2890 ئابوری

نرخی زێڕ نزمترین ئاستی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمارکرد

09:14 - 23/09/2020

"زەمەن"


نرخی زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و لە ئێستادا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ هەزار و ٨٧٨ دۆلارە، ئەوەش نزمترین ئاستە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان و کوردستاندا دابەزی و لە ئێستادا یەک ئۆنسە زێڕ بە هەزار و ٨٧٨ دۆلارە، لە کاتێکدا لە چەند رۆژی رابردوودا لە سەروی هەزار و ٩٦٠ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.

بەپێی ئاژانسە ئابورييە جیهانییەکان، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕیش بۆ ٦٠ هەزار و ٣٨٢ دۆلار دابەزیوە لە کاتێکدا پێشتر نزیکەی ٦٣ هەزار دۆلار بوو.

هاوکات، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەمشێوەیە:

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ١٨ بە ٢٧٨ ھەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٣٢٣ ھەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢٤ بە ٣٧٢ ھەزار دینارە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیادبوونی خواست لەسەری، نرخی زێر بەرزترین ئاستی لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا تۆمارکرد بەڵام لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکەدا بووەتە هۆی ئەوەی نرخی زێڕ پاشەکشە بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن