وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنەوەو بەیەکەوە بەستنی رێگای ناحیەی سێگردکان-دێگەڵەی دانا
06:01 - 01/06/2023
زەمەن-كوردستانی
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنەوەو بەیەکەوە بەستنی رێگای ناحیەی سێگردکان-دێگەڵە دادەنێت و راشیدەگەیەنێت؛ ئەوەی لەتوانای وەزارەتیاندا بێت درێغی ناکەن بۆ تەواوکردنی رێگا دوسایدییەکان.
ئەمڕۆ لەژێر سەرپەرشتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و بەئامادەبونی ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەرپرسانی حکومی بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنەوەو بەیەکەوە بەستنی رێگای ناحیەی سێگردکان-دێگەڵە دانرا.
لەوتارێکیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند؛ بەتەواوبونی ئەم پڕۆژەیە کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتیان و کارئاسانی بۆ گواستنەوەی بەرھەمی جوتیاران دەستەبەر دەبێت، ھیوادارین پڕۆژەکە بەشێوەیەکی باش و لەکاتی دیاریکراودا تەواو بکرێت.
جەختیشیكردەوە: لەم کابیەنەیەدا سەرەڕای قەیرانە داراییەکان گرنگی باش بە رێگاوبان دراوە.
هەروەها ئەوشەی خستەڕو: دۆخی رێگاوبان لەئاستی خواستی ئێمەدا نیە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، ئاشکرایە رێگاوبان بەتایبەت رێگا دوسایدییەکان پرۆژەی گەورە و ستراتیژین و بودجەی گەورەیان پێویستە، بەڵام قەیرانەکان و نەناردنی بودجەو پەتای کۆرۆناو دۆخی سیاسی، رێگربو لەوەی حکومەت داھاتی پێویستی لەبەردەستدا بێت بۆ تەواوکردنیان، بەڵام بەڵێن دەدەین ئەوەی لەتوانای وەزارەتماندا بێت درێغی ناکەین بۆ تەواوکردنیان و ھەمو ھەوڵێک دەدەین.
پڕۆژەی چاککردنەوەو بەیەکەوە بەستنی ناحیەی سێگردکان-دێگەڵە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، گوژمەکەی (4.000.345.500) ملیار دینارەو ماوەی کاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش (450)رۆژە.

