356 کەلتور

بەیادی دۆستۆیڤسکییەوە!

09:45 - 28/11/2021

هێمن مەحمود-کولتووری زەمەن

 

بەشێکی زۆری پاڵەوانە سەرەکیەکانی رۆمانەکانی (دۆستۆیڤسکی) هەمیشە خەڵکانی ناخ پاک و سادە دڵ و بەسۆز و خەمخۆر بۆ ئەوانی دیکە و یەک ڕوو و تەبیعەت سادەن، هەمیشە رووبەڕووی کەسانی فێڵباز و تەڵەکەباز و دڵ پڕ لەقین و بوغزاوی و ناخ ڕەش و چەند رووی جیاواز و تەبیعەت سەخت و ناخۆش دەبنەوە. کەسە سادەکان هەمیشە لەلایەن ئەوانی دیکەوە فریودەدرێن و بەقسەی ساف و لوس هەڵدەخەڵەتێنرێن و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنن ودەیانکەنە مایەی گاڵتەجاڕی و ڕابواردن و سەرگەرمی.

لەلای دۆستۆیڤسکی هەمیشە کەسە سادە دڵەکان کەمینەن و کۆمەڵگا پڕیەتی لەو کەسانەی ژەهرت بە نرخی هەنگوین دەدەنێ و تۆش بە خۆشحاڵی و پێکەنینەوە هەڵی دەقوڕێنی.
پاڵەوانەکانی دۆستۆ کەسانێکن یەکسەر باوەڕدەکەن و چی لە دڵیانە ئەوەش دەخەنەسەر دڵیان و وەک کانییەک ساف و سادە و ڕوونن، کەچی بەرامبەرەکانیان کەسانێکن دوو دانە کاتژمێر قسەت بۆ دەکەن لەسەر بابەتێک و دەیانەوێت وا خۆیان دەربخەن کە کارەکە بە دڵی تۆ ئەنجامدەدەن کەچی ئامانجیشیانە کارەکەت لێ تێکبدەن و بەدڵی تۆ نەبێت. ئەمجۆرە کەسایەتیانە کە بەڕووکەش پێدەکەنن بەرەو رووت و لەژێریشەوە حەزیان لە رسوابون و سوکایەتی تۆیە لە کۆمەڵگادا زۆرینەن.
لە ڕۆمانی گەمژەدا شازادە لەو جۆرە کەسایەتیە سادە دڵ و پاکەیە کە لەدڵپاکی خۆیدا هەمیشە لەلایەن ئەوانی ترەوە فریودەدرێت و دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی بەبێ ئەوەی زیانی بۆ کەسێک هەبێت.
لەڕۆمانی سوک و رسواکاندا کەسایەتیەکی تر هەیە هەر بەناوی شازادە کەچی ئەم پێچەوانە لەکەسایەتییە قۆڵبڕ و فێڵباز و دەم لوس و روخسار فریودەرەکانە، کوڕەکەی کچێکی خۆشەوێت ئەم پێی ناخۆشە بیهێنێت بەڵام دەچێت بۆ لای کچەکەی و پێی دەڵێت ئەم رەزامەندە بەو ژنهێنانە و بەو بۆنەشەوە دوو کاتژمێر قسە دەکات بەس بۆ ئەوەی ئەو ژنهێنانە سەرنەگرێت!.
(دۆستۆ) ئەندازیاری خوێندنەوەی ناخی ئینسانە، ئەندازیاری خستنەڕووی تونێلە تاریکەکانی ناخی مرۆڤ و کەسایەتی مرۆڤە.

ئەندازیاری خستنەڕووی ڕاڕایی و نیگەرانیی وبێ حەوسەڵەیی مرۆڤە، تەماشای ئەم پەڕەگرافە بکەن لەڕۆمانی سوک و رسواکراوەکاندا چی دەڵێ" دەزانی؟ زۆر حەزدەکا لێرە بڕوا، بەس زاتی نییە.منیش ناتوانم داوای لێ بکەم بڕوا، چونکە ئەوسا لەوانەیە رووگیر ببێ و بمێنێتەوە، وەلێ خەمی ئەوەشمە کە هێندە لێرە بمێنێتەوە تا وەڕەز ببێ! نازانم چی بکەم؟".
لەهەموشی جوانتر لە رۆمانەکانی دۆستۆدا ئەوەیە بیرۆکەی تۆڵەکردنەوەی تیانیە، پاڵەوانەکانی لێبوردەن، دۆخێک دروستدەکەن ئەوەندە مرۆڤ و بەرامبەرەکانیان خۆشەوێ لێیان دەبورن، تۆڵەناکەنەوە، ئاخر بەس لەخۆشەویستیدا تۆڵەبوونی نیە.هەموو کەسێک بەبێ دوو دڵی ئەگەر بیەوێ خۆی بناسێت و ئەوانی تر بناسێت دەبێت بڕوات دۆستۆیڤسکی بخوێنێتەوە.
نزیکەی دە رۆژە خەریکی خوێندنەوەی ڕۆمانی (سوک و رسواکراوەکان)م، ئەوەندە بەچێژە رۆژانە یست لاپەڕەیەکی لێ دەخوێنمەوەو حەزناکەم تەواوببێت..هەر رۆژەو وەک پارچە حەپێک کە دکتۆر دەینوسێت بۆ نەخۆشێک ئاوا بە بەتامەزۆریەوە رۆژانە دەیخوێنمەوە.

هەموو رۆژێک پێویستم بەچەند لاپەڕەیەکی دۆستۆیە..پێویستم بەناسینی پاڵەوانەکانیەتی..پێویستم بەو گفتوگۆیانەیە کە کەسایەتیەکان دەیکەن..پێویستم بەو دڵ سادەیی و یەک روویی و ناخ پاکییەیانە..مرۆڤبون لای (دۆستۆ) لەسەرو هەموو شتێکەوەیە..مرۆڤ و بەس!.
دۆستۆ مرۆڤت وەک خۆی پێدەناسێنێ..هەمیشە لەکۆتایدا هەستە ئینسانیەکە زاڵتردەبێت بەسەر هەستە شەیتانیەکەدا..لەلای دۆستۆ مرۆڤ سەردەکەوێت..مرۆڤ و بەس..کەسی تر نا!

 

پۆرترێتی دۆستۆیڤسکیی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن