ئێمە ئەركی خۆمان جێبەجێكردووە بەغدا مووچە نانێرێت
03:21 - 11/05/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی داواش لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، پرسی مووچە نەکاتە قەزییەیەکی سیاسی و دەشڵێت: لە پرسی مووچە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی ئایاری ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی فەرمانبەر و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە تا ئێستا زۆر پشوودرێژ بوونە، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن، حکوومەتی فیدراڵییە تا ئێستا مووچەی نەناردووە."
ئاماژەی بەوەشدا، "لە پرسی مووچەی فەرمانبەران حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوە و ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیدیکە بابەتی مووچە نەکەنە قەزییەیەکی سیاسی و وەک فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنن، هیوادارین بە زووترین کات (خەرج بکرێت) و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین."