چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین /٥
07:09 - 01/10/2021
ناڵە حەسەن-کولتووری زەمەن
١/ شیعر و دۆگما
٢/ شیعر و
خاڵبەندی
١-شیعر و دۆگما
ئەگەر بپرسین / شیعر چ
پەیوەندییەکی بە چەمکی دۆگما وە هەیە
یان بۆ دەمانەوێت لە پەیوەندی نێوان شیعر و دۆگماوە قسە بکەین ؟ . ئێمە ئێستا
وەڵامی ئەو دوو پرسیارە نادەینە بەڵام ، لە ڕاستای خوێندنەوەی ئەم کورتە وتارەمان
خوێنەر خۆی وەڵامەکانی دەست دەکەوێت .. لە سەرەتا پێویست دەکات بزانین چەمکی ( دۆگما مانای چییە ؟ ، دۆگما لە سادەترین مانایدا
ئەوەیە کە / خستنە ڕووی باوەڕیک یان بیرکردنەوەیەک وەک ڕاستییەکی ڕەها ، یان وەک
ئەوەی حەقیقەتێکی ڕەها و ئەبەدی کە مشتومڕ و گفتوگۆ هەڵناگرێت .. یان بە شێوەیەکی
کەمێک فراوانتر دۆگما / بە مانای وەستاو و
چەقبەستوو دێت ، ئەو کارەی کە هەرگیز نابێت بگۆڕدرێت ، بە شێواز و بیرکردنەوەیەک
دەوترێت کە لەسەر پایە و تێگەیشتنی نەگۆڕ دامەزرابێت ، وەکو یاسا و دەستوورە ئاینییەکان،
یان ڕێباز و قوتابخانە و ئایدیۆلۆژییاکان ، دواتر دۆگماتیزم بوو بە فەلسەفە و
سیاسەت .. هاوکات لە کتێبی چەند وێستگەیەکی فیکری و ئەدەبی ، کە لە وەرگێڕان و نووسینی ئازاد بەرزنجی یە ، لە بەشی یەکەمی کتێبەکە بەناوی ئێمە کۆچەرین
، سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی نێچەدا، لە
شوێنێکدا دەڵێت / نێچە بەردەوام و بە توندی دژی تیۆریزە و ڕێبازگەری و چوارچێوە
بووە ، دروستبوونی بیروڕای لە ژیاندا شوبهاندووە بە چوون بۆ ماسیگرتن، واتە وەکو
مومارەسەکردنێکی زیندووی ئەزموونەکانی ژیان و ڕاوکردنی حەقیقەتە تەڕو تازەکان و بە
پێچەوانەی ڕێبازگەراکانەوە کە قایلن بە کۆمەڵێک شتی مۆمیاکراو و دۆگمای زەینی ..!
لێرەدا
نێچە وەک کەسێک و فەیلەسوفێکی یاخی دژ بە هەموو چوارچێوەگەرایی و ڕێبازگەرایی و
ئایدیۆلۆژیاگەرایی وەستاوەتەوە و هاوکات ، پێیوابووە هەموو بیرکردنەوەیەک کە
چوارچێوەی بۆ داڕێژرا دەگاتە پنتی دۆگما ، واتە پنتی نەگۆڕ و وەستان ، هەروەها لای
نێچە بیرکردنەوە بۆ ژیان شێوەیەکی کراوە و هەمەچەشنەی هەیە ، هەروەک ماسیگرتن وایە
چوارچێوەیەکی چەسپاو و نەگۆڕی نییە .. کە ئەمەش ڕێک لەگەڵ ماناکان و بوون و
پێکهاتەی شیعر دێتەوە ، ئێمە لە لێکۆڵینەوە و کتێبەکانمان لەبارەی شیعر لە زۆر
شوێن باسمان لەوە کردووە کە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە یان یەکێک لە ماناکانی
شیعر ئەوەیە کە / شیعر جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکییە ، بۆیە بوونێکی کراوە و
بەردەوامی هەیە ناخرێتە ناو هیچ چوارچێوە و شوناس و ڕێباز و ئایدیۆلۆژیایەک یان بازنەیەکی
دیاریکراوەوە ، لە گەیشتنیش بە ڕووبەری شیعر مەبەستمان ڕووبەرێکی کراوەیە .. لێرەدا
دێینە سەر بنەڕەتی مەبەستەکانمان، شیعر زۆر بە ڕۆشنی و بە توندی ناتەبا دێتەوە
لەگەڵ ، چەمکی دۆگما ، چونکە شیعر بوونێکی
نەگۆڕ و چەسپاو و وەستاوی نییە ، واتە وەک ئایدیۆلۆژیا و ڕێباز و ئاینەکان لە هیچ
وێستگەیەک ناگاتە پنتی دۆگمایی . شیعر بوونێکی کراوە و بەردەوامی هەیە .
ئێمە لە
وتاری ( شیعر چییە و بۆچی ناتوانین پێناسەی بکەین کە لە کتێبی ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر بڵاومان کردۆتەوە ، لەوێدا لە چەند خاڵێک
ئەوەمان ڕوون کردۆتەوە کە بۆچی ناتوانین شیعر پێناسە بکەین کە ، سەرەکیترین هۆکار
ئەوەیە / شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ، هەموو ئەو چەمکانەی بوونێکی گەردوونییان
هەیە ناتوانین لەیەک گۆشەوە خوێندنەوەیان بۆ بکەین ، دەکرێ لە چەندین گۆشەی
جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین ، کۆی هەموو خوێندنەوەکان بەیەکەوە ڕەنگە لە مانای شیعر نزیکمان بکاتەوە ، ئەم خاڵە و
چەند خاڵێکی ترمان لە وتارەکەدا نووسیبوو .. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت شیعر بە
هیچ شێوەیەک ناچێتە ناو هیچ چوارچێوەیەکەوە ، لەژێر هیچ ناو و رێباز و هیچ
بیرکردنەوەیەک ، لێرەدا دەتوانین خاڵێکی تر بۆ وتارەکەمان زێدە بکەین کە ، بۆچی
ناتوانین شیعر پێناسە بکەین / ئەویش کە شیعر ناتەبا و هاودژ دێتەوە لەگەڵ چەمکی
دۆگما ، شیعر هیچ کاتێک ناگاتە پنتی وەستان و جێگیر و نەگۆڕ، بەڵکو شیعر بوونێکی
بەردەوام و کراوە و گەردوونی هەیە ، هیچ چوارچێوە و بازنەیەک ناتوانن شیعر بگرنە
خۆ . خاڵێکی تر کە گرینگە باسی بکەین ، ئێمە لە کتێبی ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ، ناتەبایی و هاودژی ئەدەب و ئایدیۆلۆژیاکانمان
خستە ڕوو هۆکارەکانیشمان بە ڕۆشنی باسکردووە ، کە یەکێک لە هۆکارەکان / ئەدەب بە
شێوەیەکی گشتی لە سەر مرۆڤ و بەها
مرۆییەکان ئیش دەکات.
لێرەدا دێینەوە سەر باسی شیعر وەک بەشێکی سەرەکی ئەدەب / ئامانجی
سەرەکی شیعر بەرهەمهێنانی جوانییە ، یان جوانکردنی ژیانە بۆ هەموو مرۆڤ و
مرۆڤایەتی ، بە تۆخی گرینگی و ئیش لەسەر بەها مرۆییەکان دەکات ، کە دەڵێین / شیعر ناتەبا
دیتەوە لەگەڵ ئایدیۆلۆژییاکان بە دوو هۆکار . یەکەم / هەر ئایدیۆلۆژیایەکی
دیاریکراو بۆ چینێکی دیاریکرا و یان کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراوە ، ئاوەتا بیرمەندی
ناسراو تێری ئیگڵتن لە کتێبە
بەناوبانگەکەی ( تیۆری ئەدەبی دا لە بەشی
پەرەسەندنی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی ئینگلیزی دا ، لەوەی کە داخۆ دەستپێکردنی نوێی ڕۆمان ئەدەبە
یان ئەدەب نییە ، لەوێدا دێتە سەر باسی پەیوەندی ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا و دەڵێت /
ئەو پێوانانەی دادەنران بۆ دیاریکردنی ئەدەب ، لە ڕاستیدا ئایدیۆلۆجی بوون ، ئەو
نووسینەی کە بەها و چێژەکانی چینێکی تایبەتی کۆمەڵایەتیی بەرجەستە دەکرد خاسییەتی ئەدەبێتی دەدرایە پاڵ ...! ، لێرەدا
بە ڕۆشنی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەدەبی ئایدیۆلۆژی بەمانای نووسینەوە و بەهای
چێژەکانی چینێکی دیاریکراوە ...! ، ئەوەش
بە تۆخی دژ و ناتەبایە لەگەڵ ئەدەب و شیعر چونکە ، ئەدەب یان شیعر نووسینەوەی بەها و چێژەکانی چینێکی دیاریکراو
نییە بە تەنها ..! بەڵکو نووسینەوە و بەهای چێژەکانی هەموو مرۆڤەکان و تەواوی
مرۆڤایەتییە ..! خاڵێکیتر / هەموو ئایدیۆلۆژییاکان بەهۆی ئەو چوارچێوەیەی
بۆیان دیاریکراوە لە خاڵێک یان لە پنتێک دەگەنە خاڵی نەگۆڕ و وەستان واتە خاڵی
دۆگما ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک شیعر بەو
خاڵە ناگات چونکە هاودژ و پێچەوانەیە لەگەڵ دۆگماتیزم و هەموو ئیزمەکانیتر ...!
2- شیعر و خاڵبەندی
خاڵبەندی بەشێکە لە سیستەمی
ڕێزمانی زمان ، زمانیش سەرەکیترین پێکهاتەی شیعرە ، تا ئەو ئەندازەیەی کە هەندێک
پێیانوایە / شیعر گەمەیەکی زمانەوانییە لەنێو ڕووبەری ئیستاتیکا و مەعریفەدا بەڵام
، شیعر ناچێتە ژێر هەژموونی هیچ سیستەمێک بە سیستەمی خاڵبەندیشەوە ، هەر شاعێرێک
زمانێکی شیعری تایبەت بەخۆی هەیە ، تەواو ئازادە لەوەی مامەڵە لەگەڵ خاڵبەندی
دەکات یان نا ، بەو مانایەی ، ئەو شاعیرانەی کە مامەڵە لەگەڵ خاڵبەندی ناکەن ئەوە
بەو مانایە نییە کە ، سیستەمی ڕێزمانی زمان تێک دەدەن و زمان دەشێوێنن ، وەک
لەپێشدا بەرامبەر بە هەندێک لە شاعیران ئەم ڕەخنە نادروست و بێ بنەمایانەمان بینیوە
. تا ئێرە ئاساییە کە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندی نێوان شیعر و خاڵبەندی دیاریدەکات
. بەڵام ، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەو پەیوەندییە باس لە بابەت و شتێکی جیاواز
بکەین ، ئەویش بەو پرسیارە مەبەستەکەمان دەخەینەڕوو ، ئایا دەتوانین لە کۆتایی
هەر شیعرێکدا نوختە دابنێین بەو مەبەستەی کە ، شیعرەکە تەواو بووە ..؟
من لە
وەڵامدا دەڵێم / نەخێر ، چونکە هیچ شیعرێک تەواو نابێت و ناگاتە
خاڵی کۆتایی ، بۆیە پێویستی بە نوختە نییە ..! هۆکارەکەش ئەوەیە ، هەروەک لە پێشدا
گوتمان، شیعر بوونێکی کراوە و بەردەوامی هەیە ، ناچێتە ژێر هەژموونی هیچ هێزێکی
دەرەکی و هیچ چوارچێوە و سیستەمێک ، شاعیر ئازادانە لەدەرەوەی هەموو هێزەکان و
سیستەمەکان ، لەنێو ڕووبەری خەیاڵ ، ڕووبەرێکی کراوەو تاریک و نادیار ، سێرچ و
گەڕانەکانی خۆی دەکات .. ئەوکاتەی شاعیر پێیوایە تەواو بووە و گەیشتۆتە خاڵی
کۆتایی ، لە ڕاستیدا ئەوە تەواو بوون نییە بەڵکو ، بەتاڵبوونەوەیەکی کاتییە ،
لەهەر کات و زەمەنێکدا شاعیر دەتوانێ ، لەسەر هەمان شیعر ئیش بکاتەوە ، بگەڕێتەوە
نێو هەمان خەیاڵ و بیرۆکە و ڕووبەرە تاریک و نادیارەکە ، گۆشە و قوژبن و شوێنی تر
کەشف بکات و درێژە بە شیعرەکەی بدات و بەردەوام بێتەوە . چونکە هەر شیعرێک تەنها
بە مردنی شاعیرەکە کۆتایی دێت و ئەوکات پێویستی بە نوختەی کۆتاییبوون دەبێت ، تەنانەت
/ ئەگەر ئەو شیعرە ، شیعری یەکدێری و وردە شیعریش بێت . چونکە ( مردن کۆتایی هاتنە بە پڕۆژەکانی بوون ، بە بوونی
شیعریشەوە ، هەموو بوونێک تەنها بە مردن دەوەستێت یان کۆتایی دێت ، چونکە لە
بنەڕەتدا بوونەکان بە ناتەواوی دێنە بوون ، هیچ بوونێکیش ناگاتە ئاستی کەمال یان
تەواوبوون . لێرەدا ئەوەتان بە بیر دەهێنمەوە کە قەسیدەی من، وەک ئەزموونێکی نوێ ناومان نا دەقی تەمەن بەڵام ، دواتر ناوی قەسیدەکە بە قەسیدەی دەقی
تەمەن ڕۆیشت و هەر بەو ناوە ناسرا ، لەگەڵ
نووسینی بەشی دووەم ، نووسیمان قەسیدەی
" من " ناومان ناوە دەقی تەمەن ، بەمانای دەقێکی کراوە و بەردەوامە ، لەگەڵ
تەمەنی شاعیردایە، واتە مەرگی شاعیر دەبێتە دوانوختە بۆ ئەم قەسیدەیە ..!
ئەم مەسیجە بۆ ئەوکات قسەیەکی نوێ بوو
لەهەمانکات ، داهێنان و ئەزموونێکی نوێش بوو ، یەکەمجار بوو شاعیرێک ناوی قەسیدەیەکی
بنێ دەقی تەمەن و ئەو هێزە لە خۆیدا
ببینێت کە / هەموو تەمەنی لەگەڵ ئەم قەسیدەیەی بەردەوام بێت ، مردنی خۆی بکات بە
دوا نوختە بۆ ئەو قەسیدەیە ، بەڵام ئێستا من ئەوەش دەڵێم / کە ئەو مەسیجەی دەقی
تەمەن بۆ هەموو دەقێکی شیعری ڕاستە ئەگەر ،
دەقەکە وردە شیعرێکیش بێت ، چونکە وەکو گوتمان هیچ دەقێک کۆتایی پێنایە تەنها بە
مردنی شاعیرەکە نەبێت ، واتە مردنی شاعیر دەبێتە نوختە بۆ هەموو شیعرەکانی . بەڵام
جیاوازی دەقی تەمەن لە گەڵ شیعرەکانیترم
یان شیعری هەر شاعیرێکی تر ، لە ناوەڕۆک و ئەو بیرۆکانەیە کە لە دەقی تەمەن دا
ئیشم لەسەر کردوون ، ئەو چوارچێوە و ناوەڕۆکەی دەقی تەمەنم یشم لە مانیفێستێک
نووسیوەتەوە ، من ئێستا دەتوانم ئەوەش بڵێم کە / من یان هەر شاعیرێکیتر دەتوانین
بگەڕێینەوە سەر هەر شیعرێکمان ئەگەر بیست یان سی ساڵیشی بەسەردا تێپەڕبوو بێت ،
دەتوانین بچینەوە نێو هەمان خەیاڵ و بیرکردنەوە و ڕووبەرە تاریکەکانی دەقەکە و
درێژەی پێ بدەینەوە و بەردەوام بینەوە ، چونکە تا مرۆڤ بمێنێ نە بیرکردنەوە نە
خەیاڵ کۆتاییان پێ نایە ، بۆیە هەموو دەقێک بوونێکی کراوەی هەیە ، واتە بوونێکی تەواو
نەبوو ، بۆیە شیعر لە کۆتایی دوا دێر و
دوا وشە دا پێویستی بە نوختە نییە ..!
ئەیلوولی ٢٠٢١