19 کوردستان

بارزانی لە 79یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە

01:04 - 16/08/2025

زەمەن - هەواڵەكان

لە 79یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، مەسعود بارزانی سەرۆکى حیزبەکە رایگەیاند، دامەزراندنی پارتی پێویستیەكی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستان لە بەرامبەر پیلانی نەیار و داگیركەرانی كوردستان، کە هەوڵی شكاندنی ئیرادە و بێدەنگكردنی خەباتی گەلی كوردستانیان دەدا.

لە پەیامێکیدا بەبۆنەی 79یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند، پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف، پێناسە و بوونی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.

مەسعود بارزانی جەختدەکاتەوە، پارتی لە هەموو قۆناغەكاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵتركردنی فرەلایەنی، برایەتی و پێكەوەژیان بووە و لەوەشدا رۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكانی مێژووی سیاسیی كوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە.

هەروەها سەرۆکی پارتی لە پەیامەکەیدا دەڵێت؛ بۆیە پێویستە هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن، دەبێت ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن، كە خزمەتكردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستانە.
داواش لە هەموو پارتییەكان دەكات، ئیرادە و هیوایان بەهێز بێت، وەک سەرۆکی پارتی دەڵێت "پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێزە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن