کەلتور

پەندی پێشینیان

10:17 - 19/01/2022 266 جار خوێندراوەتەوە

هەژار موکریانی

(ئەم وتارەی مام هەژار، یەکەمجارە بڵاودەبێتەوە.)

 

ئەم وتارەی مامۆستا هەژار تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی دیکە چاپ نەکراوە. فۆتۆکۆپیی دەستنووسی ئەم ‏وتارەم ماوەیەک بوو لەبەر دەست بوو و لە دەرفەتێک دەگەڕام تایپی کەم و پێشکەش بە خوێنەرانی هێژای کوردی هاوزمانم ‏بکەم. لە واژووی مامۆستا عەزیز ئاڵی کە لە کۆتایی وتارەکەدا بەرچاو دەکەوێ، پێدەچێت ئەم وتارە لە ساڵی 1986 و لەسەر ‏داوای ئیدارەی بەرنامە بیانییەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران نووسرابێت. لە سەرووی وتارەکەشدا بە زمانی فارسی تێبینییەک ‏نووسراوە: "ترجمە شود" (وەربگێڕدرێت). لە کاتی تایپکردنی ئەم وتارەدا، هەوڵم داوە رێنووسی باوی ئەوڕۆ رەچاو کەم. لاپەڕە ‏سکانکراوەکانی دەستنووسی مامۆستا هەژاریش پاشکۆی ئەم نووسینە کراون. ‏

خانی هەژار موکریانی

خوا لە قورعاندا فەرموویەتی: "هەرچی لەم سەرزەمینە ئەجووڵێتەوە و هەرچی وە دوو باڵ ئەفڕن، گشتیان ئۆمەتن وەک ئێوە". ‏واتا مڕؤش تیرەیەک لە جانەوەرن و دەگەڵ هەموو جانەوەران خزمی یەکن. هەر ئەمەشە کە رەسوڵ پۆلسی حەواری عیسا ‏مەسیح (دروودی خودای لەسەر بێ) بە باڵدارانی فەرموە "مەلی برام". دەسا با ئێستا بزانین ئێمەی مرۆ، چۆنە ئەمڕۆ لە ‏تیرەکانی بەگیانی ئەم زەمینە بەهێزتر و باوخۆشترین؟ چۆنە ئێمە لەچاو ئەوان، زێدە لەوان، توانیومانە پێشدا بچین و خۆبگرین ‏و دەستیش بەسەر جانەوەرانی خۆیشماندا و سەر زەمین و ژێر زەمین و بگرە بەرزاییەکانی دوورەدەستیشماندا بگرین؟
وەرامی پرسیار هاسانە: لەناو مێشکی کەلـلەسەری بنیادەمدا کولێنێکی بیر تێدا هەڵگرتن هەیە کە جانەوەرانی تر نیانە.‏
بۆ نموونە: دوو مشک بە بۆن دووگەوە بەلەسە بوون، یەکیان زووتر دەگاتێ، دووگ دەگرێ، ئاڵقەی تەڵە تێک دەبەزێ و ‏دەیخنکێنی. ئەوی تریان لە تەقەی تەڵە دەترسێ و دەرباز دەبێ. بەڵام لەبیری نامێنێ کە هەروا تاوێک لەمەوبەر، یاخۆ دوێنێ، ‏لەم رێگایەدا و لەم جێگەدا چۆن بەڵایەک بەسەر هاوڕێیەکەی خۆی هات. بۆنی دوگەی دیسان لێ دەبێتە رووگە و ملی بە ‏تەڵەوە دەبێ.‏
بەڵام مرۆ کە لەسایەی بیردانی ناو کەللـەسەری، بەسەرهاتان لەبیر ناکا، لە کوێ تووشی چورتمێک بێ، یاخۆ بەسەر تووش و ‏دژوارییەکیدا سەرکەوێ، ئەزموونی وەدەست دەکەوێ، ئامۆژگاری منداڵ و کەسی خۆی دەکا کە چۆن لە بەڵا رزگار بن و چۆن ‏بە باشی فێری ئاکار و رەفتار بن، تا تووشی هیچ تووشییان نەبن.‏
هەزاران و هەزاران ساڵ، قلە قلە و پلە پلە ئەو ئەزموون و بیرەوەرییانە دەماودەم یان بە نووسینەوە لە باپیرەوە بۆ نەوە، لە نەوە ‏بۆ نەوەچرک، بۆ تۆرەمە ماونەتەوە. ئەمانە کۆکراونەتەوە، مرۆ ناوی ناوە مێژوو، سەرگوروشتەی رابردوەکان، چیڕۆکی کۆن، ‏یاخۆ پەندی پێشینەکان.‏

بەڵێ، ئێمەی چینی مرۆ، لەسایەی مێژووی رابردوو، لە سۆنگەی بیری نەمردوو، توانیومانە بەسەر کۆسپدا زاڵ بین و لە ‏کوورەی ژیاندا قاڵ بین. هەر توێژێکیش کە لەپاش چینی بەر لەخۆی هاتۆتە سەر ئەم زەمینە و شارەزاتر لە گەنجینەی ‏ئەزموونی پێشوونان بوە، ژیرتر و ئاوەزدارترە و ئەو چینەی لەدواڕۆژیش دێت لە چینی ئەمڕۆ زاناتر دێتە بەرهەم.‏
لەم کورتە باسە مەبەستم بەرەی تێکڕای مرۆیە، نەک هەر جانەوەرێکی لەسەر پاشووی، قسەکەری، سەر و سیما وەک بنیادەم. ‏چونکە ئێستاش زۆر لەوانە هەر بە بوختان و درۆ ناویان لەخۆ ناوە مرۆ، سەد قات لە کەریش کەرترن. لەچی و بۆچی؟! چونکە ‏لە بەهرەی ئەزموونی رابردوەکان، لە گەنجینەی ئامۆژگاری زانا هەرگیز نەمردوەکان بەشیان نەبوە کە لەسەر رووپەڕی ‏کتێبان بۆ نەوەی دواڕۆژ نووسراون، یان دەماودەم راگوێزراون. لەبەر چاویان ئەو پەندانە رەشکە و پێشکەی بێ مانا بوون و ‏لەبەر گوێیان وەکوو با بوون و هیچگا نرخیان نەزانیوە.‏
بەشێکی زۆر لەم جانەوەرە دووپایە، تووشی هەر کۆسپ و تەگەرە و بەڵایەک دێت لەم دنیایە، هیچ نایزانێ لە نەزانینی خۆی ‏رایە و هەر لای وایە کاری خوایە و ناوی ناوە قەزا و قەدەر!! ئیتر بە بیریدا نایە، کە ئەو خوایەی ئەو تاوانی لێقەومانی ‏دەخاتەبەر فەرموویەتی: مرۆ بۆ هەرچییەک نەکۆشێ، گیری نایە. یان پێغەمبەر فەرموویەتی: "قەدەرییەکان مەجووسی ئۆمەتی ‏منن". خوا مێشک و دەست و پا و چاوی بۆیە داوە، کار و باری دنیای خۆت، خۆت هەڵسووڕێنی. دوو گوێی داوە کە بتوانی ‏پاک و پیسی پێ ببیسی و بە بێژنگی عەقڵ و ئەزموون گێژەوی کەی، ئەوسا بە دڵتی بسپێری و خراپی لێ هەڵاوێری و پاک و ‏چاکەکەی دەکار کەی.‏

ئەگەر خۆمان بەرپرسیاری چارەنووس و کاروباری خۆمان نەبین، خوا، پێغەمبەری بۆ ناردوون، پێی سپاردوون ئامۆژگاری ‏مرۆ بکەن، رێ نموونی رای چاکە بن و بێژن وا مەکەن، وا بکەن؟
دەڵێن قسە، قسە دێنێ: ئەوسا کە لە سوریا بووم، لە جزیرەی ابن عومەر، لە گوندێکی چەپەک دەژیام. ساڵێک گەنمی هەموو ‏خەڵکی ئاواییەکە کوێروو لێی دا و رەش هەڵگەڕا و مەزمەعیل بوون. تەنیا پەڵە گەنمێکی فەلەیەک نەبێ، زێدە لە هەموان ساغ ‏مابوو، نە گورگە و زیوانی هەبوو، نە پەتای کوێروو لێی دابوو. کە لێمان پرسی هۆی چیە ئەم فەلەیە وا خوا لە کوێرووی ‏پارازتوە و موسوڵمانەکان تووشی بوون؟ ‏
پێکەنی و لە جوابا گوتی: "زۆرم فکر لێکردەوە، گوتم ئەوانە ئیسلامن، شێخ و مەشایخیان زۆرە، غەوسیان هەیە، شاهی ‏نەقشبەندی شک دەبەن، شێخ سەیدا و شێخ برایم حەققی و بە هەزاران خەلیفە و مەلیفەیان هەس، لە بەریان دەپاڕێنەوە ‏گەنمەکانیان بپارێزن. منی فەلەی، کڵۆڵی، بەستەزمانیش تەنیا مەسیحێک شک دەبەم، ئەویش جوولەکە کوشتیان و نەیتوانی ‏خۆی رزگار بکات. بەخوا چارەم هەر ئەوەیە دەرمان بکڕم، تۆمەکەم سەم پاشی بکەم. وا لەسایەی هیممەتی شێخ سەممەوە ‏گورگە و کوێروو لە حاند بژیوی من کوێر بوون و نەیان پێکا!". ‏
جا ئێمەی کوردی ماڵ وێران، بەناشکوری خودا نەبێ، ئەگەر وەک گەلانی دیکەی خوداپێداو، تا ئێستا بۆمان نەلواوە بە زمانی ‏خۆمان بخوێنین و خوێندەوارە کوردە زانا و تێگەیوەکان بە زمانی کوردی بنووسن و ئەزموونی گەلانی ترمان بە کوردی تێ ‏بگەیەنن و کتێبخانەی خۆماڵیمان زۆر ئاوەدان و قەوغا نەبێ، دیسان نابێ لامان وابێ بەتەواوی بەش بڕاوین. گەلێک پەند و ‏ئامۆژگاری نرخداری کەوناڕامان بەمیرات بۆ ماوەتەوە، دەماودەم فێریان کردووین و نەفەوتاون. ئەگەر بیان کەینە رێبەر و ‏رێشاندەرمان، کەمتر تووشی هەڵە دەبین و لە زۆر تەڵەی سەر رێگە خۆ دەرباز دەکەین.‏
زۆر لە باپیرانی ژیرمان، ئەزموونی ژیانی خۆیان، بە چەند رستێکی لەشان سووک دەربڕیوە و هەر یەکەی گەنجینەیەکن. ‏پێویستە سەریان دەینەوە و بەهرەیان لێ هەڵکڕێنین و بیان کەینە مامۆستای خۆمان. بۆ نموونە فەرموویانە: "هەر کەس بکا ‏بێگانەپەرستی، ئاخری هەر دەهێنێ نوشوستی". بێگانە بەو کەسە دەڵێن خەڵکی وڵاتی خۆت نیە، نامۆیەکی لاپرەسەنە ‏وەزمانێکی دیکە داخێوێ. خووی، ئاکاری، ئیمانی، دەراوی زاری، دەگەڵ ئیمان و رەوشت و رەفتاری تۆ پێچەوانەن. نەتی ‏ناسیوە، نای ناسی. زاڵمە دەست درێژکەرەرە وڵاتەکەت داگیر دەکا، دەیەوێ هاووڵاتیانت، خزمانت، دەر و جیرانت بکاتە بەندە ‏و کۆیلەی خۆی. بەر و بوومی ووڵاتەکەی خۆت بە دەستی خۆت رەنێو بێنێ و بیبا بۆ خۆی. رەنجی ساڵی کوڕ و کاڵی ‏نیشتمانت بەرێتەوە وڵاتی خۆی. مایەی ژیانت، تەنانەت زمانەکەشت لێ بەربەست بکا و بە یەکجاری بێ هەستت کا. ئەم ‏جۆرە داگیرکەرانە ناویان لێ نراوە ئیستیعمار، کە بەڕاستی ژەهری مارن... ئیستیعمار هەر ئەوە نیە قژزەرد و چاوشین بێ و ‏لەرای دەریاوە هاتبێ. هەر هێزێکی دەست درێژکەر بۆ سەر گەلێکی زەبوونتر ئیستیعمارە. جا با چاوی وەک قیل رەش بێ و ‏تووکی بەڕەنگی خەڵووز بێ (مەسەلەن بەعثی و صەددامیش و ئەوانەی وەکوو ئەو دەکەن استعمارن).

ئەو داگیرکەرە بێ فەڕەی لە وڵاتەکەی تۆ خەفتاوە، دەزانێ زۆر هاسان نیە داگیری کا. دەزانێ کە دانیشتوانی وڵاتەکە بۆ ‏پارێزگاری لە ماڵ و نامووس و گیانی خۆیان و کەس و کار و رواڵ و کاڵ و مناڵیان بەگژیدا دێن و دەیکوژن. ئەو مەسەلەشی ‏بیستوە گوتوویانە "دەسکی بیور لە دار نەبێ، دار ناقەڵشێ". دێنێ هەر لە خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکە چەند کەسانێک بە پووڵ ‏دەکڕێ و دەیان کاتە قوڵەچۆماغی دەستی خۆی و بەڵاگەردانی باڵای و بەگژ گەلی هاوخوێنی خۆیاندا دەکا و هەر لایەکیان ‏بەکوشت بچن قازانجییەتی و دەبێتە مایەی سەرکەوتنی.‏
نەقڵی کابرای خۆی بە بێگانە دەفرۆشی، بەسەرهاتی کەوی راوکەرە. کڕیارەکەی لە دان و ئاو تێری دەکا و فێری دەکا لە ‏حەشارگەدا بخوێنێ و کەوەکانی هاوڕەگەزی بە دەنگی خۆیەوە بێنێ و دەناو داوانیان هاڵێنێ. بەڵام تا کەی قەدر و حورمەتی ‏دەمێنێ؟ تا کەوی لەوی چاتریان گیر ناکەوێ. تا خۆی لە خوێندن ناکەوێ و لە کەو فریوداون ناسرەوێ. هەر رۆژێکی پەکی ‏کەوت، کابرا بەگۆشت کەو فێرەکە، دەگەڵ چەند کەوێکی گیراو سەری دەبڕێ و لەسەر پڵاوی دادەنێ.‏

با مەڵیێن کەو، بڵێین تاژی. تاژی راوێ قەلادەی ئاوریشمی خاوی پڕ زەنگوڵەی لە مل دایە. راو بۆ ئاغای نامۆ دەکا. بە پڕتاو ‏هاتوچۆ دەکا. کەروێشکی سیخوار لە پشتی بە یەکەم هەڵپە بۆ دەگرێ. لە چەم مڵ و مۆی بۆ دەکا، پەلەوەری بۆ وەکۆ دەکا، زۆر ‏خۆشەویستە لای ئاغا. رێگەی دەدەن لە دەوروبەری وەتاغا بحەپێ و راوێچکە بکا، بەرماو بخوا، هەمیشە تێر و تەسەل و تەڕ ‏و بەل بێ. شەوانە بۆ حەسانەوە لەناو قەڵاغا وەرکەوێ، جێی گەرم و نەرمی بەرکەوێ. سەگی گوند هەموو ئێرەیی پێ بەرن، ‏نەوێرن لێشی بمڕێنن یان پارووی لە دەم بڕفێنن. ئاخۆ ئەو خۆش رابواردنەی چەند ئەمێنێ؟ ئەگەر پیر بوو، ئەگەر چڕنووک و ‏پەنجەی سوان، ئەگەر گیرگەی لەکار کەوت، ئەگەر دەم گەرمییەکەی نەما، چی بەسەر دێ؟ کەس کاری بە تاژییەک نیە هەر ‏سە و لە خۆی سڵکەر بێ. خوێڕی دەکرێ، تاژییەکی دەم گەرم و تازە لە شوێنەکەی ئەو دادەنرێ. ئەویش ئەشێ بە پیری و بە ‏زەمینگیری بقروسکێنێ و کەس بە ئیسکێک نەی لاوێنێ تا لە کەند و بەردێکدا بە ناهومێدی دەتۆپێ.‏
رەنگە ئێستە، خوا نەخواستە، یاخوا دار و بەرد گوێی کەڕ بێ، ئەگەر کاورایێ کوردزوان لە کوردستانا دەس کەوێ – هەر ‏چەندە باوەڕ ناکەم هەبێ – خۆی بە دوژمنی داگیرکەر، هێزی ئیستیعمار فرۆشتبێ، ئەم واتەی من بژنەوێ، لە ئاوێنەیەک ‏بنەوێ و تەرحی خۆی وەبەرچاو کەوێ، بە ئاوەزی من پێ بکەنێ و بزەیەک لێوی ببزێوێ و دەمی دڵی بورتێنێ: کە ئەم قسە ‏قۆڕانە چین؟ خۆ من نە کەوم، نە تاژیم، من زەلامم. بە سوێڵم زەمین دەکێڵم، زیت و وریا و خاوەن فێڵم. لە شوێن ژیانی خۆش ‏وێڵم. مایەی خۆشی ژینم دەوێ، چەک و ئەسپ و زینم دەوێ. گەر بۆ داگیرکەر کار نەکەم، باری لاری بۆ بار نەکەم، وەکوو ‏خۆم گەرەکە ناژیم. ئێستا وا لە سایەی ئاغام، خوا نەیبڕێ، دەوروبەرم لێم دەترسێ، کەس ناوێرێ لێم بپرسێ بۆ وا ئەکەم! ‏خواردن زۆرە، دراو کۆمە، دنیا بە کەیفی خۆمە. بەڵام ئەگەر ئەو کوردە نەجیم زادەیە، هەر تۆزێک بیر بکاتەوە و ئاوڕ لە ‏دواڕۆژ داتەوە و خۆی تەواو بەسەر کاتەوە، رەنگە تێ بگا کە هەزار خۆزگەی بە تاژی.‏
کەو، یان تاژی دوو جانەوەری بێ بیرن. راوکەر و بەڕاوگیراویش بیر لە تۆڵە ناکەنەوە، ئەوی ئەمڕۆ بەسەریان دێ، سبەی ‏لەبیریان چۆتەوە. بنیادەم چی؟ کێ خراپەی دەگەڵ بکات لەبیریەتی. ئەگەر گەل و خزم فرۆش ئەمڕۆش دەسەڵاتی هەیە و ئازار ‏و جەزرەبەی دەدات، کینە لە دڵدا هەڵدەگرێ تا ئەو هەلەی کە دەتوانێ تؤڵەی خۆی لێ بکاتەوە. ‏

ئەو کابرا نەجیم زادەیەی کە دەبینێ بێگانە پشتی دەخورێنێ و دژی گەل و خزمانی خۆی دەکار دێنێ، دەبێ ئەوەندە تێ بگا کە ‏قشقەڵە بە خۆڕایی پشتی نێرەکەر ناخورێنێ. رۆژێک دەبێ قشقەڵە هەڵفرێندرێ و پشت خورێنی گیر نەکەوێ. یان گریمان ‏هەڵنەفڕێنرا و توانی خۆی سەقامگیر بکا و کەس نەمێنێ کشەی لێ بکا. بێگانەی وڵات داگیرکەر چۆن دەبێ ئەوەندە کەر بێ، ‏پووڵ و پارە و پارووی چەور بدا بە نێرەزەلامێک کە هیچ کاری پێ نەماوە؟ ئەگەر دار شەق و پەق کرا و سووتێندرا، هۆرە و ‏کلکە تەور و تەشوێ فڕێ دەدرێ و دەکار ناکرێ. ئاوجار ئەگەر زەلامی خۆفرۆش کەرە، کاورای زەلام کڕ کەر نیە، باش ‏دەزانێ ئەو کاورا خوێڕی و ناکەسەی کەسی خۆی بە پارە داوە، هەر رۆژێکی بێگانەیەک بەکرێی بگرێ و پارەی زیاتری ‏بداتێ، دەیفرۆشێ و بەگژی دادێت. بە دەردی سەعدی گوتەنی: "دامێن تەڕێک تەماح بکاتە دایکی خۆی، چلۆن لە ژنی بێگانە ‏دەپرینگێتەوە؟!".‏

لەم بارەوە، لە کتێبی المستطرفدا چیڕۆکێکی زۆر خۆش و پڕکاکڵ هەیە، دەڵێ: ‏
شاپووری پاشای ئێران، گەمارۆی شارێکی دابوو (ناوی شارەکە "حەضد" ە). دیواری شار لەوە بەرز و پتەوتر بوو بۆی ‏بگیرێ. کیژی پاشای شاری دوژمن چاوی بە شاپوور کەوتبوو و عاشقی ببوو. وڵامی نارد: ئەگەر بەڵێنم پێ بدات کە ‏دەمخوازێ، وا دەکەم ئەم شارە بگرێت. بەڵێن درا. کیژ دەراوی هاتنە ناوی دەستنیشان کرد. لەشکر رژایە شارەوە، باوکی کچی ‏پاشای کوشت و خوێنی ئاپۆڕەی زۆر رشت و کیژەکەش بە مراد گەیشت و کەوتە ناو پەردەی بووکێنی.‏
شاپوور هات لەگەڵیا بنوێ، دیتی دۆشەک خوێناوییە. بووک لە وەرامی شاپووردا کە پرسی ئەو خوێنە چییە؟ گوتی: تاقانە و ‏نازدار بووم. دایک و باوکم بە شیر و هەنگوین و بێشک منیان پەروەردە کردوە. لەشم ئەوەندە ناسکە، بە لاسکە گوڵ و ‏رێحانەی ناو پێخەفەکەم زامار بووم".‏
شاپوور بانگی لە جەلاب کرد: "وەرە سەری ئەم بێ ئەمەگەم بۆ ببڕە. باوک و دایکی ئاوایان بەخێو کردوە، بە بێگانەی بە ‏کوشت داون. سبەی رۆژێ چۆن ئەمەگی بۆ من دەبێ و بە کەڵەگایەکی دیکەم بە کوشت نادا؟!".‏

بەڵێ خوێنەری خۆشەویست، باپیرانمان بەخۆڕایی نەیان گوتوە:‏
‏"هەر کەس بیکا بێگانەپەرستی، ئاخری هەر دەهێنێ نوشوشتی".‏
‏6/6/1365 (28/8/1986)‏


وێنەی لاپەرەی یەکەمی دەستنوسی مام هەژار

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن