555 دیمانە

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە و گۆڕان به‌گیانی ركابەر ناچینە هەڵبژاردن

05:01 - 06/07/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

 
فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەزگای میدیایی "زەمەن" باسی چۆنیەتی رێككەوتنی حیزبەكەی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و ئەدای حكومەتی هەرێم دەكات . ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ئەوان و بزووتنەوەی گۆڕانیش پێویستییان بەڕێككەوتنی هاوپەیمانی كوردستانی بوو بۆ بەشداریكردنی یەك لیست بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق.



زەمەن: رێككەوتنی ئێوە و گۆڕان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق چۆن روویدا؟
فەرید ئەسەسەرد: رێككەوتنەكە زادەی هەستكردنی هەردوولایە بەپێویستی یەكگرتنەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەردوولا پێویستیان بەو هاوپەیمانییە بوو، هەردووش بڕیاریاندا بوو ئەم هاوپەیمانییە كار بكات بۆ ئەوەی وزە و توانای هەردوولا یەكبخات بە ئەنجامێكی باشتر لەو هەڵبژاردنە دەربچن، لەمەراسیمی واژووكردنی رێككەوتنەكە دروشمی (پێكەوە بەهێزترین) نووسرابوو، ئەوە چڕكراوەی ئامانجی ئەو هاوپەیمانییەیە كە لەنێوان یەكێتی و گۆڕان هاتۆتە ئاراوە.

زەمەن: وتت هەردوولا پێویستیان پێی بوو، ئێوە زیاتر یان بزووتنەوەی گۆڕان؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە بەو جۆرە سەیرمان نەكردووە، ئێمە خۆمان دەڵێین ئێمە پێویستمان بەو رێككەوتنە هەبوو، بەدڵنیاییەوە ئەوانیش هەر پێویستییان بەوە هەبوو، كێ زۆرتر پێویستی بەوە بوو یان كەمتر ئەوە مەسەلەیەكی ترە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەردووكمان پێویستمان بەو هاوپەیمانییە بوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامێكی باشتر بەدەست بهێنین و پێمانوایە ئەمە لێكەوتەی گرنگی لێدەكەوێتەوە، چونكە دوو لە گرنگترین و گەورەترین حیزبی ناوچەی سلێمانی توانیویانە كارێكی وا بكەن كە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی ناوچەكەش بەجێ دەهێڵێت.

زەمەن: ئاماژە ده‌لاله‌تی رێككەوتنەكە لەنێوان ئێوە و گۆڕاندا لە چیدا دەبیننەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: لە هەموو حاڵەتێكدا كە هاوپەیمانی دروست دەبێت ئەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یەكێكیان ئەم هاوپەیمانییە پاش هەڵبژاردن بەردەوام ببێت و ببێتە یەك فراكسیۆن، یان دوای هەڵبژاردن هەریەكە و فراكسیۆنی خۆی دروست بكات و هەماهەنگی بكەن، بەڵام ئێمە پێمانوایە و دەمانەوێت ئەم هاوپەیمانی و هەماهەنگییە باشەی ئێستا لەئارادایە پاش هەڵبژاردنیش بەردەوام بێت و هەماهەنگییەكی باشتر هەبێت، ئەگەر ئەنجامی چاوەڕوانكراو باش بێت و هەست بەوە بكەین كە بەردەوامبوونی ئەم هاوپەیمانییە رەنگدانەوەی باش لەسەر دۆخی سیاسی جێدەهێڵێت بەدڵنیاییەوە دەبێتە هاندەرێكیش بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا عێراق و كوردستان ئەم ئەزموونە سەركەوتووە دووبارە بكەینەوە، بەڵام من نامەوێت جارێ شتی تر بڵێم، چونكە ئەوە دەوەستێتەوە سەر ئەنجامی هەڵبژاردن، گرنگترین خاڵی سەرەكی لەم هاوپەیمانییە یەكگرتنە، ئێمە هەردوومان بەمونافیس و گیانی ركابەر ناچینە هەڵبژاردن، بەدڵنیاییەوە مونافەسەی و ركابەری لەهەڵبژاردندا شەرعییە، بەڵام زۆرجار كێشەشی لێدەكەوێتەوە و رەنگە لایەنگران دژی یەكتر كار بكەن، بەڵام ئێمە لەم هەڵبژاردنە دژی یەكتر كار ناكەین و بەپێچەوانەوە ئەو دەنگەی بەدەست دێت هی هەموومانە و بۆ هەردوولا باشە و هەماهەنگیمان كردووە و توانیومانە یەك لیستمان هەبێت و بە یەك لیست دەچینە هەڵبژاردنەوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە دەمانەوێت لایەنە نەوتراوەكەی ئەم هاوپەیمانییە ئەوەیە دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا پێكەوە بین و پاش هەڵبژاردنیش بتوانین ئاشتی كۆمەڵایەتی لەم ناوچەیە بپارێزین و هەماهەنگی گونجاومان هەبێت لەبەغدا بۆ ئەوەی بتوانین بە چاكترین شێواز بەرژەوەندییەكی خەڵكی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق بپارێزین.

زەمەن: ئێمە لە دەزگای میدیایی "زەمەن" دەقی رێككەوتنەكەمان بڵاوكردەوە، بەڵام میدیای فەرمی یەكێتی و گۆڕان بڵاویان نەكردەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئاگاداری ئەوە نیم، بەڵام دەزانم رێككەوتنە سەرەكییەكە بریتییە لەهاوپەیمانی ئێمە و گۆڕان لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكدا كۆبووینەتەوە، ئەمە بەو مانایە دێت ئۆرگانەكانی هەردولا هاوپەیمانی لەنێوانیان هەیە، ئاگاداری ئەوەم بەشێك لەدام و دەزگاكانی هەردوولا دەستیان بەكۆبوونەوەی هاوبەش كردووە بۆ لێكتێكەیشتنی زیاتر.

زەمەن: گومانێك لای هەندێك لەسەركردەی یەكێتی هەبوو كە قورسە گۆڕان بێتە ژێر باری ئەم رێككەوتنە لەبەرئەوەی گۆڕان و پارتی رێككەوتنیان هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، تا چەند ئەم هاوپەیمانییە ئەو گومانەی سڕییەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: من بەپێچەوانەوە سەیری دەكەم، ئێمە دوو ئەزمونمان لەگەڵ یەكتر هەیە یەكێكیان هی ساڵی 2012 بوو كە لێكتێگەیشتنێكی گونجاوی لەو قۆناغەدا لەنێوان هەردوولا هێنایە ئاراوە كە ئەوە لەسەردەمی مام جەلال و كاك نەوشیروان بوو كە ئەندازیارەكەی ئەو دوو كەسە بوون، ئەوەی دیكەش لەسەردەمی نەخۆشكەوتنی مام جەلال بوو ساڵی 2016 كە رێككەوتنی سیاسی فراوانتر لە لێكتێگەیشتنەكەی 2012 هاتە ئاراوە، بەڵام بەداخەوە هەردووكیان بەو ئەنجامە نەگەیشت كە ئێمە خوازیاری بووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ئەزموونی سێیەممان تاقیكردۆتەوە، من پێموایە هەنگاونمانمان بۆ ئەم ئەزموونە هاوپەیمانی كوردستانی خۆی لە خۆیدا بەڵگەی ئەوەیە كە دوو ئەزموونەكەی پێشوو كاریگەری خراپیان لەسەر پەیوەندییەكان نەبووە، سەرەڕای ئەوەی هەردووكیان بەو ئەنجامە نەگەیشتن كە هەردوولا دەمانویست، لەگەڵ ئەوەشدا تاقیكردنەوەی سێیەم بێنینە ئاراوە لەبەرئەوە پێموایە نیگەرانییەكان زۆر گەورە نین لەوەی ئەم ئەزموونەش بە هەمان چارەنووسی دوو ئەزموونەكەی پێشوو بگات، ئەگەر ئەو بیركردنەوە هەبوایە، دەبوایە بەپێچەوانە بێت و باس لەوە بكرێت كە ئێمە دوو ئەزموونی هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنمان تاقیكردۆتەوە و  سەركەوتوو نەبووین، بۆیە لە سێیەمیش سەركەوتوو نابین، بەڵام هاتنە ئارای هاوپەیمانی كوردستانی لەم هەلومەرجەی ئێستادا بەڵگەی ئەوەیە هەردوولا دوو ئەزموونەكەی پێشوویان تێپەڕاندووە و ئەم دوو ئەزموونەی پێشوو كە ناتوانین بە ئەرێنی سەیریان بكەین كاریگەری خراپیان لەسەر ئەم ئەزموونە نەبووە.

زەمەن: لەگەڵ پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتتان هەیە، دوای ئەم رێككەوتنە نێوانتان چۆنە؟
فەرید ئەسەسەرد: پەیوەندیمان تا ئەندازەیەك سارد و سڕی لەنێوانمان هەیە هۆكارەكەشی چەند فاكتەرێكە، ئەو سارد و سڕییە بەشێكی پەیوەندی بە جێبەجێ نەكردنی ئەو  رێككەوتنانەوە هەیە كە لەنێوان هەردوولا واژوو كراوە بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە هەیە، ئێمە سوور بووین لەسەر ئەوەی كە لەسەری رێككەوتووین جێبەجێ بكرێت، بەڵام هەستمان دەكرد جۆرێك لە خاویی لەجێبەجێكردنیان لەلایەن پارتییەوە هەبوو بەتایبەت مەسەلەی لامەركەزی، ئێمە پێمانوابوو لامەركەزی پەیوەندی بە یەكێتی و پارێزگایەكی دیاریكراوەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئەدای حكومەت و خزمەتگوزارییەوە هەیە و ئەوەش خێراتری دەكات، بەڵام هەستمان دەكرد ئەو تێڕوانینە لای پارتی نەبوو، سەرەڕای ئەوەی ئێمە وەك یەكێتی لەڕێككەوتنی پێكهینانی حكومەت باسی لامەركەزیمان كردووە و سەرەڕای ئەوەی پارتی رێككەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش سەبارەت بەم مەسەلەیە كردووە، سەرەڕای ئەوەی بەرنامەی پێكهێنانی حكومەت كە سەرۆك وەزیران خوێندییەوە باس لامەركەزی دەكات، بەڵام ئێستا تاڕادەیەك چارەسەرێكمان بۆ مەسەلەكە دۆزیوەتەوە ئەوەش بەو جۆرە سەیری كراوە ئێمە لەناو یەكێتی ئەوەندە باسی لامەركەزیمان كرد ئێستا بۆتە دروشمێكی سەرەكی خۆمان، پێموایە رەنگە پارتی دوودڵی بووبێت لەمەسەلەی لامەركەزی ئەوەیە ئەگەر بەو جۆرەی ئێمە داوامان دەكرد جێبەجێ بكرایە رەنگە وەك دەستكەوت بۆ یەكێتی بدرایەتە قەڵەم و بەدڵنیاییەوە پارتی نەیدەویست وا بێت، لەبەرئەوە پارتیش دەیویست جێبەجێی بكات و ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، بۆیە لەكۆتاییدا مەسەلەكە بەو جۆرە چارەسەر كراوە رەنگە لامەركەزی لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت بە بێ ئەوەی ناوی بنرێت لامەركەزی بەناوی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان، لەڕاستیشدا هەرچەندە جیاوازی هەیە لەنێوان لامەركەزی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان، بەڵام بەكردەوە لامەركەزی بریتییە لەكەمكردنەوەی دەسەڵاتی وەزارەتە سەرەكییەكان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ خوارەوە، لەبەرئەوە ئێمەش لەم قۆناغەدا بەوە رازین هەرچەندە بۆچوونمان ئەوەیە لامەركەزی پێویستی بە دەركردنی یاسایەكی تایبەت هەیە لەپەرلەمانەوە بۆ ئەوەی مەسەلەكە روونتر بێتە بەرچاو.

زەمەن: دوو ساڵ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تێپەڕی، ئەدای ئەم كابینەیەتان پێ چۆنە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەم حكومەتە بەدڵنیاییەوە هەموو لایەنەكان پێكیان هێناوە و حكومەتی حیزبێكی دیاریكراو نییە، ئێمەش لایەنێكی پێكهێنەری ئەم حكومەتەین و ناتوانین تەنانەت بڵێین بەشدارین لە حكومەت، چونكە مانای بەشدارییە جیاوازە لەپێكهێنەر، بەڵام بەدڵنیاییەوە رەنگە لەهەندێك مەسەلە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فایلی نەوت و لێبڕینی مووچە ئێمە بۆچوونی تایبەتی خۆمان هەیە و لەكۆبوونەوەكانیش باسمان كردووە.

زەمەن: لەماوەی رابردوودا زۆر باسی ئارامی پارێزگای سلێمانیتان دەكرد، بەڵام لەم ماوەیەدا چەند رووداوێك لەلایەن سەركردەیەكی یەكێتییەوە روویاندا ئەوەش نیگەرانی لێكەوتەوە، ئەوە كاریگەری بۆ داهاتووتان نابێت یان لێپرسینەوەتان كردووە؟
فەرید ئەسەسەرد: لەڕاستیدا ئەوە زۆرتر حیزب ناگرێتەوە و زۆرتر حكومەت دەگرێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە سەیر نەكرێت كە بمەوێت یەكێتی لەمەسەلەكە دەربكەم، یەكێتیش لەم مەسەلەیەدا لێپرسراوێتی دەكەوێتە ئەستۆی، چونكە ئەو لایەنانەی ئەمانە دەكەن زۆرتر ئەندام یان لایەنگری یەكێتین، بەڵام ئەمانە هەندێك رووداون لەدەرەوەی كۆنتڕۆڵن واتە ئەو رووداوانە بەرنامەیان بۆ دانەنراوە و كتوپڕ روویانداوە، هەوڵیش دەدەین جارێكی دیكە دووبارە نەبنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن