655 کەلتور

ڕووبەری شیعر نووسین

10:18 - 22/11/2020

  حسێن لەتیف

 

ڕووبەر، زاراوەیەکە لە دونیای شانۆدا گرنگی خۆی هەیە، گرنگی زۆریشی هەیە. هێزی هونەری هەر نمایشێک بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ڕوو بەردا، چۆن دەرهێنەر ڕووبەر بەکار دەهێنێت. چۆن موفرەدەکان لەسەر شانۆ دابەشدەکات. دابەشکردنی موفرەدەکان لەسەر شانۆ پێمان دەڵێت لەوێدا شتێک دەگوزەرێت، ڕووداوێک ڕوودەدات. ئەنتونان ئاڕتۆ لە مامەڵەکردن لەگەڵ شوێن یان ڕووبەردا، دیواری چوارەمی ڕووخاند، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە کە نومایشی لەسەر ستەیج گواستەوە بۆ ناو بینەران و هۆڵ، بەڵکو لەوەش زیاتر ڕووداوی دابەشی ناو تەواوی هۆڵ کرد، یەک گۆشە نامێنێتەوە ڕووداوێکی تێدا ڕوو نەدات، واتە لەهەر جێگەیەکەوە بنواڕیت تۆ نومایش دەبینیت،تەواوی هۆڵ دەبێت بە شانۆ و ڕووداوی تێدا دەقەومێت،هۆشی بینەرانیش دەبنە ڕووبەرێک بۆ کار لەسەر کردن.

 

لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووبەردا، لەگۆشەنیگای ئاڕتۆوە تەنها ڕووبەر شانۆی ڕووداو نییە،بەڵکو هۆشی بینەریش ڕووداوی تێدا دەقەومێت، واتە زیاد لە ڕووبەرێک هەیە بۆ پڕکردنەوە. هونەری شانۆ هونەری مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕووبەردا. ڕووبەرێکی ئەندازەیی کەخۆی لە هۆڵێک، باخچەیەک، ناو قیتارێک،دەبینێتەوە، ڕووبەرێکی نەبینراویش کە خۆی لە بیرکردنەوە و هۆشی بینەر دا دەبینێتەوە. مامڵەکردن بە ڕووبەری بینراوەوە لەپێناو خولقاندنی ڕووداودایە لەڕووبەری نەبینراوەدا. وەک ئۆگستۆ بوال لە وتاری ڕۆژی شانۆی جیهانیدا ئاماژەی بۆ کردووە شانۆ گۆڕانە.گۆڕان لە هۆش و بیرکردنەوەدا.ئەوەی ئۆگستۆ بواڵ بە گۆڕان ناوی دەبات لای ئەنتۆنان ئاڕتۆ دەبێتە توندو تیژیی. شانۆ هەمیشە پێویستی بە ڕووبەرە بۆ خولقاندنی گۆڕان و توندو تیژیی،چونکە گۆڕان و توندو تیژی لەبۆشاییدا ڕوونادەن.

*

ڕووبەر لە شیعر دا بریتییە لە سپێتی کاغەز ،گرنگی بەکارهێنانی سپێتی لە شیعر نووسین دا، هێندەی گرنگی ڕووبەرە لەشانۆدا.بەکارهێنانی سپێتی دەسەڵاتی شاعیرە، بەڵام شاعیری هونەرمەند دەتوانێت سوود لەو دەسەڵاتەی خۆی ببینێت. بەکارهێنانی سپێتی لە شیعر نووسین دا،ئیمتیازێکە بیری لێنەکراوەتەوە. * دێڕە شیعرێک لە ناوەڕاستی لاپەڕەیەک دەنووسین،یان لەگۆشەیەکی سەرەوە یان لەخوارەوە،دەبێت بیانووی خۆی هەبێت،وەک چۆن بوونی بووکەڵەیەک لە گۆشەیەکی دیاریکراوی ڕووبەری نومایش دا دەلالەتی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە دانای وشە لەهەر گۆشەیەکی لاپەڕەدا،دەبێت بیانووی خۆی هەبێت.

*

ئەپۆلینێر، دەستەواژەی جوگرافیای دەقی بەکار هێنا، بۆ پڕکردنەوەی سپێتی. * ڕووبەری نەبینراوی دەقی شیعر بۆ کار لەسەر کردن،سایکولوجیای مرۆڤە. ئەرستۆ زۆر بایەخی بە م داوە لە کتێبی هونەری شیعردا،لێ ئەنتۆنان ئاڕتۆ تا سەر ئێسک دژی ڕەهەندە سایکۆلۆجیەکەی شانۆی ڕۆژئاوایی بوو.

*

شانۆ شیعرە، شیعرێکە دەیەوێت هەرچی وزەیەکی هەیە لە گۆڕینی هۆشیاری بینەردا بەکاری بهێنێت. شیعر شانۆیەکە کار لەسەر هەست و سۆزی وەرگر دەکات.

*

بۆ ئەوەی وزەی شیعر بەهەدەر نەچێت، پێویستە دیدێکی ئەنتۆنان ئاڕتۆمان هەبێت،وەک چۆن ئەو لەنومایش دا تەنها نومایشی بۆ گرنگ بوو،هەموو شتە ناشانۆییەکانی بەلاوە دەنا، ئەاوەهاش پێویستە لەشیعردا تەنها شیعرمان بۆ گرنگ بێت، شیعرێک گۆڕان لە دەروون و هۆشی خوێنەردا بخولقێنێت. خولقاندنی گۆڕان لەڕێگای شیعرێتەوە بەرهەم دەهێرێت،بەرهەم هێنانی شیعرێتییش لەدەق دا بەتەنها بە وشە دوایەکخستن نییە،بەڵکو بەوەیە وشەکان لەکوێی کاغەزدا دوای یەک دەخرێن.

 

* شیعر یان ئەنتونان ئاڕتۆییە یان ئەوەی دەیخوێنینەوە شیعر نییە.!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن