کوردستان

هاتووچۆی هەولێر: لە نەورۆزدا کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی زیاد دەکەین

11:51 - 20/03/2023 102 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_هەولێر



بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر پلانێکی هەشت خاڵی راگەیاند بۆ رێکخستنی هاتووچۆ لە هەولێر رۆژانی جەژنی نەورۆزدا ، بۆ رێگری لە تیژڕۆیی، کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی زیاد دەکرێت.


 بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای هەولێر بەمەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ، کەمکردنەوەی ئەگەری خنکانی رێگای سەیرانگاکان و کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، پلانی رۆژانی نەورۆزی راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرجەم ئەو رێگایانەی کە بۆ سەیرانگاکانی (هەنارە، شێخ توراب، دەربەند، کەسنەزان، بێستانە، زورگەکانی مەخمور، خەبات) دەچن، کراوە دەبن بۆ هاتن و چوون، هیچ رێگایەک داناخرێت و ناکرێت بەتەنیا هاتن یان چوون.


دەقی راگەیەندراوەکە:    

بەمەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی ئەگەری خنکانی رێگای سەیرانگاکان، هەروەها کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ بۆ رۆژانی نەورۆز، شێوازی کارکردن بەو شێوەیە دەبێت:

1- سەرجەم ئەو رێگایانەی بۆ سەیرانگەکانی: هەنارە، شێخ توراب، دەربەند، کەسنەزان، بیستانە، زورگەکانی مەخموور و خەبات دەچن، کراوە دەبن بۆ هاتن و چوون و هیچ رێگایەک داناخرێت و ناکرێت بە تەنیا هاتن یان چوون.

2- بەدرێژایی ئەو ڕێگایانەی بۆ سەیرانگەکان دەچن، ئەفسەر و کارمەندانی هاتووچۆ بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ رێکخستنی هاتووچۆ و رێگاگرتن لە هەر سەرپێچییەک کە ببێتە هۆی خنکانی رێگەکان.

3- هاتووچۆکردنی هەر بارهەڵگرێک کە کێشی هەڵگرتنی سەرووی هەشت تۆن بێت، قەدەخە دەکرێت لە کاتژمێر 06:00ـی  بەیانییەوە، تاوەکو درەنگانی شەو و ئاسایی بوونەوەی (هاتووچۆ) لە رێگەکان.

4- بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام لە سەیرانگەکان بە هەموو شێوەیەک هاتووچۆکردنی ماتۆرسکیلی دوو تایە بۆ سەیرانگەکان قەدەخە دەکرێت و، تەنها رێگە دەدرێت بە ماتۆرسکیلی سێ تایە بۆ هاتووچۆکردن.

5- بەمەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی مەینۆشی و لێخوڕین لەژێر کاریگەریی مادە سەرخۆشکەرەکان، لە سەرجەم رێگەکان، بەتایبەتی لەکاتی گەڕانەوە لە سەیرانگەکان، مەفرەزە بۆ پشکنینی مەینۆشی دادەنرێت و، هەر شوفێرێک گومانی مەینۆشی لێبکرێت، پشکنینی بۆ دەکرێت.

6- بۆ ڕێگریکردن لە تیژڕۆییکردن و پێشبڕکێکردن، لە هەر شوێنێک ئەگەری تیژڕۆیی لێبکرێت، کامیرای چاودێریی تیژڕۆیی دادەنرێت.

7- هێڵی گەرمی هاتووچۆ (440) بەدرێژایی کات کراوە دەبێت و لەخزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

8- لەڕێگەی رادیۆی هاتووچۆی هەولێر، بە بەردەوامی زانیاری لەسەر دۆخی رێگەکان لەگەڵ رێنمایی بڵاودەکرێتەوە.

بەهیوای پابەندبوون و سەلامەتی
و نەورۆزتان پیرۆز دوبارە.

 ب. هاتووچۆی هەولێر
2023/3/20

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ