وەزارەتی ئەوقاف چهند بڕیارێكی لهبارهی دانانەوەی پرسە دهركرد
12:29 - 25/01/2022
زهمهن_ههرێمی كوردستان
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی
کوردستان رایگەیاند کە لەمەودا دەستدەکرێتەوە بە دانانی پرسە لە هەرێمی کوردستان،
بەڵام بە چەند مەرجێک.
لە مانگی 3ی ساڵی 2020ـەوە بە بڕیاری لێژنەی باڵای
رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و
بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان دانانی پرسە و سەرجەم بۆنە ئایینییەکان
لە هەرێمی کوردستان راگیرابوون.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی
کوردستان بڕیاری دا کە پرسەدانان جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام
بەم مەرجانەی خوارەوە:
یەکەم: پرسە بۆ ماوەی تەنیا 1 رۆژ دەبێت، ئەویش لە
دوای نوێژی نیوەڕۆوە دەبێت
دووەم: لەو مزگەوتانەی هۆڵی بۆنە ئایینییەکانیان هەیە
رێوڕەسمی پرسە بەڕێوەدەچێت.
سێیەم: لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسە جگە لە خوێندنی
قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەک گوتاردان پێشکهش ناکرێت.
چوارەم: دەنگی بڵندگۆ لەنێو هۆڵی پرسە بەرز نەبێت
کە ببێتە مایەی بێزاربوونی پرسەوانان.
پێنجەم: بۆ ئەو شوێنانەی قورئان خوێن قورئانی تێدا
دەخوێنرێت تەنیا لەنێوان 50 بۆ 75 هەزار دەبێت بە کرێی ئامێری دەنگییەوە.
شەشەم: پێویستە لە پرسەدا رێنماییە تەندروستییەکان
و بەستنی ماسک جێبەجێ بکرێت.
حەوتەم: لەو مزگەوتانەی هۆڵی پرسەی ئافرەتانی تێدایە
هەمان قورئانخوێن کە بۆ پیاوان دانراوە دەنگی دەگوازرێتەوە بۆ پرسەی ئافرەتان.
هەشتەم: بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراو
دەکرێت لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە ئاراستەی پرسەوانان
بکرێت.
نۆیەم: بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و قەزا و تێبینەرایەتییەکان
بەرپرسن لەو خاڵانەی باسمانکرد.