1004 ئابوری

بانکى ناوەندیى هەنگاوێکى نا پێدەچێت نرخى دۆلار دابەزێنێت

09:14 - 03/10/2024

زەمەن - ئابورى

 

لە هەنگاوێکى نوێدا بۆ کەمکردنەوەى خواست لەسەر کڕینى دۆلار و زیادکردنى دراوى نوێ بۆ مامەڵە دەرەکییەکان، بانکى ناوەندى عێراق دراوى یۆرۆى بۆ مامەڵەکردنى بازرگانان لەگەڵ تورکیا پەسەندکرد.

 

عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکیى ناوەندى عێراق لەگەڵ ئۆنێل بورا ئینان، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق کۆبووەتەوە و لە کۆمبوونەوەکەدا نوێنەرانى ئەو بانکە تورکییانەشى تێدابووە کە لە عێراق کاردەکەن، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون بۆئەوەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوانیان بە یۆرۆ ئەنجامبدەن.

 

بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان بانکى ناوەندیى عێراق و بانکەکان تورکیا، لەمەودوا بازرگانانى عێراق دەتوانن لەبرى دۆلار بە یۆرۆ مامەڵە لەگەڵ بازرگانانى تورکیا بکەن، بەڵام دەبێت مامەڵەکان لەرێگەى ئەو بانکە تورکییانەوەبێت کە لە عێراق لقیان هەیە، کۆمپانیایەکى بەریتانیش وردبینى مامەڵەکان دەکات.

 بانکى ناوەندیی عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئامانج لە دەستپێکردنى ئەو هەنگاوە ئەوەیە، پارەى پێویست بۆ بازرگانی بەشێوەیەکى "رێکوپێک و خێرا" دەستەبەر بکرێت هەروەها خواست لەسەر کڕینى دۆلار کەمتردەبێتەوە، بەوپێیەى ساڵانە قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان عێراق و تورکیا دەگاتە 20 ملیار دۆلار کە زۆرینەى بە دۆلار دەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن