کەلتور

بۆ ڕوباری دەگیڕمەوە

07:15 - 04/06/2021 122 جار خوێندراوەتەوە

رێبوار سیوەیلی

 

شیعری: قوبادی جەلیزادە
١
چۆلەکەیەک
ژنێکی خۆشدەوێ
تەنیا لەسەر ئەو دارتێلە دەخوێنێ
کەبەرامبەر بالکۆنەکەیانە


لە نیگای یەكەمدا چەند پێكهاتەیەكی سرووشتی دەبینین: كە (چۆلەكە، شنە، درەخت، باران، مانگ، سەگ)، بە مانایەكی دیكە، ئێمە لەبەردەم: (باڵندە، درەخت، هەوا، ئاو، ڕووناكی، ئاژەڵ)داین. قوباد ئەم ناو و ڕەگەزانە پێكەوە لە یەك شوێندا كۆ دەكاتەوە كە (من)ـە. ئەمە بیركردنەوەی شاعیرانەیە بۆ دەستگرتن بە جیهانەوە. شاعیران هەمیشە دەیانەوێت دەست بەجیهانەوە بگرن، چونكە ترسی لە دەستدان و لەبەریەك هەڵوەشانی جیهان مەراقی شاعیرە. بۆیە (من)ی خۆیان دەكەنە دەفرێك بۆ ئەوەی جیهانی باوێنە ناوی. ئەمە بوێرییەكی بەرچاوی شاعیرانی ڕاستەقینە و ڕەسەنە . شێوازی سەرنجڕاكێشانی ئێمە بۆ ئەمكارە، لە وێنەیەكی سادەوە دەستپێدەكات: چۆلەكەیەك لەسەر دارتێلی بەرامبەری ماڵەكەیان دەخوێنێ. هیچ چۆلەكەیەكی لەمشێوەیە لە دنیادا نییە. ئەمە چۆلەكەی ناو شیعرە، كە شاعیر بەمجۆرە دروستیكردووە. كێشەكە لەوەدا نییە ئەم چۆلەكەیە هەیە یان نا. ئەوەی وا دەكات بڕوا بەم كۆپلەیە بكەین، ئەو هەستەی دەروونی خۆمانە، كە بەم كۆپلەیە دەخرۆشێت. هاندانە بۆ ئەوەی لەم دیمەنەوە بێینەوە ناو خۆمان، خۆزگە بخوازین. چێژەكە لەمەدایە كە چ هەستێك لە ناخی ئێمەدا بێدار دەكاتەوە .

٢
شنەیەک
ژنێکی خۆشدەوێ
چی شووشە عەتری بنکەگوڵەکان هەن
بۆی دەڕفێنێت

هەمیشە بیستبوومان و كولتووریش لەمەدا پاڵپشت بووە، كە شنە نسرمێكی هەواییە بۆ فێنكردنەوە. ئەمە لە فەرهەنگی شاعیردایە، كە شنە دەبێتە عاشق و عەتری گوڵەكان بۆ خۆشەویستەكەی دەبات. شاعیر ئەمە لە خەیاڵدا دادەهێنێت و دەیكات بە وشە و وشەكانیش دەبنە جێی بڕوا. ئێستە كەس ناتوانێت بڵێت ئەمە درۆیە، چونكە شنە عاشق نابێت و عەتردزیش نییە! شاعیر دەیەوێت جیهان بەمجۆرە بسازێنێتەوە و پەیوەندیی شتەكان و ڕەگەزەكان و پێكهێنەرەكان دەستكاری بكات. ئەم وێنەیە ڕۆحی گیانفیدایی و ژیان لە پێناوی ئەویتردا بیر دەخاتەوە. شاعیر سەرنجمان بۆ پەیوەندییەك ڕادەكێشێت كە نییە، بەڵام شیاوی پێشبینیی و خەیاڵلێكردنەوەیە. ئەمە ختووكەی خەیاڵی ئێمە دەدات و ئاراستەمان دەكات بۆ بینینی ئەو پەیوەندییەی كە دەسەڵاتی خەیاڵ و وشەكان دروستیان كردووە. ئەمە هێزی پەروەردەكارانە و ئاراستەكەرانەی شیعرە، كە دەتوانێت پەیوەندییەكان دەستكاری بكا و مرۆڤ وا لێبكات بە جۆرێكی دیكە بیر لە ژیان و جیهان بكاتەوە .
٣
درەختێک
ژنێکی خۆشدەوێ
تا دەچێتە سەرکار و دەگەڕێتەوە
بۆی دەبێ بە؛
ورشە ورشی سێبەر


هەموو دەزانین كە درەخت لە شوێندا جێگیرە، كەچی شیعر بە جوڵەی دەخات و ناچارمان دەكات وەك سەیوانێك بیبینین، كە بەدرێژایی ڕێگای چوون و گەڕانەوەی ژنەكە بۆ سەر كار و هاتنەوەی بۆ ماڵ، لەگەڵیدا دەچێ و دێتەوە. خەیاڵكردنەوە و هێنانەپێشچاوی ئەوەی درەخێتك شوێنگۆڕكێ دەكات، لە ڕوانگەی سرووشتنۆڕییمانەوە، شتێكی بێ مانا و مەحاڵە، كەچی شاعیر ئەمە دەخاتە زەینمانەوە و بچووكترین بەرگرییش ناكەین. كەسمان بیر لەوە ناكەینەوە، ئەوەی لەم سەفەرەدا جوڵە و شوێنگۆڕكێ دەكات، درەخت نییە، بەڵكو خەیاڵ و هزری ئێمەیە، كە لە ڕێگەی وشەكانی شاعیرەوە، هاوشوناسیی لەگەڵ درەختێكی گەڕۆكدا دەكات و خۆمان وەك درەختەكە دەبینین، كە هەمیشە بووینەتە سێبەر بۆ خۆشەویستەكەمان .

٤
باران
ژنێکی خۆشدەوێ
هەمیشە بۆی دەگری
نایەڵێ جلەکانی سەرتەنافی
وشکببنەوە .


نایەوێت بڵێت: باران دەیەوێت هەمیشە ژنەكە بە ڕووتی ببینێت، كەچی دەڵێت بۆی دەگری و ناهێڵێت جلەكانی وشك ببنەوە! لەگەڵ ئەوەشدا وێنەیەك دروستدەكات، كە ئێمە بخاتە سەر ئەو خەیاڵە و وێنەكە ئەوە دەڵێت كە وشەكان بە جۆرێكی دیكە گوتویانە. ئەمە دەسەڵاتی شاعیرە بۆ گوتنی شتێك و وێناندنی شتێك لە زەینی ئێمەدا، كە لە مانای یەكەیەكەی وشەكاندا نییە. بۆیە ناچارمان دەكات بۆ مانای دیكە بگەڕێین و ئەو ویستەمان تێدا بێدار دەكاتەوە. هەرچەندە باران مێینەیە، كەچی بە خەیاڵەكە دا دیارە پیاوێك ئەم وێنەیەی دروستكردووە. ئەوە باران نییە، ئەوە پیاوێكە دەیەوێت وەك باران بەسەر ڕووتیی ژندا ببارێت و چەتوونانە بیر لەوە دەكاتەوە كە باران نەھێڵت جلەكان وشك ببنەوە .

٥
مانگ
ژنێکی خۆشدەوێ
کە لەئاسمانا گومدەبێ
لەژووری نوستنەکەیدا
دەبێ بە؛
ئاوێنە


بینینی مانگ لە شێوەی ئاوێنەدا داهێنانێكی وێنەیی بەرزە. ئەم دەستكارییكردنەی شوێنی مانگ و هێنانەخوارەوەی بۆ ژووری نووستن لە شێوەی ئاوێنەدا، شێتیی و شەیدایی شاعیر بۆ ژن دەخاتە ڕوو. دەستكاریكردنەكە بە چەند ئاستێكە: یەكەم مانگ لە پێكهاتەیەكی گەردوونییەوە دەكاتە شت، بەڵام پەیوەندیی بە ڕووناكییەوە دەپارێزێت، چونكە ئاوێنە، ڕووناكاییش دەهێنێتەوە یاد. دووەم: مانگ لە ئاسمانەوە دەهێنرێتە سەر عەرد و ناو ژووری نووستن. ژووری نووستن خۆی دەبێت تاریك بێت، بەڵام كردنی مانگ بە ئاوێنە پێشمەرجی ڕووتیی ژنەكەش لە ژوورەكەدا، دەخاتە ڕوو. كەواتە لە ڕووتیی ئەوەوە ئاوێنەكە ڕووناكیی وەردەگرێت. وەكچۆن مانگ ڕووناكی لە خۆرەوە وەردەگرێت. لێرەشەوە، ژن هەر وەك ژن نامێنێت و دەبێتە بوونێكی ڕووناكیبەخش و نوورین. كە تۆ شاعیر بوویت دەزانیت چۆن وشەكان پێكەوە دابنێیت و ڕیزیان بكەیت و وێنەیەكی شیعری بەرز و ناوازە دروستبكەیت .

٦
سەگێک
ژنێکی خۆشدەوێ
لەبەردەرگای ژوورەکەیا پاڵدەکەوێ
تا ڕۆژ دەبێتەوە،
بۆن بەکەوشەکانییەوە دەکات


ئەمە وێنە نەرێتییەكەی نێو شیعری كوردییە، شاعیرانی دیكەش گوتویانە: (خۆزگەم بە سەگی بەردەمی قاپی)! لەگەڵ ئەوەشدا پاڵكەوتنی ئەم سەگە لەبەردەم دەرگای ژوورەكەدا، پاڵكەوتنێكی ناچالاك و پاسیڤ نییە. بۆ خەوتن و پشوودان نییە، پاڵكەوتنێكی سۆفییانە نییە لە چاوەڕوانییدا، بەڵكو بەردەوام بۆن بە كەوشەكانییەوە دەكات. بەردەوام زیكری هەڵمژینی ئەو دەكات. ئەوەش ئاساییە كە بۆنكردن هەستێكی هەرە باڵای سەگە و لە ڕێگەی بۆنكردنەوە جیهان و  دەروروبەر دەناسێت و دەستنیشانی دەكات، بەڵام لە كولتووری ئێمەدا كەوش هەرگیز بۆنێكی خۆشی نەبووە. بۆنی كەوشی ژنەكەی قوباد، ئەوەندە خۆشە كە ناهێڵێت سەگەكە لەكاتی پشوودانیشدا ئۆقرە بگرێت. لێرەدا بۆنكردن هەر بۆنكردن نییە، بەڵكو هەڵمژین و هێنانەناوەوە و بە هیی خۆكردنیشە. قوباد دەیەوێت پەیوەندیی ئێمە بە ژنەوە وەك پەیوەندی سەگ بە بۆنكردنی كەوشەكانەوە لێبكات .

٧
بۆ ڕووبارم گێڕایەوە
کە؛
چۆلەکەکە .
شنەکە .
درەختەکە .
بارانەکە .
مانگەکەو
سەگەکە؛
منم
من !!


(من)ێك جیهان لە خۆیدا گل دەداتەوە. فرەیی دەهێنێتە ناو یەكایەتییەوە. یاخود یەكایەتی بەسەر فرەیی و هەمەڕەنگییدا دابەش دەكات. ئەمە ئەو جۆرە شیعرەیە كە ستایشی جیاوازیی دەكات، پێمان دەڵێت ژیان لە جیاوازییدایە و پێویستە (من)ی  ئێمە شوێنی ئەم جیاوازییە بێت. لەوێشەوە (من) نەك هەر لەتوپەت نابێت، بەڵكو خۆی دروستدەكاتەوەو لە (من)یكی خۆپەرستەوە دەبێتە (من)ێكی عاشق و ژیانویست. لە (من)ێكی بچووكی ناو جەستەیەكی مەرگینەوە، دەبێتە (من)ێكی گەردوونیی و دەفرێك كە جێی ئەو هەموو جیاوازییە ببێتەوە. شیعرەكە سەرەپا ڕوانگەیەكی ئەویترویستانە و ژیاندۆستانە و مرۆڤدۆستانە دەخاتە ڕوو. دەقێكە ئەڤین دەكاتە وزەیەكی بەگەڕخەری ژیان و (من)ی پێ پڕ دەكاتەوە لە بەردەوامی. دوایی هەموو ئەمە دەداتە دەست گۆڕان و جووڵە، دەیداتە دەم ڕووبار و چیرۆكەكە هەمووی بۆ ڕووبار دەگێڕدرێتەوە. وێنەی ڕووبار لێرەدا جوڵەی بەردەوام و ڕەوانییمان بیر دەخاتەوە و هیراكلیسییانە بوون پێناسە دەكاتەوە. شاعیر لە گوێی ڕووبارێك دەبینین نەك بۆ هەڵڕشتنی خەم و دەردەدڵی، بەڵكو بۆ سازدانەوە و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی جیهان و پەیوەندییەكان. (من) خۆی بەتاڵ ناكاتەوە، بەڵكو خۆی پڕ دەكاتەوە. پێویستی ئەم جۆرە شیعرە لە ڕۆژگاری ئێستادا، هەر تەنیا خەیاڵێكی شاعیرانە و زمانبازیی شاعیرێك نییە، هێندەی ئەوەی هەستكردنە بە ئاراستەی سڕینەوەی جیاوازیی و هەوەسییبوونەوەی عیشق و بەتاڵبوونەوەی خود لە وزە نەمرە ژیانویستییەكەی. شاعیرەكە ئەم وێنانە دەسازێنێت، تا لەو مەترسییەمان ئاگادار بكاتەوە.

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement