1599 کەلتور

لە نێوان دێڕەکانی (کچانی دووکەڵ و ئاگر)دا

02:12 - 04/07/2020

د. گۆران سەباح

 
کەم ڕۆمان هەیە لە یەکەم دێڕەوە سەرنجت پەلکێش بکات. (كچانی دووکەڵ و ئاگر)ی ئاڤە هوما یەکێکیانە.


ئافرەتێک بتەنێ لەسەر چیا لە کاتی خۆرئاوابووندا.


کێشی ئەم دێڕە هێندە گرانە ناچارت دەکات بەردەوام بی لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە. لەم پاڕستەیەدا، ئاڤە کارەکتەرێک، شوێنێک و کاتێکمان پێشکێش دەکات. وشەی (ئافرەت) هێزی زیاتر دەدات بە کات و شوێنەکە. وەک ڕۆماننووسێک، دەتوانم بڵێم ئەو پاڕستەیە وەها بە ئاسانی بەرجەستە نەکراوە، لەوێوە تۆن و تام و توخمەیلی سینەمایی ڕۆمانەکە دەست پێ دەکەن.


(کچانی دووکەڵ و ئاگر) گێڕانەوەیەکی ڕاستەقینە و بە ئازارە، چیڕۆکی شاراوە و بایەخدار دەگێڕێتەوە کە لەلایەن خانەیلی چاپی لۆکالی و رۆئاوایی هاتوونەتە پشتگوێخستن.
ڕۆمانەکەی ئاڤە، یەکەم ئەزموونیەتی، واقیعێکە بۆ جیهانە دیستۆپییەکەی ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆروێل. سیستمی کۆنتڕۆڵکردن، چەشتنی ئازار، دیکتاتۆری و سیاسەت لە ڕۆمانی (١٩٨٤)دا واقیعی نین، بەڵام لە (کچانی ئاگر و دووکەڵ)دا واقیعین. ئەمە گرانایی دەخاتە سەر بوێریی ئاڤە بۆ باسکردنی ئەو بابەتە هەستیارانە. وەک (چیا) لە ڕۆمانەکەدا دەڵێت، "دەبێ ئەوەم لە بیر بێ وشە گوناهە . . . بیرکردنەوە تاوانە . . .نووسین دژی خودایە و قسەکردن تیرۆرە." ‌هەروەها لەیلا دەڵێت، "هەر نیشتمانمان داگیر نەکراوە، بگرە خودی خۆشمان دەستی بەسەردا گیراوە."


بێ لە فرە شوێنی (مەریوان، تاران، هەڵەبجە، قەندیل، کەنەدا و تاد.)، ڕۆمانەکە فرە تێمایە. ئازاری ئافرەت لە ژێر چەپۆکی ئایین، وڵاتێکی ئایینی و پیاوسالاری، ناڵەی کوردی بێ دەوڵەت، بەسیاسیکردنی ئایین، تابۆی کۆمەڵایەتی و کولتووری، بەهای خێزانی، پیسیی سیاسەتی پاکتاوکردنی رەگەزی، هەموو ئەمانە و زیاتریش لە خۆ دەگرێ. (دەوڵەمەند) ئەو وشەیە دەتوانم ڕۆمانەکەی لە هەموو دیدێکەوە پێ وەسف بکەم. ڕۆمانێکی دەوڵەمەندە.


هۆی تر هەن وات لێ دەکەن هەر دەبێ ئەو ڕۆمانە بخوێنییەوە. زۆربەی چیڕۆکەکە لەیلا دەیگێڕێتەوە بە شێوازی کەسی یەکەم و دەمی رابردوو. بەشێکی چیا دەیگێڕێتەوە، کەسی یەکەم و دەمی رانەبردوو. هەندێ بەشیش کەسی سێیەم بە دەمی رابردوو. لەبەرئەوەی یەکێک لە ئەرکەیلی دەمی رانەبردووی سادە بۆ کاری دووبارەبوونەوەیە، سەرنجڕاکێشتر دەبوو بێو هەموو ڕۆمانەکە بە دەمی ڕانەبردووی سادە بهاتبا گێڕانەوە، چونکە ئەو ئازارانەی هوما باسیان لێوە دەکات ئێستەش بەردەوامن.


زمانی تێکستەکە هۆکارێکی ترە. بێ لە تێماکان و گێڕانەوەکە، من چێژم لەو زمانەش وەرگرت ئاڤە چیڕۆکەکەی پێ چنیوە. سادەیە بەڵام دەوڵەمەند، روونە بەڵام قووڵ. فەلسەفەی زمان، هەردەم دەڵێم، لە سادەییەکەیدایە. ئەستەمە بابەتگەلێکی وەها ئاڵۆز و دژوار بە زمانێکی وەها نەرم بێنە باسکرن. بەڵام ئاڤە وەستایانە وای کردووە. ئەی ئەگەر زمانەکە ئیگلیزی بێ؟ ئەوە هەر باس ناکرێ چونکە نووسینی ڕۆمان بە زمانی دایک ئاسانترە لەوەی بە زمانی دووەمت بینووسی. ئینگلیزییەکەی ئاڤە، کە زمانی سێهەمیەتی دوای کوردی و فارسی، هاوشانی ئینگلیزیی پاولا هۆکین، کۆلین هووڤەر و جومپە لاهیرییە.


ریتمی ڕۆمانەکە خێرایە و بە یەک دانیشتن تەواوی دەکەی. بەشی کورت، پەرەگرافی کورت، ڕستەی کورت. وێڕای خێراییەکەی، ناوە ناوە شتێکی چاوەڕوەننەکراو (تویست) ڕوو دەدات، ئەمەش وات لێ دەکات چیڕۆکەکە و کارەکتەرەکانت خۆش بوێت.


ئەم چیڕۆکە زۆر شتت بیر دێنێتەوە: کولتور، خەبات، خواردن، سروشت، ژیانی رۆژانە، کەسایەتیی و پرس و ئازارەکانی گەلی کورد. لە رووی ناساندنی پرسی کوردەوە بە دنیا، ئەم ڕۆمانە زیاتری کردووە لەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سی ساڵی رابردوو پێی نەکراوە.


لەیلا، لە شەش ساڵییەوە دەناڵێنێت بە دەستی پێودانگی ئایینی و حیجابەوە، دەست لە خەونی بوون بە دەرهێنەر هەڵدەگرێت و سۆراخی براکەی (چیا) دەکات کە لە تاران بزر دەبێت. هاوڕێیەکی نیوە کوردی فارس-کەنەدی دێتە فریای. ڵەیلا تژییە لە ترس و هیوا. ئاڤە هێزی ئافرەتی کوردمان پێ نیشان دەدات، هەرچەندە رێژەیەکی بەرچاو ساڵانە خۆیان دەسووتێنن. لەیلا دەڵێت، "کاتێ کورد سەرکردە و حوکمڕانی ئافرەتی هەبووە، تورک و فارس نەیانبووە، بەڵام ئەو رێژە زۆرەی خۆکوشتن بە ئاگر لەپای چی؟ چی بەسەر ئافرەتی کورددا هاتووە؟"


توانستێکی بەهێزی گێڕانەوەی دەوێ تا بابەتگەلی ئاڵۆزی چوار دەیە لە ڕۆمانێکی کورتدا بگێڕیتەوە. ‌هەر ڕستەیەک، پەرەگرافێک و بەشێک زانیاری نوێت پێ دەدەن. وەک لەیلا دەڵێت، "تراژیدی لە تای تەرازوو نایەتە کێشان"، بەڵام ئەم ڕۆمانە پێت دەڵێ تراژیدیای واقیعی چۆنە.

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن