دیمانە

دوای 20 ساڵ مانەوە لە تاران هەموو شتێك لەگەڵ نازم دەباغ

04:12 - 13/09/2020 307 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن

20 ساڵە لە ئێران و هەرێم، چەندین حكومەت و سەرۆك وەزیران هاتوون و رۆیشتوون، تەنانەت سەردەمی پیاوە شەبحەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش قاسم سلێمانی كۆتایی هاتووە، بەڵام ئەو هەر لە جێی خۆیەتی.
نازم دەباغ، نزیكەی 20 ساڵە نوێنەرایەتی یەكێتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، هێشتا پێیوایە لە سیاسەتدا خاڵی كۆتایی نیە و دەیەوێت بەردەوام بێت.
"زەمەن" لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ نازم دەباغ، قسەی لەسەر مستەفا كازمی، یەكێتی و ئێران‌و حكومەتی هەرێم و پەیوەندییەكانی لایەنەكان لەگەڵ تاران كردووە.

زەمەن: وادیارە لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی نفوسی ئێران لەعێراق و هەرێمی كوردستان كەمبوەتەوە؟
نازم دەباغ: پێموایە نەمانی ئەو كاریگەری هەیە لەسەر شێوازی پەیوەندیكردن، چونكە ئەو راستەوخۆ پەیوەندییەكی باشی هەبوو، بەڵام لە هەمان كاتیشدا لە ئێران كەسێك دیاریكراوە بۆ راپەڕاندنی كاروباری عێراق ئەویش فەرماندەی قودسەو پیاوێكی شارەزا و لێهاتوو دانراوە، بەڵام ماویەتی بگاتە ئەو ئاستەی خوالێیخۆشبوو قاسم سلێمانی ئەنجامیدەدا، ئەمە بەشێكی هۆكارەكەیە.
بەشەكەی تریش گۆڕانكارییەكانە ئەو گۆڕانكاریانەی لە عێراقدا هاتونەتە پێشەوە، هەتاوەكو چەند ئێران گرنگی پێدەدات بۆ ئەوەی ئێران بێتەوە ناو كێشەكانەوە یاخود بێتە ناوەوە بۆ چارەسەری كێشەكان، یان وەكو نەیارانی ئێران دەڵێن دەستتێوەردان بكات، من وایدەبینم لەم قۆناغەدا ئێران بەشێوەیەكی گشتی و ئاشكرا بەشدار نابێت لە دیاریكردنی رووداوەكان.
زەمەن: ئەمریكا هۆكاری سەرەكی بەرتەسككردنەوەی چالاكییەكانی ئێرانە؟
 نازم دەباغ: من نازانم خۆ ململانێی ئێران و ئەمریكا تەواو نەبووە، هەردوولا بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان ئیش دەكەن، بەشێكی تری بەستراوەتەوە بە سیاسەتی لایەنە سیاسیەكان و حكومەتی عێراقی تا چەند پشت بە رۆڵی ئێران دەبەستن.
زەمەن: مستەفا كازمی هاتوەتە سەر حكوم وا دەردەكەوێت سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز بێت ئەمە تا چەند لەلای ئێرانییەكان جێی دڵخۆشیە؟
نازم دەباغ: دانانی هەر سەرۆك وەزیرانێك لە عێراق بە دڵنیاییەوە بێ‌ پرس و راوێژكردن لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و سعودیە نەبووە، مستەفا كازمی كە هاتە ئێران لەسەر ئاستێكی باڵا پێشوازی لێكرا هەتا گەیشتە رابەری كۆماری ئیسلامی، تا ئەم خولەكە مستەفا كازمی جێی رەزامەندی زۆرینەی لایەنەكانە.
زەمەن: بەس وا قسە دەكرێت كە ئێرانییەكان كازمی بە پیاوی ئەمریكا دەزانن؟
نازم دەباغ: نا من هیچ كات هەستم بەوەنەكردووە، بەڵام ئەوەی هەستمپێكردوە لە كاتی هەڵبژاردنیدا جێگەی رەزامەندی هەردوو بەرەكە بووە.
زەمەن: وەكو كەسێكی بە ئەزمون لە ناو سیاسەتدا پێتانوایە كازمی سەركەوتوو دەبێت؟
نازم دەباغ: پێموایە ئەركێكی زۆری لەسەرە، بەڵام بەمشێوەیە كە خۆی تێكەڵ دەكات لەگەڵ خەڵك و شەقامی عێراقی، بەدڵنیاییەوە هاوكاری دەبێت بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسیەكان پشتیوانی نەبن ئەركێكی زۆری دەكەوێتە سەر شان.
زەمەن: سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
نازم دەباغ: یەكەمجارە بەشێوەیەكی وا راشكاوانە كەسێكی بەرپرس لەسەر ئاستی سەرۆك وەزیران لە عێراقدا بەو شێوەیە بە جورئەتەوە بێتە هەرێمی كوردستان و ئەو بەرنامەی كە خۆی هەیبوو جێبەجێیكرد، لە سەردانی مەرزەكان و شارەكان و كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان، ئەمە بە شتێكی ئیجابی حساب دەكرێت.
زەمەن: با بێینە سەر پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران بە هەمانشێوەی سەردەمی قاسم سلێمانیە؟
نازم دەباغ: پێموانیە گۆڕان بەسەر پەیوەندییەكاندا هاتبێت، تا ئەوەی دەگاتە ئاغای قائانی فەرماندەی قودس سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
زەمەن: بۆچی پەیوەندییەكانی ئێران زیاتر لەگەڵ حزبەكانە؟
نازم دەباغ: بەدڵنیاییەوە وایە، زۆرجار خۆشم وتومە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران لەرێی لایەنە سیاسیەكانەوە دەكرێت، نوێنەرایەتی هەرێم هەیە كارەكانی زیاتر بووەتە بە دواداچون بۆ كاری رۆژانە ئەگەر گرنگ بێت بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ناو ئێران.
زەمەن: كەسانی بەرپرس لە كاروباری دەرەوەی ئێران بەمزوانە هاتونەتە هەرێم؟
نازم دەباغ: پێموایە هەمیشە لە پەیوەندیدان، بەڵام بۆ راگەیاندن نەبووە.
زەمەن: بۆچی تائێستا هاوسەرۆكانی یەكێتی سەردانی ئێرانیان نەكردووە؟

نازم دەباغ: كات و ساتی نەهاتووە، با كات و ساتی بێت بەدڵنیاییەوە دێن، نەك هاوسەرۆكان ماوەیەكی زۆرە بەرپرسانی پارتی و كۆمەڵ و یەكگرتووش نەهاتوون، بەڵام لەم قۆناغەدا بەرپرسانی ئێران هەر لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ لایەنەكان.
زەمەن: نزیكی یەكێتی و كۆمەڵ شتێكی روونە، بەڵام ئێوە باسی پارتی و یەكگرتووش دەكەن؟
نازم دەباغ: نەك پارتی و یەكگرتوو، سۆسیالیستیش هەموویان لە پەیوەندییەكی باشدان، ئەگەر هەموویان پەیوەندییان لەگەڵ یەكێتی و كۆمەڵ باشتر نەبێت خراپتر نیە.
زەمەن: وەكو كەسێكی بە ئەزمون ئەم سیستەمی هاوسەرۆكییەی یەكێتی بەلای ئێوەوە گونجاوە؟
نازم دەباغ: دەبێت ئێمە رێز لە بڕیاری كۆنگرە بگرین ئەگەر هاوسەرۆكی سەركەوتوو بێت یاخود سەركەوتوو نەبێت، بەڵام كە كۆنگرە پەسەندی كردووە دەبێتە گونجاو، لە ئەنجامی كاركردنیان دەردەكەوێت كە ئایا ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتووی تێدەپەڕێت، تائێستا هاوكارییەكی باش هەیە لە نێوانیاندا.
زەمەن: ئەم یەكێتیە ئێستا هەمان یەكێتیەكەی سەردەمی مام جەلالە بۆ ئێران یاخود نا؟
نازم دەباغ: سیاسەتی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و یەكێتی هەمان سیاسەت و پەیوەندییەكەی سەردەمی مام جەلالە بۆ ئایندەش هەمان سیاسەت دەبێت.
زەمەن: سەرنجی ئێوە لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چیە؟
نازم دەباغ: من نوێنەری خەڵك نیم، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانم، ناڕەزایەتی هەیە بەڵام هەوڵ و كۆششی حكومەتیش هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
زەمەن: دوای جوڵەكانی كازمی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران هەروەكو جاران دەبێت؟
نازم دەباغ: گۆڕانكاری ئەگەر بەرەو باشتر نەبێت بەرەو خراپی نیە، سەردانەكانی بۆ ئەوە نەبوون ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران و توركیا رابگیرێت، بۆ ئەوەیە زیاتر رێكبخرێت و بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی.
زەمەن: ئەوەندەی ئێوە ئاگاداربن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران چەندە؟
نازم دەباغ: بەپێی هەندێك داتا ساڵانە دەگاتە سەروو چوار ملیار دۆلار.
زەمەن: ئێوە چەند ساڵە لەو پۆستەدان و هیچ بەرنامەیەك هەیە بۆ گۆڕانكاری؟
نازم دەباغ:  خۆ لە سیاسەتدا كۆتایی نیە، لە سیاسەتدا تا ئەو كاتەی زیندوی گەلەكەت و شۆڕشەكە پێویستی بە تۆبێت هەیت، من بە نوێنەرایەتی یەكێتی و حكومەتەوە نزیكەی 20 ساڵە ماوەی خەباتی خۆشم حساب بكەیت لە ساڵی 1986ەوە لە پەیوەندییەكانی یەكێتی بووم.
زەمەن: حكومەتی هەرێم هاوكاریتان دەكات یاخود یەكێتی؟
نازم دەباغ: حكومەتی هەرێم بودجە دەنێرێت بۆ نوێنەرایەتی تاران، ئێمەش وەكو هەموو دامودەزگاكانی حكومەت دواكەوت و لێبڕینی موچەیە دەمانگرێتەوە و كێشەمان هەیە لەوەدا.
زەمەن: ئێستا دەزگای هەواڵگری توركیا میت، لە هەرێمی كوردستان چالاكە، ئێوە سەرنجتان لەسەر ئەمە چیە؟
نازم دەباغ: من دەڵێم كێ چالاك نیە لە هەرێمی كوردستان، ئەمریكا و فەرەنسا و توركیا ‌و ئێران هەموویان چالاكن، ئەمەش بەندە بەو سیاسەتەی لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرس تاكەی تا چ سنورێك رێگە بە چالاكییەكان دەدات.
زەمەن: جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان هەموو لایەنەكان نوێنەرایەتیان لە توركیا و ئێران هەیە ئەمە هۆكاری دەستتێوەردانەكانی ئەوان نیە؟  
نازم دەباغ: پێموایە گۆڕانیش پەیوەندی هەیە.
زەمەن: بەڵام هیچ نوسینگەیەكی نوێنەرایەتی نیە؟
نازم دەباغ: زەمەنی رەحمەتی كاك نەوشیروان هاتن بەڵام وابزانم لەسەر ئەوە رێكنەكەوتن كێ‌ ببێتە بەرپرسی نوسینگەكە، بەڵام هەر بەرپرسێكی ئێرانی كە دێتە كوردستان وەك چۆن سەردانی یەكێتی دەكەن بە هەمانشێوەش سەردانی گۆڕان دەكەن.
زەمەن: ئێوە كە نوێنەری حكومەتن ئیتر بۆچی دەبێت حزبەكان نوسینگەی نوێنەرایەتیان هەبێت؟
نازم دەباغ: یەكێتی و پارتی نوسینگەكەیان لەناو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمدایە، بەڵام پەیوەندییەكان هەر هەن، چونكە ئێرانیش بەهەمانشێوەی توركیا وەكو قەوارەیەك ئیعتراف بە هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵام هاوكارە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ نوێنەرەكەی لە تاران، حزبەكان هەرێمی كوردستان تا ئێستا هەوڵیاننەداوە پەیوەندییەكان لە رێگەی یەك كەناڵەوە بێت ئەویش حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement