وردەکاریی کافشین لە ڕۆماندا
08:18 - 26/05/2022
گۆران سەباح/کولتوری زەمەن
لە باسەیلی
پێشوومدا، بە وردی باسی پڵۆت و کارەکتەرم کرد. نۆرەی کات و شوێنە. لای هێروە، با وشەیەک بۆ کورتکردنەوەی (کات و
شوێن) داتاشین. پێشتر وشەی (خەز)م داتاشی بۆ خەیاڵی زانستی. جێی خۆی قایم کردووە.
ئینگلیز (setting،
سێتینگ)ی هەس بۆ (کات و شوێن). بۆ کوردی (کافشین) بەکار دەبەم. کاف پیتی یەکەمی
(کات) و شین پیتی یەکەمی (شوێن).
وەک پڵۆت، کارەکتەر، تێما، ململانە، دیالۆگ، سەرەتا و کۆتایی، (کافشین)یش
لە ڕەگەزە هەر گرنگەکانی ڕۆمانە. باشە کافشین چییە؟ کات و شوێنە نووسەر
هەڵیاندەبژێرێت بۆ ڕۆمانەکەی، جا واقیعی یان خەیاڵی بن. بەکورتی، کەی و لە کوێ
دەقەومێ.
باسی فەلسەفە، پێوەر، سایکۆلۆژیا و فیزیای کات ناکەم. باسی کات دەکەم لەنێو
ڕۆماندا. ئێ باشە کات چییە لە ڕۆمان؟ ئەستەمە پێناسەیەکی
ڕووت بۆ کات بکەین. لە ڕێی جۆرەکانییەوە، دەتوانین. چوار جۆرە (کات)مان هەیە.
1-کاتی نووسەر: کاتی نووسین و نووسیاریی ڕۆمانەکە.
2-کاتی ڤەگێڕ: ئەو کاتەی ڤەگێڕ چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.
3-کاتی پلۆت: کاتی ڕووداوەکان.
4-کاتی خوێنەر: ئەو دەمەی خوێنەر دەیخوێنێتەوە.
زانینی کاتی نێو ڕۆمان دەوەستێتە سەر تەکنیکی گێڕانەوە.
بۆ نموونە، ئەگەر ڤەگێڕ بەشێوەی کڕۆنۆلۆژی چیرۆکەکە بگێڕێتەوە، کاتەکە بەڕوونی
بەدیار دەکەوێت. ڕەنگە باسی ماوەیەکی مێژوویی بکات، یان باسی ژیانی کەسێک، یان
سەربوردەی یەکێک، هتد بکات. بۆ نموونە ڕۆمانی (میرنامە)ی جان دۆست، کات بەڕوونی
دیارە، سەردەمی ئەحمەدی خانییە.
تەکنیکی فلاشباک و فۆرشادۆوینگیش زانینی کات سانا دەکەن.
بۆ نموونە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، کاتی ڤەگێڕ ساڵی (٢١٠٠)ە، بەڵام بە تەکنیکی
فلاشباک سەتەیەک دەگەڕێینەوە پاش، باسی دوو هەزار و دە و بیستیش دەکەین. کاتی
نووسەر لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا ساڵانی (٢٠١٦-٢٠٢١)ە. کاتی پلۆت بەپێی هەر
ڕووداوێک جیاوازە. کاتی گشتیی پلۆتەکە یەک هەفتەیە لە ٢١٠٠. کاتی خوێنەر لە (٢٠٢١ )ەوە
دەست پێ دەکات، ئەو دەمی چاپ بوو. لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاوازە.
لە ڕۆمانی مۆدێرن (سەرەتای سەتەی بیستەم) و ڕۆمانی
پۆستمۆدێرن (دوای جەنگی جیهانی دووەم) و ڕۆمانی مێتا پۆستمۆدێرندا (سەرەتای سەتەی
بیست و یەک)، کات لەنێو ڕۆمان هاتە شاردنەوە. هەندێ ڕۆماننووس (جێیمس جۆیس، فڕانز
کافکا، ویلیەم فۆکنەر، ڤلادیمیر نابۆکۆڤ، کێرت ڤانەگەت و چەندانی تر) وایان کرد.
(کات)یان بزر کرد لە ڕێی تەکنیکی (لەتلەتکردن، شێواندن و شکاندی هێڵی گشتیی کات). بەکورتی،
بەڕوونی و بەئاسانی (کات) دیاری ناکرێت لەنێو ڕۆمانەکانیاندا.
بۆیە دوو جۆرە کافشین هەن. کافشینی دیار و نادیار.
دیار ئەوەیە کافشین ڕۆلێکی گرنگی هەس لە ڕۆمانەکە، بۆیە دەبێ ڕۆماننووس ئاگای لە
زمان، جلوبەرگ، هۆیەلی گواستنەوە و هەموو شتێک بێت. نادیار ئەوەیە چیرۆکەکەت لە
شارێکی بچووکی بێ ناو و کاتێکی نادیاردا ڕوو دەدات. ڕۆماننووس ناڕاستەوخۆ باسی کات
و شوێنەکە دەکات چونکە هێندە گرنگ نین، یانیش بۆ مەبەستێکی تایبەتی دەیانشارێتەوە.
لە نێو ڕۆماندا، هەندێ جار کات خێرایە، هەندێ جار
هێواشە، هەندێ جاریش هەر هەستی پێ ناکەی. دەکرێ ڕۆماننووس وەک تەکنیکێک یاری بە
کات بکات. لە ڕۆمانی (چیای سیحراوی)ی تۆماس ماندا (١٩٢٤) کات زۆر هێواشە.
هێواشکردنەوەی کات تەکنیکێکە بۆ پێشاندانی نەخۆشی و ئازاری پڕۆتاگۆنیستەکە لەسەر
چیای ئەڵپ. لە ڕۆمانی (سەت ساڵ تەنیایی)ی مارکیزدا، هەست بە کات ناکەی لە خێزانی
بوێندیا، نەوە دوای نەوە دەژین و دەمرن، کات بزرە.
لە ژانری ڕۆمانی نهێنی، لێکۆڵینەوەیی و پۆلیسیدا،
کات بەرەواژ کرایەوە. ئەمە لەسەر دەستی ئێدگار ئالان پۆ پەیدا بوو کاتێ
کورتەچیرۆکی (کوشتن لە مردنگەی ڕیو، ١٨٦٨)دا بڵاو کردەوە. پاشان نووسەرانی وەک
ویلکی کۆلین، کۆنان دۆیل، ئەگاسا کریستی و ئەوانی تر پەرەیان پێی دا. لە
ڕۆمانەکانی ئەماندا، شتێک لە کاتێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات و پاشان کات دەگەڕێتەوە
و پاشەوپاش پلۆتەکە دەکرێتەوە. سکۆت فیتزگێرالد لە کورتەچیرۆکێکیدا باسی
کارەکتەرێک دەکات بە هەفتا ساڵی لەدایک دەبێت و ئیتر وردە وردە کات دەگەڕێتەوە تا دەبێتە
کۆرپەیەک. ئەم تەکنیکە پێی دەگوترێت کڕۆنۆلۆژیای بەرەواژ. لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا
ئەم تەکنیکەم بەکار بردووە.
کافشین نەبێ، کارەکتەر پەکی دەکەوێت، خوێنەر بێزار
دەبێت، ڤەگێر سەر لە خۆی و خوێنەریش دەشێوێنێت. کافشینە وا لە کارەکتەر دەکات
لەسەر شەقامێک بغەزری، ڕا بکات، بگری، هەڵپەڕێت. کافشینە وا لە خوێنەر دەکات
بیرەوەرییەکانی خۆی بیر بێتەوە، ئەزموونی ڕووداوەکان بکات لەگەڵ کارەکتەر، ببێتە
بەشێک لە ڕۆمانەکە.
کافشین لە ڕۆمان ئەمانە لە خۆ دەگرێت:
شوێن: هەسارە، ئەستێرە، وڵات، شار، باڵەخانە،
خانوو، کێڵگە، دارستان، ئۆتۆمبیل، دەریا، بۆشایی ئاسمان. هەر شوێنێک بتوانی
کارەکتەر و ڕووداوی لێ دابنێی.
کەش: باران، بەفر، هەتاو، تەم، پلەی گەرمی، زریان،
وشکەساڵی، هتد.
شت: هەر شتێک کارەکتەر بتوانی دەستی لێ بدات،
بەکاری ببات یان بۆی بگەڕێتەوە.
سەردەم: هەر کات و سەردەمێک بێ.
کولتور: یاسا، کاری کۆمەڵایەتی، بڤە و (نا)یەکانی
کۆمەڵگە، حکوومەت، دەسەڵات، سیاسەت، یاری، ئایین، پەروەردە، شەڕ، نەریت،
تەکنەلۆژیا، هتد.
جوگرافیا: دۆخ و جۆری زەوی وەک چیا، دەشت، دوورگە،
بورکان، هتد. هەروەها، دۆخ و جوگرافیای ڕووەک، ژیانی ئاژەڵ، هتد.
کافشینە وا لە کارەکتەر و چیرۆکەکەت دەکات واقیعی
دەربکەون و خوێنەر باوەڕیان پێ بکات. باشە چۆن وا بکەین لە ڕێی کافشینەوە خوێنەر
وا بزانێت چیرۆکێکی ڕاست دەخوێنێتەوە و باوەڕ بە کارەکتەرەکان بکات؟ وردەکاری. ڕۆماننووس
دەبێ وەستا بێت لە نووسینی وردەکاریی کافشین. نابێ وردەکاری ببێتە مایەی وەسفی
درێژدادڕ. ناشبێ هەرچی کافشینە بە کەیفی خۆمان داوی بدەینێ و ئەوەندە وردەکاری باس
بکەین خوێنەر بێزار بێت و ڕۆمانەکە فڕێ بدات. کافشین هەیە پێویستی بە وردەکاری
نییە. تەنێ کافشینی پێوەست و گرنگ بە پلۆت و کارەکتەرەکە پێویستیان بە وردەکارییە.
بۆ نموونە، لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، (زەویی بڵند) یەکێکە لە شوێنە هەرە
گرنگەکان. سەتا شەستی ڕۆمانەکە لەوێ ڕوو دەدات، ناکرێ وردەکاریی ئەم شوێنە لە
خوێنەر بشاریتەوە. ئێ خۆ ناشکرێ بیست لاپەڕەی لەسەر بڕێسی. بای وێنەکە وردەکاری
بدە. کە زانیت وێنەکە لە مێشکی خوێنەر دروست دەبێت، ئیتر لەوێ بیبڕەوە. جڵەوەکە لە
دەستی ڕۆماننووسە. ناشوکری نەبێ، ڕۆماننووسی کورد هەر هێندە داوی دایە وەسف و
وردەکاریی شتێک، ئیتر نایبڕێتەوە.
دەبێ کافشین لەگەڵ دنیای ڕۆمانەکە بێتەوە. بۆ
نموونە، ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان باسی سەتەی بیست و یەک دەکات. هەر کافشینێکی دەبێ
لەگەڵ ئەو کاتە بێتەوە. دەبێ ڕۆماننووس حسێبی ئەوە بکات جلوبەرگ، دەشتودەر، شار و
شاخ، هتد چۆن دەبن لەو سەردەمەدا. بنۆڕنە ئەو قوتابخانەی هاری پۆتەر لێی دەخوێنێت.
چووە سیحر بخوێنێت. کافشینی ڕۆمانەکە لەگەڵ سیحربازیدا دێتەوە. قوتابخانەکە پڕە لە
شتی سەیر و سەمەرەی نێو دنیای سیحر.
بۆ ئەوەی کافشینت لە ڕۆمان بەهێز و باوەڕپێکراو
بێت، دەبێ چاک لێی بکۆڵیتەوە، چاک شارەزای بی، بچییە بنجوبنەوانی. ڕۆماننووس هەیە
چەند جار دەچێتە (شوێن)ی ڕۆمانەکەی. ئێ خۆ هەموو ڕۆماننووسێک بۆی نالوێ ئەوە بکات.
چارە لێکۆڵینەوەیە. با کافشینت لە بەغدا، تاران، سلێمانی، پاریس، نیۆرک بێت، یان
با هیی سەردەمی میرنشینی بادینان بێت لە ئامێدی، لە ڕێی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە،
دەتوانی چاک لێی شارەزا بیت. گووگڵ ستریت ڤیو (Google Street View)یش شتێکی باشە بۆ دیتنی کافشینی ڕۆمانەکەت.
سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
Person, R.F.,
2002. The Deuteronomic School: History, Social Setting, and Literature.
In The Deuteronomic School. Brill.
Tobin, P.D.,
2015. Time and the Novel. In Time and the Novel. Princeton
University Press.
Setting - Examples and Definition of
Setting in Literature (literarydevices.net)