وێنەی ئەو تاوانە مەشێوێنن.. وێنەی ئەو شەڕڤانەی لەبیناکە هەڵدرایە خوارەوە
11:31 - 16/01/2026
زهمهن - بهدواداچوون
زمناكۆ ئیسماعیل
زەینەب کوردونیا ناوی ئەو کچە شەڕڤانەیە، کە دڕندەکانی شەرع لەباڵەخانەیەك فڕێیاندایە خوارەوە، بەڵام ناوی شەڕڤانییەکەی دەنیز چیایە، ئەو کچەی لەنێو میدیای کوردی، بەدەنیز عفرین ناوی دەبرا، ئەو پاش بەرگرییەکی زۆر لەگەڕەکی شێخ مەقسود لەحەڵەب، پاش کوشتنی دەیان کەس لەسوپاکەی شەرع، بەقەناسەکەی دەستی، بەتۆپی سەدو شەش لێی ئەدرێ و گەشمرد دەبێ، لەپاشان لەبینایەک هەڵیئەدەنە خوارەوە، بێئەوەی پشکنین بکرێ و بزانرێ بریندارە، یاخود ژیانی لەدەستداوە، بۆیە پاشتر بەگەشمردبونی، تەرمەکەی سوکایەتی پێدەکرێت و وەك دەستکەوتی گەورەی سوپای سوریا، مامەڵە بەم بابەتەوە دەکرێ.
شەڕڤانی دووهەم، کە وێنەکەی بەهەڵە بەدەنیز عفرینی ناسێندرا، ناوی تەواوی ئامارا خەلیلە، لەنێو شەڕڤانان بەگەریلا ئامارا بانگ دەکرا، ئەم کیژۆڵە چاو شینە موو زەردە، کە زۆرینەمان وامان دەزانی تەرمی ئەو بووە، لەباڵەخانەکە هەڵدراوەتە خوارەو، بەڵام ئەوە تەرمی شەهید دەنیز چیا بووە، نەك شەهید ئامارا، شەهید ئامارا، بەجۆرێکی دیکە شەهید دەکرێ، ئەوان لەگەڵ چەند شەڕڤانێکی ئاسایشی شێخ مەقسود، لەماڵێکی نێو کوچەیەکی شێخ مەقسود گیر دەبن، داوایان لێدەکرێ خۆیان بدەن بەدەستەوە، بەڵام ئەوان بەرگریدەکەن، هەتا فیشەکیان پێنامێنێ، لەبری ئەوەی بچنە سەریان و بەدیلی دەستگیریان بکەن، بەڵام بەتۆپی دەبابە لێیان ئەدرێت و سەرجەمیان لەنێو ئەو ژورە تیرۆر دەکەن، من ڤیدیۆیی کوشتنی ئەو پۆلە شەهیدەم دەستکەوت، کە زۆرینەیان پارچە پارچە بوون، لەنێویاندا ئامارا، بەو جۆرەی وێنەکە گەشمرد بووە کە دەیبینن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هاوڕێیانم لە ئەوروپا خەریکی پێکهێنانی گروپین، بۆ ناساندنی پێشێلکارییەکان، بەراوبەر بەکورد لەحەڵەب، چەندین ڤیدیۆی باشمان کەوتۆتە بەردەست، کە سەرجەمیان بەڵگەن لەسەر تاوانی جەنگ، گرنگە ئێمە چیرۆکی پێشێلکارییەکان وەك خۆی باس بکەین و بگێڕینەوە، گرنگە ئەم جۆرە تاوانانە لەنێو میدیایی ئێمە، بەپێشێلکاری و تاوانی جەنگ ناو ببەین، هەڵەیە کاتێ لەنێو میدیا دەبینین و دەبیستین و دەڵێن ، فڵان گەریلا پاش پێنەمانی فیشەك خۆی کوشت، من وەك شارەزای نێو میدیاو شارەزای شیکردنەوەی وێنە، هیچ یەکێ لەو دوو شەڕڤانە، خۆ کوشتن بەجەستەیانەوە دیار نییە، بەڵکو لەنێو تۆمارە ڤیدیۆییەکانیش بەڕونی دەبینین، کە ژورو باڵەخانەکان بەتۆپی دەبابەو ئاڕ بیجی و بۆمب، لێیان دراوەو شەهید بوون. بەواتایەکی دیکە، ئەوەی ڕویداوە تاوانی جەنگە، نابێ ئێمە بەدەستی خۆمان، ئەو تاوانە بسڕینەوە، لەتاوانی جەنگەوە بۆ کردەی گیانفیدای و خۆ کوژی.