207 کوردستان

توێژەرێكی یاسایی: تەمەنی شەرعیەتی سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێم دوو مانگی ماوە

06:13 - 31/05/2023

"زەمەن"

سمكۆ ئەسعەد پارێزەر و توێژەری یاسایی، ڕونیده‌كاته‌وه‌ به‌پێی ده‌سوووری عێراق، تەمەنی شەرعیەتی سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێم دوو مانگی ماوە، وتی دەبێت سەرۆكی هەرێم لەماوەی 60 رۆژدا سێ بڕیار دەربكات و حكومه‌ت بكات به‌ كاربه‌ڕێكه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بۆ چاودێریكردنی ڕابسپێرێت.

سمكۆ ئەسعەد پارێزەر و توێژەری یاسایی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، به‌ "زه‌مه‌ن"ی راگەیاند، بڕیارەكه‌ی دوێنێی دادگای فیدراڵی، هەرێمی كوردستان دەخاتەبەردەمی كۆتاییهاتنی شەرعیەتی دەسەڵاتەكانی دیكەی بەپێی دەستوری عێراق.

 

ڕونیكرده‌وه‌، بەهۆكاری ئەوەی هەرێمی كوردستان دەستوری نیە، دەبێت بۆ تێگەیشتن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پەنا ببرێته‌وه‌ بەر دەستوری عێراق، بۆئەو مەبەستە دەبێت بچینە بڕگەی دووەمی ماددەی 64ی دەستور، كە باس لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و رۆڵی حكومەت دەكات، ئەو بڕگەیە رۆڵەكەی سپاردوە بەسەرۆك كۆماری عێراق بەلەجێدانان، بۆ هەرێمی كوردستان ئەو رۆڵە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكی هەرێم، واتە سەرۆكی هەرێم لەبەر رۆشنایی بڕگەی دوەمی ماددەی 64 لەسەریەتی، ئەوەی ماوە لە قەوارەی هەرێم بیپارێزێت.

 

سمكۆ ئەسعەد، زیاتر وتی "لەبەر رۆشنایی ئەو ماددەیە پێویستە سەرۆكی هەرێم بڕیارێكی سەرۆكایەتی دەربكات، بەدانپێدانانی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، لەبەر رۆشنایی ئەو ماددەیەش ماوەی 60 لەبەركاربونی بڕیارەكەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بكات، نوسراو ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە".

 

وتیشی "بڕگەی دوەمی فەرمانە سەرۆكایەتەكە دەبێت حكومەتی ئێستای هەرێم بەدەستلەكاركێشاوە دابنێت، رایبسپێرێت بۆ بەڕێكردنی كاری رۆژانەی هاوڵاتیان و دامودەزگا گشتیەكانی هەرێم، بڕگەی سێیەمی بڕیاری سەرۆكایەتیەكە دەبێت داوا لەدەسەڵاتی دادوەری هەرێم بكات چاودێری و سەرپەرشتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكات لەبەرئەوەی پەرلەمانی هەرێم بونی نەماوە بۆ چاودێریكردن".

ئه‌و پارێزه‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا هەرێمی كوردستان نەكەوتۆتە بۆشایی دەستوری تەواوەوە، بەڵام یەكێك لە سێ بنچینە سەرەكیەكەی هەرێم كە دەسەڵاتی یاسادانانە بەهەڵوەشاوە دانراوە، دوای دوو مانگی دیكە دەسەڵاتی جێبەجێكاریش بەسەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بەهەڵوەشاوە دادەنرێن.

وتی "ئەگەر لەماوەی 60 رۆژدا سەرۆكی هەرێم بانگەشە بۆ هەڵبژاردن نەكات، بەپێیەی تەمەنی شەرعیەتی سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێم دو مانگیان ماوە و ئەوكاتە بۆشایی یاساییە و دەكەوینە بەر سەروەری بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەهەمو ڕوەكانی جێبەجێكاری و بڕیار و یاسادانان و بوارەكانی حوكمڕانی".

سمكۆ ئەسعەد،  سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كانی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر، وتی "بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە 121ی ساڵی 2022 كە لە 15ی (ئایار/5)ی 2022 دەرچووە، بەگشتی باس لەئەركەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر دەكات، گرنگترین سەرهێڵەكانی ئەوەیە، حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نیە هیچ بڕیارێكی چارەنوسساز كە رەهەندی سیاسی و ئابوری و ئاستی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە دەربكات، هەروەها حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نیە هیچ بڕیارێك لەبارەی رێكەوتننامە و قەرز و دانانی پلەی باڵا لەحكومەتدا بدات، سێیەم ئەركی سەرەكی ئەو حكومەتە كاربەڕێكەرە بریتیە لەجێبەجێكردنی فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئاسانكردنی رێكارەكانی بەئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دەستوەردان، پەلەكردن لەكۆبونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی داهاتو".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن