کەلتور

شەوێک لەناو شەمەندەفەرێکی 24 کاتژمێریدا!

09:59 - 20/09/2021 312 جار خوێندراوەتەوە

هێمن مەحمود-کولتوری زەمەن

 

 کاتێک فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانە بچوکەکەی دورگەی کاتانیای ئیتاڵیا نیشتەوە، کۆچبەره قاچاخەکە کە لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە بە قاچاخ و ناسنامەی ساختە سواری فڕۆکەیەکیان کردبوو، ئاهێکی هەڵکێشا و وایزانی ئیدی بۆ ئەبەد رزگاری بووە. زۆر نەبوو کۆچبەرەکە لە تورکیاوە بەپێ هاتبووە خاکی یۆنان و دوای هەفتەیەک دەستبەسەرکردن لە زیندانێکی پیس و پۆخڵی شارۆچکەیەکی سەرسنور ئازادکرابوو، لەوێشەوە بە پاس هاتبووە ئەسینا و دوای دە ڕۆژێک مانەوە، لە رێگای قاچاخچیەکی عەرەبی سورییەوە بە بڕە پارەیەکی زۆر ناسنامەیەکی ساختەی بۆ کرابوو. لە بەیانییەکی زوودا بە فڕۆکەیەکی نە زۆر گەورە و نە زۆر بچوک رەوانەی دوورگەی کاتانیا کرابوو.

دەرچوون لە ئەسیناوە بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا خەونی ئەو هەزاران کۆچبەرە زمان جیاوازە بوو کە لە وڵاتی یۆنان گیریانخواردبوو. کوردەکان نەبێت کە زۆربەیان بە یەخت و بەشێکی زۆریشیان بەپێ یۆنانیان جێدەهێشت، ئەگینا زۆرینەی هەرە زۆری عەرەب و فارسەکان و زمانە جیاوازەکانی تریش هەر بە فڕۆکە و بە قاچاخ لە یۆنان دەردەچون و خۆیان دەگەیاندە وڵاتانی تری ئەوروپا.
ئێوە سەرنجی ئەوەتان داوە لە هەواڵەکاندا چەندین کورد لە ئیجەدا و ئاوەکانی تردا خنکاون کەچی بە دەگمەن فارسێک یان عەرەبێک خنکابێت..وەک کوچبەرێکی بێ پارە لەئەسینا دەیوت مەینەتی ئاوەکە و شاحینەکە هەر بۆ کوردەکە بوو. با زۆر دوور نەکەوینەوە لە چیرۆکی پاڵەوانی چیرۆکەکەمان کە حەزناکات ناوی ببەین و هەر بە کۆچبەرەکە دەیناسێنین، کاتێکیش پرسیاری ئەوەمان لێکرد بۆچی ناوێکت لە چیرۆکەکەدا بۆ دانەنێین، پێی وتم ئەو ساتەی تۆ لە خاکی خۆت دەرچوویت ئیدی هیچ ناوێکت نیە و وشەی کۆچبەر باشترین و پڕ ماناترین وشەیە بۆ ئەو کەسەی لە وڵاتەکەی خۆی ئازادی و ژیانێکی شایستەی دەستناکەوێت و لە وڵاتانی تردا بە دوایدا وێڵە.

هەرئەوەندەی لە فڕۆکەکە دابەزی ترسێک دایگرت. کۆچبەرەکە ترسا پۆلیسی ئیتاڵی بیگرن و پەنجەمۆری پێبکەن، بەڵام ترسەکەی لە جێگای خۆی نەبوو. ئۆتۆمبیلێکی بچوک سەرنشینەکانی فڕۆکەکەی گواستەوە بۆ هۆڵێک، بەبێ ئەوەی لە هۆڵەکەدا هیچ پۆلیسێک یاخود کۆنترۆڵێکی تیادابێت بە ڕاڕەوێکی درێژدا ماوەیەک رۆشت و لە دەرگایەک موسافیرەکان رۆشتنە دەرەوەو ئەمیش بە دوایاندا، کاتێکی زانی ئەوە دەرەوەی فڕۆکەخانەکەیە و ناوەڕاستی شارۆچکەیەکی بچکۆلانەیە. کۆچبەرەکە کاتێک لە فڕۆکەخانەی ئەسیناوە هاتبوو، بە سێ کۆنترۆڵداو بەبێ ئەوەی تاقە جارێکیش پرسیارێکی لێبکەن هەمویانی تێپەڕاندبوو. هەرچەندە قاچاخچیە سورییە عەرەبەکە ناسنامەیەکی ساختەی بۆ کردبوو، بەڵام بە بچوکترین پرسیارکردن لێی بە زمانی یۆنانی چونکە زمانەکەی نەدەزانی دەناسرایەوە و دەستگیردەکرا.

سەرەتای پایز بوو، رۆژێکی هەوراوی بوو، دیمەنی سروشتی شارۆچکە ئیتاڵیەکە دیمەنێکی دڵڕفێنی هەبوو. کۆچبەرەکە بە  ئینگلیزییەکی تێکشکاو بە تەکسیەکی وت تا وێستگەی شەمەندەفەرەکە بیبات بۆ ئەوەی بۆ میلانۆ بڕوات. کات نزیکەی دوانزەی نیوەڕۆ بوو..لە وێستگەی شەمەندەفەرەکە بە تەلەفون و بە هاوکاری کەسێکی نزیکی خۆی تکتێکی بڕی و شەمەندەفەرەکە کاتژمێر دوو دەردەچوو، کاتژمێر دووی رۆژی داهاتوو لە میلانۆ بوو. نمەنمە باران دەباری، لەگەڵیدا رەشەبایەکی کەناراوەکانی شارۆچکەکە دیمەنی باران بارینەکە و لەرینەوە و کەوتنە خوارەوەی گەڵاکانی نزیک وێستگەی شەمەندەفەرەکەی جوانتر کردبوو، بەڵام بۆ کۆچبەرێک کە چاوەڕوانی دەرچون و نەهاتنی پۆلیسە هیچ پایز و کەوتنە خوارەوەی گەڵایەک سەرنجی راناکێشێت.ئەم کۆچبەرەی ئێمەش هەروابوو. دوو کاتژمێری بەدەستەوە بوو. ویستی هەوایەک هەڵبمژێت و جانتاکەی کردە شانی و بەرەو بازاڕی شارۆچکەکە کە زۆر دوور نەبوو لە وێستگەکە رۆیشت.

شارۆچکەکە بازاڕیکی بچوکی هەبوو.شتێکی وای تیادا نەبوو سەرنجی راکێشێت. برسێتی بڕستی لێبڕیبوو. بە چوار یۆرۆ لە دوکانێکی عەرەبی لەفەیەکی خوارد. بارانەکە خێراتربوو.
گەڕایەوە بەرەو وێستگەکە. کاتێک ویستی دڵنیابێتەوە لە ناسنامە ساختەکەو تکتەکە لە گیرفانیدا، سەیریکرد لێی کەوتون و ونیکردووە. رۆشتەوە بۆ لای بلیتبڕەکە، هەرچۆنێک بوو تێیگەیاند تکتەکەی ونکردوە، دوای ئەوەی سەیری کۆمپیوتەرەکانیان کرد دڵنیابونەوە لە راستی قسەی کۆچبەرەکە، تکتێکی تریان پێدا. ئافرەتە ئیتاڵیەکە کە پەنجا ساڵێک دەبوو، لێی پرسی بۆ کوێ دەڕوات..؟ ئەمەی بە زمانی ئیتاڵی وت ئەوکاتەی لەگەڵ کۆچبەرەکە لەسەر کورسیەک لەوێستگەکەدا پێکەوە چاوەڕێی تێپەڕینی کاتەکەیان دەکرد. کۆچبەرەکە تێنەگەیی. ئافرەتەکە پرسیارەکەی کرد بە ئینگلیزی و کۆچبەرەکەش وتی میلانۆ. ئافرەتەکە زەردەخەنەیەکی کرد و سەرێکی لەقاند. کۆچبەرەکە وتی ئەی تۆ..؟ ئافرەتەکە شارێکی وت کۆچبەرەکە تێنەگەیی.
ئافرەتەکە زانی تێناگات، بە دەست بادانێکەوە وتی مالینا!
ئەها مالینا...فیلمەکەیم بینیوە.نایس!
ئافرەتەکە وتی شارەکەی مالینا. کۆچبەرەکە هەر نەیزانی کوێیە!.
چاو...چاو!
شەمەندەفەری ئافرەتەکە هات و ئەو بەرەو شارەکەی مالینا رۆیشت، ئەمیش هێشتا هەر چاوەڕوانبوو. کۆچبەرەکە و خۆت لە پۆلیس بشاریتەوەو بە تەنها لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری بچوکدا بە جانتایەکی کۆڵە پشتەوە دانیشتبیت و خۆشت نەزانی بەرەو کوێ دەڕۆیت و لە کوێ لادەدەیت. وادەکات هەستێکی ئاڵۆز و غەریب و دەروونێکی ڕاڕا و چاوانێکی پڕ لە ترس و گومان و پرسیارت هەبێت. ئەوەی بەو دۆخەدا تێپەڕنەبوبێت لەمە ناگات. مرۆڤ کاتێک تەنیایە و دەکەوێتە شوێنێکی غەریبەوە و زمان نازانێت و لە داهاتوی خۆی دڵنیا نییە بیر لە زۆر شت دەکاتەوە و سەرنجی زۆر شتی چواردەوری دەدات. بۆ نمونە بیر لە کەسانێک دەکاتەوە جێهێشتوون و نازانێت کەی دەیانبینێتەوە و چۆن چۆنیش دەیانبینێتەوە. کۆچبەرەکە بە غەمێکی قوڵەوە سەرنجی ئەو موسافیرانەی دا کە بێ ترس و بە دڵێکی خۆشەوە شەمەندەفەرەکانیان لە کاتی خۆیاندا دەگەشتن و دواتر سەفەریان دەکرد.

تا چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا گەیشتن بە ئیتاڵیا خەونێک بوو ساڵانێک پێش ئێستا دەیبینی.. ئەوەتا ئێستا لە ئیتاڵیایە..مرۆڤ ژیانێکی سەیرو سەمەرەی هەیە..رۆژێک لە وڵاتی خۆی و سبەینێیەک لە وڵاتێکی تر. مەگەر هەر مرۆڤ لە خۆی بگات. کۆچبەرەکە بۆ ساتێک لە دڵی خۆیدا وای وت. ئێستا ئیدی کاتژمێر دووەو شەمەندەفەرەکە لە کاتی خۆیدا بەرەو میلانۆ دەرچوو. کۆچبەرەکەمان دڵی خۆشبوو لە فارگۆنێکی چۆڵدایە و کەسی تیادا نیە.بەهۆی ئەوەی خەتی ئەنتەرنێتی پێ نەبوو ناچار مۆبایلەکەی دانا و لە پەنجەرەکەوە تەماشای کەنارە ئاوییەکانی دەکرد کە شەمەندەفەرەکە بە درێژایی رێگاکە بە تەنیشتیانا تێدەپەڕی. ڕێگاکە دوورو درێژبوو، شەمەندەفەرەکە لە دەیان وێستگەدا دەوەستا و موسافیری نوێ سەردەکەوتن. کەسێک دەرگاکەی کردەوە و بە ئیتالی قسەیەکی کرد.کەسەکە جلوبەرگێکی لەبەردابوو لە پۆلیسی دەکرد.پۆلیس نەبوو. کارمەندێکی ناو شەمەندەفەرەکە بوو ژوورەکان دەگەڕاو موسافیرەکانی رێکدەخست. شوێنەکەی بە کۆچبەرەکە گۆڕی و خستیە فارگۆنێکی ترەوە. خێزانێکی ئیتاڵی، ژن و پیاوێک و منداڵێکی دە ساڵان پێکەوەبوون. کۆچبەرەکە بە ئینگلیزی سڵاوێکی کرد و رۆشتە ژوورەوە و لەبەرامبەریان دانیشت.دڵی تەنگبوو.

کات زۆر بە هێواشی و هاوشێوەی شەمەندەفەرەکە تێدەپەڕی.مناڵەکە یاریی لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکرد، کۆچبەرەکەش لە پەنجەرەی فارگۆنەکەوە تەماشای دەریا درێژەکەی دەکرد و  بیری کوڕە دە ساڵانەکەی دەکرد. بەبێ ئەوەی لەیەک تێبگەن کۆچبەرەکە تێیگەیاندن کوردە و لە عێراقەوە هاتووە. کورد؟ نەیانبیستبوو. کۆچبەرەکە ناچار مۆبایلەکەی دەرهێناو لە گۆگڵ ماپەکە کە بەبێ ئەنتەرنێتیش ئیشی دەکرد نەخشەی عێراق و شاری سلێمانی پیشاندان. لەوێوە هاتووم. بە ئیشارەت تێیگەیاندن. شەمەندەفەرەکە بەردەوام خەڵکی تێدەهات. شەو داهات.
لە پڕ دەرگا کرایەوە و کابرای جل پۆلیسی خۆی کردە بە ژووردا و بە ئیتاڵی داوای تکت و  پاسپۆرتی لەسەرنشینان کرد. پەنابەرەکە خۆی گێلکرد. کابرای جل پۆلیسی کردی بە ئینگلیزی  و تەماشای پەنابەرەکەی کرد و ئیشارەتی بۆ کرد.
تکت ئاند پاسپۆرت.پەنابەرەکە وتی (ناو پاسپۆرت). تکتەکەی پێدا. کابرای جل پۆلیسی تکتەکەی لەگەڵ خۆیدا برد و رۆیشت. شەمەندەفەر دەڕۆیشت و شەو نەدەڕۆیشت. شەوگاری پایز تا دەهات درێژتر دەبوویەوە، کۆچبەرەکە برسی بوو، تینوشی بوو، ماڵە ئیتالیەکە زانیان هیچی پێ نیە.دەبەیەک ئاو و کێک و شەربەتێکان پێدا. فارگۆنەکە جێگای خەوی چوار کەسی تیادا دەبوویەوە، قاتێک لەسەرەوەو کورسیەکانی خوارەوەش دەکرانە قاتێکی تری خەو لە خوارەوە. کۆچبەرەکە و ماڵە ئیتاڵییەکە ماندووبون، کورسیەکان کرانە جێگای خەو. کۆچبەرەکە لە دەستە چەپی فارگۆنەکە لە خوارەوە خەوت و کوڕە دەساڵانەکە لەسەرەوە، بەرامبەریشیان پیاوەکە لە خوارەوە و ژنەکە لەسەرەوە. دەنگی شەمەندەفەرەکە دڵی شەوگاری شەقدەکرد و بە زەمەندا بڵاودەبویەوە، کۆچبەرەکە سەری کردبویە لای پەنجەرەکەوە و خەونی دەبینی. لە خەونیدا ژمارەیەک روخساری نەناسراو بە دوای کەوتون و ئەمیش بەشتێکی دوو تایە کە زیاتر لە پاسکیلی دەکرد لە دەستیان ڕادەکات و ناگیرێتەوە. لە پڕ تایەکان دەگیرێنە یەکتر و ئەم هەرچی پایدەر لێدەدات شتەکە کە لە پاسکیل دەچێت لەگەڵیدا نایەت..رووخسارە نەناسراوەکان دەگەنە سەری و پێی پێدەکەنن، وەک ئەوەی دوو ئاسن لەیەک بدەن لە پاڵ سەریدا ژاوە ژاوێک و دەنگە دەنگێکی سەیر دروستدەکەن کە وا دەکات هەردوو گوێی بگرێت و هاواربکات.

کۆچبەرەکە لە هات و هاواری خۆی لە خەوەکەیدا خەبەری بوویەوە.تەماشایکرد ژاوە ژاوە و دەنگە دەنگی ناو خەونەکەی دەنگی شەمەندەفەرەکەیە کە بەسەر هێڵە ئاسنەکەدا دەڕوات و لە بێدەنگی شەودا زیاتر دەنگدەداتەوە. کاتژمێر دەی بەیانیە. کابرای جل پۆلیسی جارێکی تر دێتەوە ژوورەکە و کۆچبەرەکە لەگەڵ خۆیدا دەبات و بە ئینگلیزییەکەی شەق وشڕەوە تێیدەگەیەنێت پۆلیسی بۆ بانگدەکات. کۆچبەرەکە لەوە تێگەیشت کە باسی یۆرۆی کرد و زانی کابرای جل پۆلیسی دەیەوێت پارەی لێ وەرگرێت، 25 یۆرۆی پێدا و تکتەکەی وەرگرتەوە. دڵی خۆشبوو لەهەمانکاتدا پێیشی سەیربوو کەوا بۆ یەکەمجار لە خاکی ئەوروپا و لە ناوەڕاستی ئیتاڵیا بە 25 یۆرۆی بەرتیل ڕادەستی پۆلیس نەکرایەوە. کۆچبەرەکە لە دڵی خۆیدا وای وت. کۆچبەرەکە ئەو کاتەی کە تا میلانۆ مابووی بە دڵخۆشی و نەترسان بەسەریبرد، چونکە دڵنیابوو ئیدی پۆلیس نایگرێت، بۆیە بە ئیشارەت و پێکەنین لەگەڵ خێزانە ئیتاڵیەکەدا کاتەکەی بەسەربرد، بەڵام هەر دڵی لای شتێکی تربوو. لە دڵی خۆیدا وتی کێ ناڵێت کابرای جل پۆلیس لە میلانۆ ڕادەستی پۆلیسی ناکات و درۆی لەگەڵدا ناکات، بیری لە پلانێک کردەوە. هەرکە گەیشتنە میلانۆ شوێنەکەی خۆی بگۆڕێت و بڕواتە فارگۆنەکانی دواوە، تا پۆلیس دێت ئەم لەولاتر دادەبەزێت و نادۆزرێتەوە. هەرواشیکرد. کاتێک کاتژمێر دوو گەیشتنە میلانۆ، کۆچبەرەکە چەند فارگۆنێک رۆیشتە دواوەو هەر کە شەمەندەفەرەکە وەستا ئەمیش لەناو قەرەباڵغییەکدا سەیرێکی خوارەوەی کرد کە پۆلیس نەبوو یەکسەر بەخێرایی دابەزی و خۆی لەناو وێستگە گەورەکەی میلانۆ ونکرد. کۆچبەرەکە ئێستاش نەیزانی کابرای جل پۆلیسی، پۆلیسی بۆ هێنا یاخود نا؟

خوێنەری بەڕێز.. ئەمە چیرۆکی زۆرێک لەو کۆچبەرانەیە ئێستا لە ئەوروپان یاخود بە نیازی رۆشتنن بۆ ئەوروپا و چیرۆکەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و کۆتایشی نایەت.. چیرۆکێکە رۆژێک لە ئەسینا و رۆژێک لە ڕۆما و ڕۆژێک لە پاریس و رۆژێک لە ئەڵمانیا و ڕۆژێک لە هۆڵەندا دووبارە دەبێتەوە. تۆ ئەگەر دەتەوێ کۆتایی چیرۆکەکە بزانیت لە فەیسبوک پەیجێک بەناوی کوردە بێ وڵاتەکان هەیە لەوێ نامەبنێرە و پرسیاری ئەو کۆچبەرە بکە کە لە میلانۆ ونبوو وەڵامت دەدەنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement