ڕۆمانێکی نەبینراوی گابرێل گارسیا مارکێز بڕیارە ساڵی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە
10:34 - 30/04/2023
138 جار خوێندراوەتەوە
زەمەن:
لە کۆتاییدا دەنگۆی بوونی کتێبێکی نەبینراوی گابرێل گارسیا مارکێز، نووسەری بەناوبانگی کۆڵۆمبیا و خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، پشتڕاستکرایەوە و بڕیارە ئەم بەرهەمە نەبینراوە لە ژێر ناوی "En Agosto Nos Vemos" واتە (لە مانگی ئاگێستدا یەکتر دەبینین) ساڵی داهاتوو چاپ بکرێت.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەو بابەتە نووسێوێتی " لە مێژە دەنگۆی ئەوە هەیە کە شاکارێکی ئەدەبی نەبینراوی مارکێز لەناو سەندووقێکدا لەلایەن بنەماڵەی نووسەرەوە یان لە ئەرشیفی تایبەتی ئەو نووسەرە لە زانکۆی تەکساس هەڵگیراوە.
خانەی بڵاوکردنەوەی "پێنگوین ڕاندۆم هاوس' پشتڕاستی کردوەتەوە کە ڕۆمانێکی بڵاونەکراوەی گابرێل گارسیا مارکێز بە ناوی 'لە مانگی ئاگێستدا یەکتر دەبینین' نەک هەر بوونی هەیە، بەڵکو لە ساڵی 2024دا دەچێتە ناو ڕەفەی کتێبفرۆشییەکانی ئەمریکای لاتینەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە نێو ئەدەیبان و هۆگرانی ئەدەبدا دروستکردووە .
لەوکاتانەی گابرێل گارسیا مارکێز لە ساڵی 1991دا کورتە چیرۆکێکی لە گۆڤاری کامبیۆی کۆڵۆمبیدا بڵاودەکردەوە، قسە و باس لەسەر بوونی ئەم کتێبە دروست بووە.
چیرۆکی ئانا ماگدالینا باخ، ژنێک کە لە کاتی سەردانی بۆ دوورگەیەکی گەرم بۆ دانانی گوڵ لەسەر گۆڕی دایکی دەکەوێتە پەیوەندییەکی سۆزدارییەوە و پێدەچێت یەکەم بەشی کتێبێک بووبێت کە گابرێل گارسیا مارکێز کاری لەسەر کردووە.
بەڵام دوای کۆچی دوایی ئەو نووسەرە ناودارە جیهانییە لە ساڵی 2014دا، ئەو باوەڕە دروستبوو کە ئەو کتێبە هەرگیز ناکەوێتە بەر دیدی خوێنەران، چونکە بنەماڵەی نووسەرەکە پێشوازییان لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی تەواونەکراو نەدەکرد.
بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە دەڵێت "هەڵوێستی دوو منداڵەکەی مارکێزە ئەوە بوو کە نابێت کتێبەکە چاپ بکرێت، بەڵام وادیارە دوای خوێندنەوەی دەستنووسەکە بیروڕایان گۆڕیوە."
منداڵەکانی مارکێز ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاندووە کە ئەوان بەرهەمەکە بە شتێکی بەنرخ دەزانن کە نابێت لە خەڵکی کۆڵۆمبیا و جیهان بشاردرێتەوە.
تا ئێستا وردەکاری زۆرتر لەسەر کتێبەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دەوترێت لە پێنج بەشی جیاواز پێکدێت و پاڵەوانی سەرەکی کتێبەکەش ئانا ماگدالینایە و نزیکەی 150 لاپەڕە دەبێت.
گابریێل گارسیا مارکێز، نووسەر و ڕۆمانووسی ناودار لە ساڵی 1928لە کۆلۆمبیا لەدایک بووە و لە ساڵی 2014دەشدا لە تەمەنی 87 ساڵەیدا کۆچی دوایی دەکات.
مارکێز لەساڵی 1982بۆ نووسینی ڕۆمانی 'سەد ساڵ تەنیایی' دەبێتە خاوەنی نۆبڵی ئەدەبیات.
سەرچاوە/گاردیان/دەنگی ئەمەریکا