79 کوردستان

وەزیری خوێندنی باڵا: با ئەو پەیامە بەڕونی بگات، کە نەزاهەی تاقیکردنەوەکانی ماستەر و دکتۆرا هێڵی سورە

08:43 - 29/05/2023

زەمەن

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: پاراستنی نەزاهەی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی باڵا/ دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمی باڵا، هێڵی سورە، وتی "لەم پرۆسەیەدا بەوپەڕی لێپرسراویەتی کار دەکەین بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی و شەفافیەت و بێ لایەنی".


دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، بەسەرپەرشتی ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی، کۆبونەوەیەک بەمەبەستی باشتر ڕاییکردنی کاروبارەکانی هاوڵاتیان و دواین قۆناغ و هەنگاوەکانی پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمی باڵا و خوئامادەکردن بۆ وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی بەڕێوەچونی پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا کردو فەرمانگەی تایبەتمەندی ڕاسپارد بەو پەڕی لێپرسراویەتییەوە کار بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بکەن.

دوپاتیشی کردەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ فێرخوازان ڕەخساندنی ژینگەی لەباری خوێندن و فێربون و پێگەیاندنیانە، هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕایگەیاند: لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچون و سکاڵاکان دەست کراوە بن لەوەی ڕێگر بن لە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و نادادپەروەری. هەروەها جەختیشی کردەوە هەر سەرپێچی و پێشێلکاری و دەستوەردانێکی نایاسایی و بەدەر لەڕێنماییەکان ئەنجامدەرانی روبەڕوی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە.

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرو بابەتێکی پەیوەست بە کاروباری فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناوی دیوانی وەزارەت گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانگەکانی ڕاسپارد پێداچونەوەی جدی بە کاروبارەکانیان بکەین، بەشێوەیە باشتر لە پێشوو کاروباری هاوڵاتیان و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان لە وەزارەت و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت دوانەکەوێت و خزمەتکردن بە هاوڵاتیان و جێبەجێکردنی کارەکانیان ئەولەویەتی کارکردنمان بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن