94 کوردستان

راستەوخۆ دواى دەنگدان کامێراى پۆینت تو پۆینت لەسەر رێگاى سلێمانى- چەمچەماڵ دەکەوێتەکار

10:46 - 10/10/2024

زەمەن _ سلێمانی

 

 دواى تەواوبونى پرۆسەى هەڵبژاردن، کامێراى پۆینت تو پۆینت لەسەر رێگاى سلێمانى- چەمچەماڵ دەکەوێتەکار و دواتریش ئەو سیستمى کامێرایە لە چەند رێگایەکى دیکەش دادەنرێت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، نوێنەرى کۆمپانیاى جێبەجێکارى کامێراى پۆینت تو پۆینت بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاندووە: دانان و جێگیرکردن و تێستى کامێراکان لەسەر رێگاى سلێمانى-چەمچەماڵ کۆتایی هاتوە، نوسراویان بۆ وەزارەتى ناوخۆ کردوە بەمەبەستى تێست کردنى، بەڵام بەهۆى بانگەشەى هەڵبژاردن و دواتر پرۆسەى دەنگدان بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کارەکە دواکەوتوە.

 

دەشڵێت: وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێی راگەیاندون راستەوخۆ دواى تەواوبونى پرۆسەى دەنگدان تێستى کامێراکان دەستپێدەکات و مانگێک دواى تێست کردنیش بە فەرمیی دەکەوێتەکار.

 

ئەوەشی ئاشکراکردووە، کەمترین خێرایی ئەم کامێرایانە ٨٠ دەبێت و زۆرترینیش ١٠٠، کامێراى چاودێریشیان بۆدانراوە تا هاوڵاتییان هەوڵى تێکدان و شکاندنى نەدەن.

 

نوێنەرى کۆمپانیاى جێبەجێکارى کامێراى پۆینت تو پۆینت ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەى کامێراکان ٢٨ کامێرا دەبێت ١٤ کامێراى لە تاسڵوجە بۆ بانى مەقان، ١٤ کامێراشیان بە پێچەوانەوە و لە قۆناغى داهاتوشدا هەمان سیستمى کامێرا لەسەر رێگاى عەربەت- سلێمانى تا شەقامە نوێیەکەى سەیدسادق بۆ هەڵەبجەى شەهید و دواتر سلێمانى-دەربەندیخان و دەربەندیخان- کەلار دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن