کەلتور

نیچە، نیتچە، نیتشە، نیتچێ، نیتشێ، و یەک ناو، دەیان دەبڕینی جۆراوجۆر لە کوردییدا:

01:41 - 24/01/2023 108 جار خوێندراوەتەوە

كولتووری زەمەن
پێشڕەو مەحمود

 

لە زمانی ئەڵمانییدا نیچە ناوێکی دەگمەنە. ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە سەر پۆڵەندا. ئەم ناوە دەیان گرفتی بۆ لێکۆڵەران، نووسەران، وەرگێڕ و خوێنەران لە زمانی کوردییدا دروستکردووە. تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەسەر ئەم ناوە نییە. بۆ نموونە دەزگایەکی وەک سەردەم خۆی بە هەرسێ فۆرمی «نیچە، نیتچە، نیتشە» کتێب چاپ و بڵاو دەکاتەوە، ئەوە لە کاتێکدا هەموو دەزگایەکی چاپەمەنیی لە جیهاندا ڕێسا و ستانداردی خۆی هەیە. بەڵام ئەم سەرلێشێواوییە چییە لە زمانی ئێمەدا بۆ ئەم ناوە؟

 

لە ڕاستیدا دەربڕینی ئەڵمانیی ناوەکە زۆر بە سانایی «نیچە»یە، نە نیتچە و نە نیتشە. بەلامەوە زۆر سەیرە زۆرجار ئەو کوردانەی پاساوی «نیتشە» یان «نیتچە» بۆ زمانی ئەڵمانیی دەهێننەوە، یان دەبێت هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان زەحمەتیان بە خۆیان نەدابێت گوێیان لە ئەڵمانییەک گرتبێت چۆن ناوەکەی گۆ دەکات یاخود هیچ تێکەڵبوونێکیان لەگەڵ زمان و کولتوور و کۆمەڵگەی ئەڵمانییدا نەبووبێت. هیچ ئەڵمانێک لەسەر زەوی ناڵێت «نیتشە» یاخود «نیتچە». من ئەو هەموو ساڵەی لە ئەڵمانیا لەناو بازنە کولتووریی و فەلسەفییەکانی ناو ئەکادیمیا و دەرەوەی ئەکادیمیا کارم کردووە و کاردەکەم و زۆرێک لە هاوڕێ نزیکەکانم نیچەناسن، لای هیچ کەس گوێت لێنابێت بڵێت «نیتشە» یان «نیتچە»، زۆر بەسانایی «نیچە».

 

کێشە بۆ ئەم دەڕبڕینە بە دڵنیاییەوە لە زمانەکانی دیکەشدا هەیە، بەڵام پیتە لاتینییەکان لە نووسینیدا گرفتیان بۆ دروست نابێت و بەسانایی وەک خۆی دەینووسنەوە. کێشەکە چییە؟ پاشگری «tsch» بە «چ» گۆدەکرێت، ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین ڕۆژانە هەزار جار گوێیان لە دەربڕینی «چووس» (ماڵئاوا، بای) دەبێت، کە بەمجۆرە دەنووسێت «Tschüss» یاخود (Tsch-ü-ss) کەواتە هەمان پاشگری «چ» (tsch) لە ناوی نیچەدا هەیە. بەڵام ئەوەی لە بنەڕەتدا سەری لە زۆر کەس تێکداوە کە ئاگایان لە ڕیشەناسیی ناوی «نیچە» و ئەم یارییکردنە بە ناوەکەوە نییە، بریتیی لە پیتی «z» لەنێوان «نی» (Nie) و «چ» (tsch)دا. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم پیتی «z» بۆ پەڕیوەتەوە ئەم نێوە؟ ناوی نیچە بەبێ پیتی «z» بەمانای «schlampige» واتا «سەرلێشێواو، ئاڵۆز، پیس و پۆخڵ، فشەفش، تێکەڵ و پێکەڵ» و هتد دێت. نیچە کە خۆی ڕیشەیەکی پۆڵەندیی هەیە پیتی دەنگداری «cz»ی پۆڵەندیی (بۆنموونە لە دەنگی چێکوسلۆڤاکیادا) کە بە «چ» گۆدەکرێت (و ئەمڕۆ لە پۆڵەندیی و چێکییدا بە  č دەنووسرێت) دەگوازێتەوە ناو ئەڵمانیی و هەروەها ئەمڕۆ لە هەرێمی سەکسۆنیا-ئانهالت (زاکسن-ئانهالت) گەڕەکێک لە لۆینا لە زالەکرایس هەیە بەناوی «کووچاو» (Kötzschau) کە پێشتر سەر بە پۆڵەندا بووە و هەمان دەنگی «tzsch»ی ناوی نیچەی تێدایە.

 

زۆر بە سانایی نیچە بۆ ئەوەی ناوی خۆی «Nietzsche» تێکەڵی «Nietsche» نەکات کە وەک گوترا بە ماناکانی وەک «سەرلێشێواو، خزاو، ئاڵۆز، پیسوپۆخڵ و هتد» دێت، ڕاستەوخۆ دەنگی پۆڵەندیی دەگوازێتەوە ناو ناوەکەیەوە. خۆشی لە «ئەمەیە مرۆڤ»دا ئاماژە بەم ڕیشە پۆلەندییەی خۆی دەکات. هیوادارم خوێنەران و لێکۆڵەران و نووسەران و وەرگێڕەکان لەسەر فۆرمی ستانداردی ئەم ناوە لە زمانی کوردییدا، ڕێکبکەون.

 

دەتوانن بە هێوایش گوێ لەم ڤیدیۆ کورتە بگرن، ئەگەر حەزتان کرد:
https://www.youtube.com/watch?v=SHIo5TX7kCU

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن