دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردنی راگەیاند
08:24 - 01/06/2023
زەمەن-كوردستانی
هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ( سێ ) تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە هەوڵیاندابوو خوێندکاران فریو بدەن کە پرسیاری پۆلی ( ١٢ )ی ئامادەیی دەفرۆشن بە ڕێگای مامەڵەی ئۆنلاین .
پاش دەستکەوتنی زانیاری لەسەر فرۆشتنی ئامێرەکانی ( قۆپیکردن )
و تێکدانی دەرونی خوێندکاران و فریودانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە کە پرسیاری پۆلی دوانزەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دەفرۆشن ، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە ، هێزەکانی دەزگای ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین و ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ماوەیەکی کورتدا زانیاری پێویست بەدەستهات بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان
سەرئەنجام توانرا گروپێکی ( ٣ ) کەسی دەستگیربکەن،کاریان فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن بووە و دەستگیرا بەسەر چەند ئامێر و کەرەستەی قۆپیکردن وەک :
_ ئامێری پەیوەندیکردنی ( بێسیم ) بە شێوەی شاراوە لە جلوبەرگی ژێرەوەی پیاوان و ژنان دانرابوون .
_ بیستۆک ( سەماعە ) .
_ قەڵەم جافی قۆپیکردن .
_ ئامێری پشکنین .
تۆمەتباران پێکهاتوون لە ( ش ، ع ، ڕ ) ، ( ە ، م ، ح ) ، ( ش ، ف ، ک ) تەمەنیان لە نێوان ٢٠ – ٢٥ ساڵدایە ، دانیشتوی هەرێمی کوردستانن ، تۆمەتباران ئامێرەکانیان لە ناوڕاست وباشوری عێراق هێناوە و هەوڵیانداوە لە ڕێگای ( ئۆنلاین )ەوە ئامێرەکانیان ساغبکەنەوە .
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە سەرجەم خوێندکاران ، هۆشیاربن و فریو نەدرێن بەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی ( ١٢ ) دەکرێت هەروەها بەدووربن لەهەر ئامێرێکی قۆپیکردن ، لە پێناو بە دیهێنانی کەشێکی ئارام و تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوو.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان