆری دەکات.
قوباد تاڵەبانی لە پۆستێکیدا کە لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە،
ئاماژەی بەوەکردووە:ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن،
بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن
و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە. تەنها ئەوەندە
بەسە بیریان بێت سەردەمێک پشتی رژێمی بەعسیان گرت لە دژی کورد. کورد ما و بەعس بە
دنیایەک کارەسات و تاوانەوە رۆیشت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە:بیری
هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی جیهانی دەخەینەوە کە ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی
خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان،
هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری
کرد و گەلانی سوریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست.
لە کۆتایشدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان،
دووپاتی دەکاتەوە: ئێمە شانازی بەو هەستی هاوپەیوەندی و هاوسۆزییەی هەموو کوردەوە
دەکەین و ئەمەش تەنها گەرەنتیی بوون و مانمانە. بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵێک
بدەین بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژئاوا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و
ئاڵۆزە و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی.